قەیومى وان دار و درەختەکانی سەوزترین شەقامى ئەو شارەى تاڵانکرد

قەیومی تاڵانکەر کە بە زۆر داسەپێندرابوو بەسەر گەلی واندا و لەجێی هاوسەرۆک شارەوانیى دەبەپە دانرابوو، بە پاساوی  دروستکردنی ڕیگاوبان، هەزاران دار و درەختی بڕییەوە.

هەزاران دارودرەخت کە لەسەردەمی شارەوانیی دەبەپە لە شاری وان چاندرابوون، لەلایەن قەیومی شارەوانیی بەزۆرداسەپێندراودا هەڵکەندراون و تاڵان کران. تیمەکانی شارەوانیی گەورە شاری وان بە دەیان ئۆتۆمبێل و کەرەستەى داربڕینەوە دارودرەختەکانی شەقامی ئیسکەلە-یان بڕیەوە، کە ئەو شەقامە لە جیهاندا پلەی دووەم درێژترین شەقام و لە تورکیاشدا پلەى یەکەمی بۆ درێژترین شەقام بەو تایبەتمەدییە جیاوازانەى خۆییەوە هەیە.

 لەگەڵ تاڵانکردنی دارودرەختەکان، قەیومی شارەوانیى گەورە شاری وان دەیان داری تریشی لە زەوییە هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان بە پاساوى دروستکردنى بارەگایەکی کۆمەڵایەتی لە رەگەوە هەڵکەند و بڕییەوە.

سەوزترین شەقامی شاری وان بێ دار و درەخت کرا

شەقامی ئیسکەلە کە درێژترین شەقامی شاری وانە، لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە و لە کاتژمێرەکانی شەودا، هەزاران دار و درەخت بڕانەوە. شەقامی ئیسکەلە سەوزترین شەقامی شاری وان بوو. ئەو شەقامە پاش تاڵانکردنی دارودرەختەکان، تایبەتمەندیی دیاری خۆی لەدەستدا. لەگەڵ تاڵانکردنی دارودرەختەکانی سەر ئەو شەقامە، بارەگای دارایی لە ناوچەی توشبای دروست دەکرێت کە ژمارەیەکی زۆر دارودرەختیان بەهۆیەوە بڕیەوە.

نارەزایەتى لە دژی بڕینەوەی دار و درەختەکان

خەڵکی گەورە شاری وان، دژ بە بڕینەوەی ئەو دار و درەختانە ناڕەزایەتیان نیشاندا. دوکاندارەکانی سەر شەقامی ئیسکەلە ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەموو دار و درەختەی کە بەچەندین ساڵە لەگەڵیاندا دەژین هەمووی بە شەوێک بڕایەوە.

ئەو دوکاندارانە لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF)یان ڕاگەیاند "بە تاڵانکردنی ئەم دار و درەختانە، سەوزیی وان بە تەواویی لەناوچووە. هەتا ئەم دارودرەختانە گەورە بوون، دەیان ساڵی پێچوو. شەقامی ئیسکەلە لەگەڵ تایبەتمەندیی خۆی لە جیهاندا ڕیزبەندی دووەمی وەرگرتبوو. بە سەوزایی خۆیشی لەبەرچاو بوو. ئەمڕۆ ئیدی لە شاری وان، نە لەسەر شەقامەکان و نە لە کۆڵانەکان، دارودرەخت نەماون. سەوزایی ئەوەندە زۆر تەنها لەسەر شەقامی ئیسکەلە هەبوون، بەڵام ئەویشیان لەناوبرد".

دوکاندارەکانی ئەو شەقامەی گەورە شاری وان جەختیشیان لەوە کردەوە کە "ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجام درا، تاڵانکردن و کاولکردنی ژینگەیە".

ر.م