چالاكیی نۆبه‌تداری په‌رله‌مانتارانی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) له بینای كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (كه‌جه‌ده) له ڕۆژی دووه‌مدا به‌رده‌وامه. په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په سالیحه ئایده‌نیز و مه‌نسوور ئشك نۆبه‌تی چالاكییه‌كه‌یان وه‌رگرت.
له هۆڵی چالاكییه‌كه كه هاوڵاتییان سه‌ردانی ده‌كه‌ن، وێنه‌كانی له‌یلا گیوڤه‌ن، ئیمام شیش، ناسر یاگز و چالاكانی دیكه‌ی مانگرتن له خواردن هه‌ڵواسراون. هه‌روه‌ها پۆسته‌ری «گۆشه‌گیری دهشكینین، فاشیزم هه‌ڵده‌وه‌شێنین» هه‌ڵواسراوه. دوێنێ خه‌باتكارانی كولتوور و هونه‌ری ئامه‌د، ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی ئیسلامیی دیموكراتی (DÎK) و خزمی زیندانییان سه‌ردانی چالاكییه‌كه‌یان كرد.
گیوڤه‌ن: به‌رخۆدانی ئێمه به‌رده‌وام ده‌بێت
له‌یلا گیوڤه‌ن له ڕێی په‌خشی ڕاسته‌وخۆوه له ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه سڵاوی ئاراسته‌ی ئاماده‌بوانی چالاكییه‌كه كرد و گوتی: «كاتێك له زیندانیش بوو، من ده‌مزانی كه به‌ته‌نیا نامێنینه‌وه. ده‌مانزانی كه ئێوه خاوه‌نداره‌تی له داواكارییه‌كانی ئێمه ده‌كه‌ن. ئێمه له زیندان به جۆشێكی گه‌وره به‌رخۆدانمان كرد و هێشتاش به‌رده‌وامین. له‌پشت دیواره‌كان ژیان و ئازادیی ڕاسته‌قینه هه‌یه. ئێمه مافدارین، هه‌ر بۆیه به‌رخۆدانمان ڕۆژ به ڕۆژ گه‌وره‌تر ده‌بێت. له‌وانه‌یه له‌م ڕێیه‌دا هه‌ندێك له ئێمه بكه‌ون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه ئامانجی ئێمه‌یه. له ماوه‌یه‌كی نزیكدا چالاكییه‌كه‌مان سه‌رده‌كه‌وێت.»
«چالاكییه‌كه‌مان به‌رفره‌وانتر ده‌كه‌ین»
گیوڤه‌ن به‌بیری خسته‌وه كه كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت ١٢ی كانوونی دووه‌م محه‌مه‌د ئۆجالان-ی نارده لای ئۆجالان. له‌وباره‌یه‌وه گوتی: «ده‌وڵه‌ت ٢ هه‌نگاوی دژبه‌ری هاویشت، به‌ڵام ئێمه شكستمان به هه‌ردوو هه‌نگاوه‌كه نا. من ده‌زانم كه دڵی ملیۆنان مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه، له‌به‌رئه‌وه خۆم به‌ته‌نیا نابینم. هه‌ڤاڵانم له ده‌وری منن، به مه‌عنه‌ویاتێكی گه‌وره به‌رده‌وامین له چالاكییه‌كه‌مان. ئێمه ئه‌م چالاكییه‌مان به‌هێزتر ده‌كه‌ین. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌دڵنیاییه‌وه شاره‌دارییه‌كان به‌ده‌ستده‌هێنین و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌وان پووچه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه. به‌رخۆدان ژیانه.»
s.m