قەڕەیلان: ئامانجی ستراتیژی ئەنقەرە بێپێگەهیشتنەوەی کوردە

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ستراتیژی تورکیا بێپێگەهیشتنەوەی کوردە و ئاماژەی بەوەدا ڕژێمی ئەنقەرە لە سوریا لە ناو شەڕدا نییە، بەڵکۆ لەناو زونگاودایە.

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤیدا هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و ستراتیژیەکەی لەدژی گەلی کورد شیکردەوە.

قەڕەیلان ڕایگەیاند، ئەردۆغان بڕیاریدا دەسەڵاتداری و سیستمی خۆی بە دوژمنایەتی کورد بەردەوامی پێبدات و وتی، "بەو هۆیەوە ئێمە دەتوانین بڵێین، لە ناو سەرۆک کۆمارە داگیرکەرەکاندا، لە هەموویان زیاتر تەیب ئەردۆغان دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات. لە ناو مێژوودا کەسانی وەک سەدام حسێن کە کۆمەڵکوژیان کرد هەن. سەدام حسێن دوژمنێکی گەورەی گەلی کورد بوو، کۆمەڵکوژی ئەنفاڵ و کیمیابارانی هەلەبجەی کرد. بەڵام ئێستا ئەردۆغان سەدام حسێنی تێپەڕاندووە. سەدام بە تەنها لە ناو خاکی عێراقدا هێرشی دەکردە سەر کورد. بەڵام ئەردۆغان ئیستا بە شێوەیەکی ستراتیژیک نزیکی کورد دەبێت. سەدام حسێن یەکسەر کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدا. بەڵام ئەردۆغان بە ژیرانە و بە پلان کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات. هەروەها دەیەوێت ستراتیژی هەبوونی گەلی کورد لەناوببات و دەیەوێت ڕژێمی قڕکەر سەردەست ببێت."

قەڕەیلان کۆمەڵکوژی ژیرزەمینی جزیری وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، ئەردۆغان گەورەترین دوژمنی کوردە.

ئامانجی ستراتیژی ئەنقەرە بێپێگەهیشتنەوەی کوردە

قەڕەیلان ئاماژەی بە شەڕی هەرێمەکەدا و وتی، " ئێمە ئەم شەڕە وەک جەنگی سێیەمی جیهان پێناسە دەکەین. لەبەرئەوەی شەڕی جیهانە و بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوەدەبرێت. هەموو کەسێک لەو بڕوایەدایە دوای ئەم شەڕە ناوچەکە بە شێوەیەکی جیاواز دیزاین دەکرێتەوە. پێشبینیەکان ئەوەیە کورد بە شێوەیەکی باش لە ناو هاوکێشەکاندا جێی خۆیان بگرن. دەوڵەتی تورک بۆ سوودوەرگرتن لەم قۆناغە دوو ستراتیژی هەیە. یەکەم ئەوەیە، کورد لە ناو دیزاینە نوێکەدا جێی خۆیان نەگرن. ئامانجی سەرەکی تورکیا ئەمەیە. لەبەرئەوەش دەستی بە پلانێک کردووە. لەسەر بناغەی ئەو پلانە دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بکاتەوە. شەڕ لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیا بەڕێوەببات و ڕیگا لە پێگەی کورد بگرێت. ئەمە ستراتیژی گشتی دەوڵەتی تورکە. ئامانجی دووەمینیش ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین جێگیر بکات. ئەمە ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی ئاکەپە مەهەپەیە بەڵام بە دەوڵەتی تورکیان داوەتە قبوڵکردن. لەبەرئەوەی بەیەکەوە لەناو پەیوەندیدان. لە سوریا و لیبیا و میسر بە پشتگیری بۆ ئیخوان موسلمین دەیانەوێت لەو وڵاتانە سەردەست ببن. ستراتیژی سەرەکیان لەسەر ئەم دوو خاڵەیە.

'ئەنقەرە دەیەوێت سوریا پارچە بکات و کۆنتڕۆڵی بکات'

قەڕەیلان وتیشی، شەڕی ئیدلب لەسەر ئەم بناغەیەیە. تورکیا دەستوەردانی لە سوریا کردووە. ٩ ساڵ لەمەوبەر ئەردۆغان دەیوت، 'دەچین بۆ شام و لە مزگەوتی ئەمەوی نوێژ دەکەین'. باخچەلی دەیوت، 'گەلەکەمان با ئامادە بێت دەچێتە شام'. ٩ ساڵ لەمەوبەر وایان دەوت. ئامانجیان پارچەکردنی سوریا و کۆنتڕۆڵکردنی سوریایە. لەبەرئەوەی ئەردۆغان خۆی وەک ڕابەری ئیخوان موسلمین دەبینێت دەیەوێت ئیخوانەکان لە وڵاتانی تر بکاتە دەسەڵاتدار و بەم شێوەیە لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. لەبەرئەوەش لەگەڵ قەتەر بە پارە، چەک و هاوکاری دەداتە ئیخوانەکان. قەتەر لەبەرئەوەی پارەی هەیە، ئەو کارە دەکات. بە پشتگیری ئیخوان موسلمین دەیەوێت لە داهاتوودا لە سەر دەسەلات بمێننەوە."

'حسابی قوڵی دەوڵەتی تورک لە سەر خاکی عەرەب'

قەڕەیلان راشیگەیاند لە لیبیا شتێک بە ناوی حکومەتی سەراج نەماوە و وتی، "ئەردۆغان بە ناردنی هێزەکەی هەوڵ دەدات سەراج لەسەر دەسەڵات بهێلێتەوە. ئەگەر حکومەتی سەراج لەسەر بەشێک لە لیبیا بمێنێتەوە، ئەوە وەک باکووری قوبڕس دەبێتە بەشێک لە تورکیا. ئەردۆغان چاوی لە نەوتی ئەوێیە. پلانی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیەیە. بەم شێوەیە دەست لە ئیرادەی گەلی عەرەب وەردەدات. ناردنی سەرباز بۆ لیبیا، شەڕکردن لە ئیدلب، هێرش لەدژی هێزەکانی سوریا، شەڕی دەوڵەتی تورکە لە دژی عەرەبەکان. لە چوارچێوەی خەیاڵی عوسمانیدا دەیەوێت ئیخوان موسلمین لەو وڵاتانە بکاتە دەسەڵاتدار و وڵاتانی عەرەبی داگیر بکات. لەبەرئەوەی خاوەن حسابی قوڵە لەسەر خاکی عەرەب."

'سیاسەتی ئەردۆغان تێکچوو و لەگەڵ ڕووسیا تێکیدا'

قەڕەیلان باسی ئەوەی کرد، لێرە ڕۆلی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی رووسیا و وتی، " شەڕی ئیدلب لەدژی ڕووسیایە، لە دژی سیاسەتی ڕووسیایە. ئەردۆغان دەیەوێت سوود لە پوتین وەربگرێت. لە سەر سوریا و وڵاتانی عەرەب ئامانجەکانی پێکبهێنێت. پوتینیش لە ڕاستیدا ڕێگای پێدا. ڕووسیا سەرەتا لە جەرابلوس و دواتر لە عەفرین و سەرێکانی و ئیدلب ڕێگای بۆ تورکیا کردەوە. دواتر شتێکیان بە ناوی پلاتفۆرمی ئاستانەیان دروست کرد. ئایا پلاتفۆرمی ئاستا دەتوانێت چی بکات؟ ئیستا ئەردۆغان خۆی دەلێت، پلاتفۆرمی ئاستان و سووچی هەڵوەشاوەتەوە. ئامانجەکەی ئەوەبوو ڕووسیا هەڵبخەڵەتێنێت و سوود وەربگرێت. بەلام سیاسەتی ئەردۆغان لە ئێستادا گەیشتووەتە کۆتایی. لەگەڵ ڕووسیا تێکچووە. ئەوەش بە واتای ئەوە نایەت تورکیا و ڕووسیا یەکسەر لەدژی یەکتری شەڕ دەکەن. خۆی تورکیا خاوەن ئەو هێزە نییە بکەوێتە ناو ئەو شەڕە. تایبەتمەندی جەنگی سێیەمی جیهانی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا شەڕ ناکەن. ناڕاستەوخۆ شەڕ دەکەن."

'وایلێهات شەری تورکیا و سوریا بە شێوەیەکی ئاشکرا بکرێت'

قەڕەیلان ئەوەشی خستەڕوو لەنێوان تورکیا و سوریا ماوەیەکی درێژە شەڕ هەیە و وتی، " لە ڕووداوەکانی ٣ی شوباتدا دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند ژمارەیەک سەربازیان کوژراوە. سەرنجی بدەن، تورکیا دوو ڕۆژە داوا لە ناتۆ، نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەیەوێت هێرشی دەوڵەتی سوریا کە پێی دەڵێت ڕژێم لە ڕێگەی ڕووسیا و ئێرانەوە بیوەستێنن. بەم شێوەیە هاوار دەکات. لەبەرئەوەش ژمارەی نیشتەجێیانی ئیدلب دەشارێتەوە، هەندێک جار دەلێت ٢ ملیۆن هەندێک جار دەلێت ٤ ملیۆن. بەڵام لە ڕاستیدا وانیە، لە ئیدلب کەس نەماوە. بە تەنها ١٠٠ هەزار کەس ماون. ژمارەکە دەشارێتەوە و دەلێت، ئەو پەنابەرانە بەرەو سنورەکانمان دێن. زۆر کەس کە ئیدلبەوە ڕوویشتوون وکەم کەس لەوێ ماون. بەم شێوەیە ژمارەکە زیاد دەکات و دەیەوێت چاوی ئەوروپا بترسێنێت بۆ ئەوەی هێرشەکان بووەستێنن."

'سوپا بۆکوێ بنێرێت داگیری دەکات'

قەڕەیلان ڕاشێگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ئیدلب بووە بە بەڵا و دەڵێت، "من لێرە ناچمە دەرەوە. قەڕەیلان وتی، "خاڵی چاودرێی دەولەتی تورک کە لە هەرێمەکە دروستی کرد بۆچی بوو. لەوێ لە نیوان دەوڵەتی سوریا و چەتەکاندا شەڕ هەبوو. بەڵام چەتەکان لەوێ چوونە دەرەوە. دەوڵەتی تورک بۆچی هێشتا لەوێیە؟ ئەو جێگایە خاکی سوریایە. ئەوە کاری دەوڵەتی تورکە، سەرباز بۆ کوێ بنێرێت ناچێتە دەرەوە. بەڵام ئیدی دەوڵەتی سوریا چووەتە ئەو شوێنە و باڵادەستە. باشە دەولەتی تورک بۆ تا ئێستاش لەوێ یە.؟ دیارە دەبێتە کێشەیەکی گەورە و شەڕەکە قوڕستر دەبێت. دەوڵەتی تورک بووەتە بەڵای هەرێمەکە."

'ئەو کردەوانەی لە عەفرین، سەریکانی و گرێ سپی ئەنجامدران پێویستە لە لایەن کوردەوە لەبیرنەکرێن'

موراد قەڕەیلان دەڵێت، "ئەردۆغان دوایین جار بە ناوی سوپای نیشتیمانی سوریا چەکی بۆ ئیخوان موسلمینی لایەنگری نارد. سوپای نیشتمانی سویای چی ! ئەوان هەموویان چەتەن، لە بەرانبەر پارە مرۆڤ دەکوژن، دەستوەردان دەکەن و ماڵ و موڵکی گەل تاڵان دەکەن. لە عەفرین دڕندەییان کرد و ئەو شتانەی لە سەریکانی کران لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبینراوە. دەستیان بەسەر ماڵی گەلدا گرت، دەستدرێژیان ئەنجامدا. دەستدرێژیان لە ناموسی خەڵک کرد. ئەوە ڕووی راستەقینەی دەوڵەتی تورکە. ئێمە هیچ کاتێک هێرشی سەر عەفرین و سەریکانی لەبیرناکەین، پێویستە هیچ کوردێک لەبیری نەکات. کێ لەبیری بکات خایینە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو چەتانە لە هەرێمەکە باڵادەست بکات، ئەگەر وایکرد خۆی هیچ جێگایەک بۆ کورد نامێنێت. ئامانجی ئەردۆگان ئەوەیە، بۆیە ڕیسک دەکات. هەروەها تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ دەکاتەوە.

'دەوڵەتی تورک کەوتووە ناو زونگاوێکەوە'

زۆر سەربازی دەوڵەتی تورک دەکوژرێن. بەڵام بۆ ئەوەی ڕای گشتی و گەل ناڕەزایی دەرنەبڕن و نەلێن ' بۆچی ئێمەیان خستووەتە ناو ئەم شەڕەوە' بە تەنها ناوی ٥ سەرباز ئاشکرا دەکەن. لە ڕاستیدا لەوێ بە سەدان سەربازی تورک کوژراون. وادەزانێت کەوتووەتە ناو شەڕی سوریا، بەلام کەوتووەتە ناو زونگاوێکەوە.

دیار نیە دەتوانێت لەناو زونگاوەکەدا بێتە دەرەوە یان نە. بەپێی میشکی ئەردۆغان، پێویستە لەوێ نەجێتە دەرەوە، زیاتر بچێتە ناوەوە و ئەنجام بەدەست بهێنێت. دەوڵەتی تورک هیچ ئەنجامێک بەدەستناهێنێت."

'شەڕ قوڕس دەبێت'

قەڕەیان وتیشی شەڕی هەرێمەکە قوڕستر دەبێت و بەردەوام دەبێت و وتی، "لە هەموو هەرێمەکە شەڕ هەیە. دەزانرێت دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەلموهەندیس لە لایەن ئەمریکاوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد. دیارە ناکۆکیەکان قوڵتر دەبنەوە. بە کورتی هەرێمەکە دەکوڵێت، لەم پڕۆشەیە جارێکیتر ئاشکرابوو، هۆکاری ئەم قەیرانانە لە هەرێمەکە زیاتر دەوڵەتی تورکە.

لە هەرێمەکە ئەو لایەنەی کە لە دۆخێکی باشدایە و دەستکەوتەکانی دەپارێزێت شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، شۆڕشی ڕۆژئاوایە. ئەگەر ڕۆژئاوا سەنگەرەکانی بەهێز بکات و سیاسەتی ڕاست بەڕێوەببات لەم شەڕەدا زیانی بەرناکەوێت و زیاتر دەستکەوتەکانی دەپارێزێت."

ف.ق