لە ئەوروپا داگیرکردنی ڕۆژئاوا شەرمەزار کرا

لەدژی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە چەندین وڵاتی ئەوروپا چالاکیی شەرمەزارکردن بەڕێوەچوون. لە چالاکییەکاندا پەیامی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا دەربڕا و داوای دادگاییکردنی ئەردۆغان کرا.

كۆلن

لە گۆڕەپانی هانس بۆکەر لە شاری کۆڵن-ی وڵاتی ئەڵمانیا، بە هەزاران کەس گرد بوونەوەو حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران ئەجێلا مێرکل و ڕژێمی ئەردۆغانیان شەرمەزار کرد. چالاکییەکە پەیامی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا و تێکۆشانی هاوبەش ڕاگەیاند.

دەستەیەکی گەنجان لە بینای بەرامبەری گردبونەوەکە نووسراوێکیان بەرز کردەوە کە لەسەری نووسرابوو 'بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا یارمەتی و بەخشین بدەنە مانگی سووری کوردستان' و هەڵیانواسی.

لە گردبوونەوەکەدا وتە پێشکەش کران و ڕەخنە لە حکومەتی مێرکل گیران. قسەکەران بانگەوازیان لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد کە فرۆشتنی فڕۆکە و چەک بە تورکیا دەستبەجێ بوەستێنێت.

به‌رلین

لە شاری بەرلین-ی پایتەختی ئەڵمانیاش، بە هەمان ئامانج گردبوونەوەیەک ڕێکخرا. وێڕای هەوای سارد و باران گردبوونەوەکە بە ڕێزگرتن دەستیپێکرد. هاوسەرۆکی نەجەدەکە ئەرهان فرات لە گردبونەوەکە دا قسەی کرد و باسی تیرۆری ڕژێمی ئەردۆغانی فاشیستی کرد کە هەموو کورد دەکاتە ئامانج و ئەو کردەوانەی رژێمی ئەردۆغانی شەرمەزار کرد.

لە چالاکییەکەدا وێڕای کورد، چالاکوانانەکانی ئەڵمان و دۆستی کورد بەشدار بوون.

هێلبۆرن

لە شاری هێلبۆرنی ئەڵمانیان، ڕێپێوانێک ڕێکخرا. چەندین ڕێکخستنی کوردستانی و تورکیا بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.

چالاکوانان لە پارکی وێرتوێسەن گرد بوونەوە و ئالای یەپەگە و یەپەژە و پانکارتیان بەرز کردەوە و تیشکیان خستە سەر داگیرکردنی ڕۆژئاوا. بە درێژایی ڕێپێوانەکە دروشمی پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوایان وترانەوە.

مونیخ

لە شاری مونیخ-ی ئەڵمانیا لەسەر بانگەوازیی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیک رێپێوانێک بەڕێوەچوو. چالاکوانانی کورد و ئەڵمان بەشداری رێپێوانەکە بوون و داگیرکەریی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا. بۆ کشاندنەوەی سوپای تورک و وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکان بانگەوازی لە حکومەتەکانی رۆژئاوا کرا بکەونە جموجۆڵەوە. لە رێپێوانەکەدا درووشمەکانی 'بژی پشتیوانی شۆرشگێڕان'، 'بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا'، 'ژن ژیان ئازادی' بەرز کرانەوە.

شتوتگارت

بە پێشەنگایەتی ئینسیاتیڤەکانی دەفەندە رۆژئاوا و لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا کوردستانی و دۆستەکانیان بۆ رۆژئاوا رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

ئەو چالاکییەی لە شتوتگارت بە بانگەوازی ئینسیاتیڤەکانی دەفەندە و رۆژئاڤا و بە پێشەنگایەتی کۆن-مەد ڕێکخرا. لە چالاکییەکەدا چەندین بڵاوکراوە بەسەر بەشداربواندا دابەش کران و داگیرکەریی تورک شەرمەزار کرا. چالاکوانان بەبێ وەستان دروشمی 'بژی پشتیوانی نێونەتەوەیی'، 'بێدەنگ مەبە، مەبە هاوکار' و 'بکوژ ئەردۆغان لە رۆژئاوا ملت بشکێنە'یان بەرز کردەوە.

مارسیلیا

لە شاری مارسیلیای فەرەنساش بە ئامانجی شەرمەزارکردنی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و پشتیوانی لەگەڵی ڕۆژئاوا ڕێپێوانێک ساز کرا.

رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی کانبیرە دەستیپێکرد و هەتا فیوخ پۆرت بەردەوام بوو. بە هەزاران کەس بەشداری ڕێپێوانەکە بوون و پانکارت و وێنەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر شەهید بوون، بەرز کرانەوە.

لە گۆڕەپانی ڤیوخ پۆرتێ ڕێپێوانەکە بووبە گردبوونەوە. گردبوونەوەکە بە ڕێزگرتن دەستیپێکرد و بڵاوکراوە دابەش کران. چالاکی بە دروشم کۆتایی پێهات.

ئەسینا

لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، بەرەو باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئەسینا ڕێپێوانێک ڕێکخرا. لەسەر بانگەوازیی ناوەندی کەلتوری کوردستان و بزووتنەوەی گەنجانی شۆرشگێڕ لە گۆڕەپانی ئەکادیمیا، سەدان کەس کۆ بوونەوە. بە درێژایی ڕێپێوانەکە بڵاوکراوە بە زمانی یۆنانی دابەش کران، هاوڵاتیلانی دەوروبەریش بە چەپڵەى و وتنەوەی دروشم پشتیوانی ڕێپێوانەکەیان کرد.

خەڵک لە بەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورک لە ئەسینا دروشمی 'فاشیست ئەردۆغان'یان بەرز کردەوە.

لە گۆڕەپانەکە بەناوی ناوەندی کەلتوری کوردستان، بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێر و دەستەی چەپەکان وتە پێشکەش کران.

 

لە وتەکانیاندا داگیرکەریی دەوڵەوتی تورک شەرمەزار کرا و پشتیوانی ڕۆژئاوا ڕاگەیێندرا. لە چالاکییەکەدا باس لە تاوانەکانی ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک کراو داواش کرا دەبێت دادگایی بکرێت.

ڤیەننا

لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمساش بە ئامانجی شەرمەزارکردنی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. لە گردبوونەوەکەدا لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان ناڕەزایی دەربڕا و پەیامی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا خوێندرایەوە.