كارەكانی یەكەم رۆژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كۆتاییهات

چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی نشتیمانی کوردستان-ی.ن.ک ، کە لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی لە کۆمەڵگای تاسڵوجە'ی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد، کارەکانی یەکەمی رۆژی کۆتاییهات.

لە چوارچێوەی کارەکانی یەکەم رۆژی کۆنگرەی ی.ن.ک-دا بە زۆرینەی دەنگ ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆنگرە هەڵبژێردرا كە هەشت ئەندامی ئەنجومەنەكە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشوون و كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی سەركردایەتی ئەنجومەنەكە دەكات و دواتر لیژنەی سەرپەرشتی كۆنگرە هەڵبژێردرا کە ئەویش لە پێنج ئەندام پێکدێت.

هەروەها لە یەكەم رۆژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا هەریەك لە د.بەرهەم ساڵح و د. رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی بە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردران. هەروەها مەلا یاسین وەك وتەبێژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیاریكرا.

بە پێی راگەیێنراوی سایتە فەرمییەکانی ی.ن.ک لەكۆنگرەكەدا مەلا یاسین وتەبێژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندووە، ی.ن.ک دەتوانێت بەسەركەوتوویی كۆنگرەی خۆی ببەستێت و بەفۆرمێكی نوێوە دێتەوە مەیدانی كوردایەتی. هەروەها جەختیشی کردووەتەوە، سەركردایەتییەكی بەهێز لەناو یەكێتییەكی بەهێزدا بارودۆخەكان باشتر دەكات و ئاشتی و ئارامی مسۆگەر دەكات.

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، چوارەمین کۆنگرەی ی.ن.ک  کە بە بەشداری زیاتر لە هەزار ئەندام بەڕێوە دەچێت، دوو رۆژ دەخایەنێت.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ١-٦-١٩٧٥ دامەزراوە، تا ئێستا سێ کۆنگرەی بەستووە، دواین کۆنگرەی لە ساڵی ٢٠١٠ بوو، ئەمڕۆش نوێترین کۆنگرەی ئەو حزبەیە و دەبێتە چوارەمین کۆنگرە.

ز.ش