لە سلێمانی و کەرکوک بە هۆی کۆرۆناوە پڕۆسەی خوێندن ڕاگیرا

بە هۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی کۆرۆنا لە کەرکوک و بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە سلێمانی لە خوێندنگاکان پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پشووی لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیاند، پشوەکەش لە رۆژی چوارشەممە ٢٦ی شوبات دەستپێدەکات تاوەکو ٢٤ی مانگی داهاتوو.

بە هۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی کۆرۆناوە هەموو جۆرە چالاکی و کۆبوونەوەی جەماوەری و پرسەکان لە پارێزگاری کەرکوک ڕاگیران.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندبوو، لە کەرکوک ٤ حاڵەتی کۆرۆنا تۆمارکراون کە ئەندامی یەک خێزانن و لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە یەکەم حاڵەتی کۆڕۆنا دوێنێ دووشەممە لە شاری نەجەف تۆمارکرا و نزیکەی هەزار کەسی عێراقیش کە سەردانی ئێرانیان کردبوو لە ژێر چاودێریدان.

ف.ق