"لە دژی تاوانی چەتەکان لە عەفرین دەبێت کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی پیشان بدرێت"

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە عەفرین توندوتیژی و هێرشکرنە سەر ژنانی، ئیدانە کرد و داواشی کرد، لە دژی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین، راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە:

"دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٢ ساڵ لە داگیرکردنی شاری عەفرین لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیەوە، گروپە چەتەکان کە لە لایەن رژێکی تورکەوە پشتگیری دەکرێن، بە قێزەوەنترین شێوە تاوانی جەنگ لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدەن و موڵک و ماڵیشیان بە تاڵان دەبەن. هاوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە بێدەنگە و تەسلیمی کردەوەکانی رژێمی تورکیان بووە کە بەردەوام دۆسیەی تیرۆرست و پەنابەران وەکو کارتی فشار بەکار دێنێن بۆ ئەوەی تاوانی چەتەکان لە سوریا و لیبیا بشارێتەوە.

بە سەدان پێشێلکاری و کردەوەی دژ بە ئەخلاقی لە عەفرین روودەدەن، هەر لە کۆچبەرکردنی زۆرەلمێ، کوشتن، رفاندن، هەڵوەشاندنەوەی خانوو، رووخاندن و هەڵوەشاندنەوەی شوێنە پیرۆزەکان، لە سێدارەدانی مەیدانی، سووتاندن و هتد... ئەمرۆش کردەوەیەکی دیکە لە دژی ژنان بۆ ئەو تاوانانە زیادی کردووە. توندوتیژ بەرامبەر بەو ٨ ژنە ئەنجام دەدرێت کە لە لای فیرقەت هەمزەت لە عەفرین بەندکراون. ئەو جۆرە کردەوانەی لەبەرامبەریان ئەنجام دراوە، دڕندەیی و بێئەخلاقی گروپە چەتەکان دەخاتە روو.

ئەو کردەوە نامرۆڤانەی لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی روودەدەن و داواکردنی فیدیە لە بەرامبەر ئازادکردنی ژنە بەندکراوەکان لە لایەن چەتەکانی هەمزەت، مەترسیدارترین کردەوەن.

ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بزوتنەوەی ژنان لە سەرتاسەری جیهان، هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و روسیا و ئەمریکا دەکەین کە ئەرکی سەر شانیان جێبەجێ بکەن. هاوکات کردەوەکانی فیرقەت هەمزەت و گروپەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک کە سەرکێشیان بۆ دەکات، ئیدانە و شەرمەزار بکەن و کاردانەوەیەکی جددیان هەبێت، هاوکات دەبێت لە دژی ئەم پێشێلکاریانە لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەست پێبکات و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکرێت.

ئەو کردەوانەی لە عەفرین روودەدەن، ئەوە دەسەلمێنێت کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بنپێکردنی پێوانە نێودەوڵەتیەکانن. گشت جیهان قەرزداری ژنانی قارەمانی عەفرین و باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە."

ز.ش