لە ئامەد ٢٢ کەسی دیکە دەستگیر کران

لە شاری ئامەد لە چوارچێوەی بڕیاری لێپرسینەوە کە لە لایەن سەرۆکی داواکاری گشتی ئامەدەوە دراوە، ٢٢ کەس دەستگیر کران. بە ئۆپڕاسیۆنەکەی ئەمجارەوە، تەنها لە شاری ئامەد لە ماوەی حەفتەیەکدا ٥٩ کەس دەستگیر کراون.

٨ی کانونی یەکەم لە ئامەد لە چوارچێوەی بڕیاری لێپرسینەوە کە لە لایەن سەرۆکی داواکاری گشتی ئامەدەوە دراوە، لە گوندەکانی ناوچەی پەیاس و چنار و باگلار-ی ئامەد ٢٠ کەس دەستگیر کران. دواتر لە گوندەکانی ناوچەی حانی و لیجە و پیران و کاراز ١٧ کەسی دیکە دەستگیر کران و ئەمڕۆش جارێکی دیکە ٢٢ کەسی تر دەستگیر کران.

تیمەکانی بەشی دژە تیرۆری ئاسایشی ئامەد لە ناوچەی پەیاس هەڵیان کوتایە سەر دوو گوند و لە ئەنجامی لێپرسینەوەدا ٢٢ کەسیان دەستگیر کرد. بە پێی پرۆپاگەندەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە ئەنجامی هەڵمەتی گەڕان و لێپرسینەوەدا ٢٧١ کیلۆ و ٤٧٥ گرام تەقەمەنی و ٨ بۆمبی دەستی و ١٢ گولە ئارپیجی و ٧ چەک و ژمارەیەکی زۆر فیشەک و کەپسولی ئەلەکتریکی و کۆنترۆلی تەقاندنەوەو دوربینی سەر چەک و کەلەپەلی رێکخستن و چەندین کەلوپەلی دیکە، دەستیان بەسەردا گرتووە.

بە دەستگیرکردنی ئەو ٢٢ کەسە، تەنها لە ماوەی حەفتەیەکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئامەد دەستگیر کراون، گەیشتە ٥٩ کەس.

ز.ش