قەرەیلان: گەریلای سەدەی ٢١ دەخوڵقێنین

قەرەیلان فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندیى پاراستنى گەل رایگەیاند "لە کوردستاندا هێڵ و مۆدێلی گەریلا سەدەى ٢١ یان خوڵقاندووە. لەو بوارەدا ئێمە شەفاف و پێداگرین".

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندى پاراستنى گەل (نەپەگە - NPG) لەبارەى پرۆژەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد، کە لە کۆبوونەوەى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)دا بڕیاری لەسەر دراوە.

قەرەیلان رایگەیاند، گەریلا هەموو کات بە هەبوونی خۆی بووەتە ئاکتۆرێکى بنەڕەتی کە چارەسەریى کێشەى کورد و بە دیموکراسیکردنى تورکیاى سەپاندووە.

راشیگەیاند "ئەگەر هێزەکانى گەریلا تاوەکو ئێستا پاکتاوبکرانایە ئەوا هەم رێگای گفتوگۆکان لەبارەى بە دیموکراسیکردنى تورکیا دادەخران و هەم کێشەى کورد بە تەواوی لە رۆژەڤ دەهاتەدەرەوە و سیاسەتى کوشتار و سڕینەوەیان بە ئاسانى جێبەجێ دەکرد".

قەرەیلان وتى "لەم سەردەمەشدا ئەگەر گەریلا نەبێت، ئاکەپە کە هەموو شتێکى خستووەتە دەستى خۆی، سیستمەکەی خۆی دەچەسپێنێت و هیچ لەمپەرێک بۆ بە دامەزراوەیکردنى فاشیزم بۆ چەندین ساڵ لە بەردەمیدا نامێنێتەوە. بۆیە هێزى گەریلا هەر چۆن پێشتر پێشەنگایەتیى بۆ تێکۆشانى ئازادیى گەلی گەلی کورد و تێکۆشانى دیموکراسیى لە دژی فاشیزم ئەنجامداوە، ئێستاش هەمان رۆڵی پێشەنگانەى خۆی دەگێڕێت".

لە شەڕی زەمینیدا بێچارەبوون و قورساییان خستووەتە سەر تەکنەلۆژیاى جەنگی

موراد قەرەیلان فەرماندەى بڕیارگەی ناوەندیى نەپەگە ئاماژەى بە تایبەتمەندیى گەریلاکانى کوردستان کرد و و لەبارەیەوە وتى "گەریلاکانی کوردستان گەریلای ئایدۆلۆژیک و سیاسەتن. گەریلاکانى کوردستان پێکهاتەیەک نین کە وەک گەریلا لە هەندێک وڵاتى تردا کاری پێشەنگایەتییان لە رووی سەربازی و ئایدۆلۆژییەوە لە یەک جیا بێت، بەڵکو گەریلاکانى کوردستان پێشەنگی گشتیى شۆڕشن و نوێنەرایەتیى سەربازی و ئایدۆلۆژی و سیاسەتیان لە ئەستۆیە".

قەرەیلان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی "دەوڵەتى تورک لە شەڕی زەمینیدا لە دژی گەریلا بێچارە بووە، بۆیە ئێستا بە قورسی شەڕ بە هێزە تایبەتەکانی، بە کاری سیخوڕی و هەواڵگری، بە تەکنەلۆژیاى سەربازی و شەڕی دەروونی بەڕێوەدەبات".

دەوڵەتى تورک ناوێرێت سوپاکەى بچووک بکاتەوە

قەرەیلان سەرنجی خستە سەر هەوڵی دەوڵەتى تورکیا بۆ مۆدێڕنیزەکردنى سوپاکەى و راگەیاند، بۆ مۆدێڕنیزەکردن پێویستیان بە بچووکردنەوەى سوپاکەیان دەبێت، بەڵام ناوێرن ئەو کارە بکەن.

قەرەیلان لەوبارەیەوە ئەوەشى وت "لەوە ئاگادارن ئەگەر سوپاکەیان بچووک بکەنەوە بۆشاییەک دروست دەبێت. لە زۆرێک لە ناوچەکانى کوردستان ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار سەربازیان هەیە. لە هەموو شوێنەکان و ناوچەکاندا سەربازیان جێگیرکردووە. تەنها سەیرێکى ئەلکێ، چەلێ، شەمزینان و شرنەخ بکەن. لە هەموو شاخ و گردەکانى دەرووبەری ئەو ناوچانەدا یەکەى سەربازییان جێگیرکردووە. ژمارەى دانیشتوانى چەلێ ٩ هەزار کەسە، بەڵام ژمارەى سەربازەکانى دەورووبەری چەلێ ٢٤ هەزار سەربازن. بۆ ئەوەى رێگری لە چوونى گەریلا بۆ ناو شارەکان بکەن، شاخ و گردەکانى دەورووبەری شارەکانیان بە سەرباز تەنیوە. تەنها بەوەشەوە نەوەستاوە کە سەرباز لەسەر شاخ و گردەکان جێگیر بکەن، بەڵکو لەمدیو و ئەودیوی گردەکان و لە دامێنى گردەکانیش دا سەربازییان جێگیرکردووە... هتد، بۆیە پێویستیان بە دەیان هەزار سەرباز هەیە. باش لەوە ئاگادارن ئەگەر ژمارەى سەربازەکانیان کەم بکەنەوە  گەریلاکانى پەکەکە شوێنەکانیان پڕ دەکاتەوە و ئەو ناوچانە دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و چالاکى ئەنجام دەدات و ئیتر لەو ناوچانەدا بۆ هەمیشە جێگیر دەبن. لەبەر ئەوەش سوپاى تورکیا خۆی لە قەرەى کەمکردنەوەى ژمارەى سەربازەکانی نادات، لەبەر ئەوەى ناتوانێت ژمارەى سەربازەکانى کەم بکاتەوە ناشتوانێت سوپاکەی مۆدێڕنیزە بکات. پرۆسە مۆدێرنیزەکردنی سوپا پێویستى بە کەمکردنەوەى ژمارەى سەربازەکان و سوپایەکى بچووک و تێچوو و خەرجێکى زۆر هەیە".

هێزە میلیشیاییەکانی دەوڵەتى تورکیا

موراد قەرەیلان رایگەیاند، لە بریى ئەوە هێزى میلیشیاییان دامەزراندووە و ناویان ناوە هێزی جوڵەى تایبەتی جەندرمە (JOH)، کە بە پارە و بۆ پارە شەڕ دەکات.

قەرەیلان راشیگەیاند، هێزێک تەنها بۆ پارە شەڕ بکات ناتوانێت قورسایى شەڕ هەڵگرێت. کاتێک هەڕەشەى لەسەر بێت لەبەر یەک هەڵدەوەشێت و رادەکەن. ئەو راستییە لە گۆڕەپانى شەڕ و لە کاتى چالاکیى گەریلادا دەبینین. ئەو هێزە لە شەڕی زەمینیدا لە دژی گەریلا تێکشکاوە.

قەرەیلان ئەوەشى راگەیاند "سوپاى تورکیا لەبەر ئەو تێکشکاندنەی قورسایى خستووەتە سەر شەڕی ئاسمانی. ئەوەى سوپاى تورکیا لە ئێستادا ئەنجامى دەدات بەو جۆرەیە. ژمارەى سەربازەکانى وەک خۆی ماونەتەوە. هێزی میلیشیایشی وەک پینەکردن بۆ سوپاکەى زیادکردووە. هەوڵ دەدات بە شەڕی ئاسمانی خۆی لە بنبەست رزگار بکات. یانى پشتبەستووە بە کاری هەواڵگری و سیخوڕی و تەکنەلۆژیای سەربازی و لەو رێگەیەوە دەیەوێت ئەنجامێکى دەست بکەوێت، چونکە ئیرادەیان لەشەردا بەرامبەر بە گەریلا زۆر تێکشکاوە".

سوپاى تورکیا و ستراتیژییەکەى بێچارەکران

فەرماندە قەرەیلان ئەوەشى خستەڕوو "گەریلا شێوە و شێواز و تەکنەلۆژی شەڕی هەیە و دەتوانێت شێوازى هەواڵگری و سیخوڕیى و تەکنەلۆژیاى دەوڵەتى تورک پووچ بکاتەوە. ئێمە ئێستا لەسەر ئەوە رادەوەستین. لەبەر ئەوەش ئەو شێوازانەى ئەوان لە بەرامبەر گەریلادا بێکاریگەر دەبێت. بێچارەیى و ناکەریگەری لە زۆر روو و لە زۆر گۆڕەپاندا بەسەر دەوڵەتى تورک دا سەپێنراوە. سوپاى تورک و ستراتیژییەکەى لە بەرامبەر گەریلادا بێچارە بووە. سوپاى تورک لە شەڕی وشکانیدا لە بەرامبەر گەریلادا تێکشکاوە، بۆیە هەموو قورسایى و توانای خۆی خستووەتە سەر شەڕی ئاسمانی".

پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا سەرلەنوێ بونیاتنانەوە دەسەپێنێت

قەرەیلان ئەوەى بیرخستەوە، کە سەردەمی ئێستا سەردەمی زانستی و تەکنەلۆژیا و سەردەمى پەیوەندییە لە رێگەى دوور و ئاسمانەوە. لەبەر ئەوەش هەر نوێکردنەوەیەک شتی نوێ لەگەڵ خۆی دەئافرێنێت و ئەوەش سەرەتا لە شەڕدا بەکار دەهێنرێت. لە گۆڕەپانى سەربازیدا بەکاردەهێنرێت و تاقی دەکرێتەوە. پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا کاریگەری لە هەموو ئاستەکانى ژیان دروست دەکات. زۆرترین کاریگەریش لەسەر شەڕ دروست دەکات. ئەو دۆخە سەرلەنوێ بونیاتنانەوە بەسەر هەموو سوپایەکدا دەسەپێنێت".

سەرلەنوێ رێکخستنەوەى گەریلا

موراد قەرەیلان فەرماندەى بڕیارگەی ناوەندى نەپەگە ئەوەشى راگەیاند "بزووتنەوەکەمان بەپێشبینییەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد خۆی لە رووی پارادیگماوە نوێکردووەتەوە. ئەوەش ئاڤانتاژ و لە پێشدابوونێکی گەورەی بە ئێمە بەخشیوە. ئێمە هەموو کات هەوڵمانداوە بابەتى نوێبوونەوەى رێبازی گەریلا لە رۆژەڤماندا بێت، بەڵام ئەوە دوو ساڵە پرۆژەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوە بە چڕی لە رۆژەڤی هەپەگەدایە و لە ئەنجامیشدا لە دوایین کۆبونەوەى هەپەگەدا بڕیار لەسەر نوێبوونەوە درا. ئەو پرۆژەیە هەر وەک پێشتر تەنها بۆ پەروەردەکردن، بە پسپۆڕیکردن و خوڵقاندنی گەریلاى شارەزایە. بێگومان شارەزاکردن ئامانجێکى بنەڕەتییە، بەڵام ئامانجی سەرەکی گۆڕینى مۆدێلی گەریلای چین – ڤێتنامییە، کە لە ئێمە لە ساڵی ١٩٨٤ تاوەکو ١٩٩٩ بەڕێوەمان برد و دوای ساڵی ٢٠٠٠ هەوڵماندا بیگۆڕین. دەمانەوێت بەو پرۆژەیە هێڵ و مۆدێلی نوێى سەدەى ٢١ بۆ گەریلا لە کوردستان بخوڵقێنین. پرۆژەکە بۆ ئەوەیە گەریلایەتیى کلاسیک بە تەواوی بگۆڕدرێت. سیستم و شێوازی شەڕ، جموجوڵی،  جێگیربوونی و بە رێکخستن بوونی بگۆڕدرێت و گەریلا سەرنوێ بئافرێنرێتەوە. بێگومان ئەو پرۆژەیە پشتبەستوو دەبێت بە ئەزموونی ٣٤ ساڵی گەریلایەتی و ئێستا لە رۆژەڤماندایە. بەوەش ئێمە گۆڕانکاریى بنەڕەتى لە شێوازی  شەڕ، شێوازى جموجوڵ، شێوازی خۆجێگیرکردن دا ئەنجام دەدەین. ئامانجمان ئەوەیە هێزێکى گەریلا بئافرێنین، کە بتوانێت لە بەرامبەر تەکنەلۆژیاى سەردەمدا رابوەستێت و هەواڵگری و تەکنەلۆژیاى دوژمن پووچ بکاتەوە و بتوانێت تەکنیک و تاکتیک بە بەهێزی و شارەزایانە بەکاربهێنێت. لەو رێگەیەوە بەرەو سەرکەوتن بڕوات. مەبەستمان لە گەریلاى سەدەی ٢١ ئەوەیە".

قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد "لەو بابەتەدا شەفاف و پێداگرین. ئێمە لەسەر بنەمای ئافراندنی گەریلاى سەرکەوتوی کوردستان رادەوەستین و ئێستاش هەوڵ دەدەین بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە".

گەل و گەریلا پێکەوەن

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد "ستراتیژییان تێکۆشانی ستراتیژیى گەلی شۆڕشگێڕە. لە ستراتیژیى شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا گەریلا تەنها نییە. لایەکی ئەو تێکۆشانە گەلە. دەبێت مرۆڤ پێکەوە بیر لە گەل و گەریلا بکاتەوە و گەل و گەریلا پێکەوە بیر بکەنەوە. لە دوکتۆرین و تێزەکەماندا بۆ شەڕ، سێ لەسەر چواری بناغەى شەڕەکەمان بەمشێوەیە دەبێت. گەریلای پرۆفیشناڵ، خۆپاراستن، جوڵەى گەل و بەکارهێنانى گەورە شارەکان. لە چوار ئاکتۆرە بنەڕەتی و سەرەکییەکەى دوکتۆرینەکەمان لەشەڕدا، گەریلا هێزی پێشەنگ و بنەڕەتى و سەرەکی دەبێت".

موراد قەرەیلان فەرماندەى بڕیارگەی ناوەندی پاراستنى گەل (نەپەگە) ئەوەشى وت "لە هەوڵداین بۆ بونیاتنان و چەسپاندنى پرۆژەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى گەریلاکانى ئازادیى کوردستان و هەوڵ دەدەین ببینە هێزی سەرەکی. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە لەو رێگەیەوە دەتوانین ئەرکی سەر شانمان بۆ سەردەمێ نوێ جێبەجێ بکەین تاوەکو ببینە وەڵامدەری چاوەڕوانییەکانى رێبەر ئاپۆ، شەهیدە قارەمانەکانمان، گەلەکەمان و دایکانمان. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە گەریلا رووی لە سەرکەوتنە و بە دڵنیاییەوە دۆزی ئازادی سەردەخات".

ر.م