لە ئامەد ١١ هەزار و ٥٠٠ کەس سندووقەکانی دەنگدان دەپارێزن

ڕێکخستنەکانی هەدەپە لە ئامەد، دژی گومانەکانی سه‌ر ئاسایشی هه‌ڵبژاردن، ١١ هەزار و ٥٠٠ کەسی دەستنیشان کرد بۆ پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان و بانگەوازی خاوەنداره‌تیكردن لە ئیراده‌ی گەلی كرد.

پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە ئامەد،‌ دژی گومانەکانی سه‌ر ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران کە كاتژمێر ٨ی ئه‌مڕۆ ده‌ستیپێكرد، ئاماده‌كاریی ته‌واویان كردووه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لە ئامەد كه‌ ٣ هەزار و ٣٢٤ سندووقی دەنگدانی لێ دانراوە، هەدەپە ٤ هەزار کەسی دەستنیشان کردووە کە وەک ئەندامانی لیژنەی سندووقەکان ڕۆڵیان دەبێت. هەروەها ٢ هەزار چاودێر و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ مێزی تۆمارکردنی سکاڵای بۆ ڕێگرتن لە فرت و فێڵ و ساختەکاری داناوە. جگە لە هەموو ئەوانەش، ڕۆژی هەڵبژاردن مێزی قەیران لە ناوه‌نده‌كانی هەدەپە لە ناوچە و شارەکاندا دادەنرێن و ڕاستەوخۆ ده‌ستێوه‌ردان دەکەن لە هەر کێشیەک کە لە بنكه‌كانی ده‌نگدان ڕوو بدات.

«هەتا کاتی ئاشکراکردنی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن، ئێمە به‌رده‌وام ده‌بین له‌ چاودێریكردن»

 بێریڤان سنجار یه‌كێك لە ئەندامانی ناوەندی گشتیی کاروباری زانیاریی هەدەپە لە ئامەد، دەربارەی کار و خەبات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی لە هەڵبژاردنەکاندا دوا و گوتی: «ئێمە لە هەموو بنكه‌كانی ده‌نگدان چاودێر و ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنمان دیاری کردووە. ئەو چاودێر و ئەندامانە، دوو کاتژمێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان له‌ بنكه‌كان ئاماده‌ ده‌بن و لەسەر سندووقەکانی دەنگدان ده‌بن. هەتا کاتی ئاشکراکردنی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن ئێمە بەردەوام ده‌بین له‌ چاودێریی کاریگەرانەی خۆمان.»

«ئێمە له‌ به‌رانبه‌ر پێشێلكاریدا ده‌موده‌ست ده‌ستێوه‌ردان ده‌كه‌ین»

سنجار دەستنیشانی کرد کە هەموو ئه‌و چاودێرانه‌ی کراونەتە نوێنەر، لە کاتی هەڵبژاردندا، لە دژی هەر هەوڵێکی ساختەکاری و پێشێلكاری ڕێوشوێن ده‌گرنه‌به‌ر. گوتیشی: «ڕۆژی هەڵبژاردن، هەڤاڵانی ئێمەی یاساناس ئامادە دەبن. ئەو ڕۆژە مێزی قەیران لە ناوه‌نده‌كانی هەدەپە لە ناوچە و شارەکاندا دادەنێین و دەست وەردەدەینە هەر کێشەیەک کە بێتە ئاراوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پاش دەنگدانەکە، هەتا دواین سات چاودێرەکان به‌رده‌وامی به‌ پرۆسەی چاودێریی خۆیان بدەن.»

«پێویسته‌ گەلەکەمان لە بەردەم ناوه‌نده‌كانی هه‌ده‌په‌ ناوچە و شارەکاندا کۆببنەوە»

 لە بەشێکی دیكه‌ی قسەکانیدا، سنجار جەختی لەوە کردەوە کە کەسانی بەرپرس لە مێزەکانی تۆمارکردنی سکاڵا، پاش ئەوەی کە سکاڵاکانیان بۆ سكاڵاکار تۆمار کرد، دەبێت ئەو فۆرمی سكاڵایانە بە سەلامەتی بگەیەننە دەستەی باڵای چاودێریی هەڵبژاردنەکان لە ناوەندەکانی هەدەپە. ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان، بەو شێوەیە سنوردار نابێت، به‌ڵكو هەتا ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێن، دەبێت گەلەکەمان لە بەردەم ناوه‌ندی ڕێکخستنه‌كانی هه‌ده‌په‌ له‌ ناوچە و شارەکاندا کۆببنەوە.

«هه‌ر دەنگدەرێک کە دەنگی خۆی ده‌دات، مافی ئەوەی هەیە کە چاودێریی سندووقەکانی دەنگدان بکات. دەبێت گەلەکەمان خاوەنداره‌تی لە دەنگ، ئیراده‌ و ڕەنجی خۆی بکات. نابێت لە چواردەوری ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان دوور بكه‌ونه‌وه‌ و پێویسته‌ له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێری سندووقەکانی خۆیان بكه‌ن.»

s.m