لە شەنگال، بەسەدان کەس پشتیوانی خۆیان بۆ یەبەشە و یەژەشە بە خۆپیشاندانێک دووپاتکردەوە

لە شارۆچکەی خانەسۆری سەر بە شەنگال، بە سەدان کەس لە هاوڵاتیانی شەنگال خۆپیشاندانێکی فراوانی پشتیوانیان بۆ یەبەشەو یەژەشە بەڕێوەبرد.

خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە، و یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە، بە بەشداربوونی سەدان کەس و بە بەرزکردنەوەی ئالاکانی یەبەشەو یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان لەبەردەم ئەنجوومەنی گەل لە خانەسۆر دەستیپێکرد و تا بەردەم ناوەندی سەردان و پێشوازیکردنی یەبەشە بەردەوامی کرد.

"ئێمە تا کۆتایی پشتیوانی شەڕڤانانمان دەکەین"

غەزال ڕەشۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، لەسەر ناوی هاوڵاتیانی شەنگال وتەیەکی پێشکەشکردو تێیدا بەڵینی پشتیوانی بۆ شەڕڤانانی یەبەشەو یەژەشەو ئاسایشی ئێزیدخان دووپات کرایەوە.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، هێزی یەبەشە پێکهاتووە لە منداڵانی ئێزیدخان، ئەوەش بەبیرهێنرایەوە کە جگە لەم هێزانە، هیچ هێزێکی دیکە کۆمەڵگای ئێزدی نەپاراست، لەبەر ئەمەش پشتیوانی خۆیان تا کۆتایی بۆ شەڕڤانانیان دەربڕی.

'پێویستە هەر ئێزیدییەک شەڕڤانێک بێت"

دژوار فەقیر لەسەر ناوی فەرماندەیی یەبەشە وتارێکی پێشکەشکردو ڕایگەیاند: ئێمە بەڵینمان داوە بۆ پاراستنی گەلی خۆمان و دیسانەوەش دووبارەی دەکەینەوە، ئێمە بۆ پاراستنی ئەم گەلە دامەزراوین، بەتەنهاش شەڕ بەرامبەر دووژمن بەس نیە، کاتێک پێویست بێت دەبێت هەر ئێزیدییەک وەک شەڕڤانێکی یەبەشەو یەژەشە بێت.

دژوار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوەی کە زۆرترین شت دوژمن لێی بترسێت یەکێتی نەتەوەیی کوردە و وتیشی: دەبێت هەموو لایەنێکی ئێزدی پەیوەندی و هەماهەنگیان بەهێز بکەن.

ف.ق