لە قەزای داقوق چوار بۆمبی چێندراو بە پۆلیسی فیدارالیدا تەقینەوە

لە قەزای داقوق زنجیرەیەک هێرش بە بۆمبی چێندراو دژ بە پۆلیسی فیدارالی عێراق ئەنجامدرا و ژمارەیەک پۆلیس برینداربوون.

دوای ئەوەی درەنگانی شەوی رابردوو كاتژمێر ٢٣:٣٠، گولـلە هاوەنێك ئاراستە کرا بۆ ناو گوندی عەلی سەرایکاکەیی نشین لەقەزای داقوق لە باشوری کەرکوک، پاشان دەستڕێژی گولـلەکرایە سەر بازگەیەكی پۆلیسی فیدراڵی، پاش ئەم هێرشانە روبەڕوبونەوەی چەكداریی لە نێوان چەکدارەکان و پۆلیسى فیدراڵی رویدا و مەفرەزەکانی پۆلیس بۆ پاڵپشتی ئەو پۆلیسانە بەرێکەوتن بۆ گوندی عەلی سەرای لە رێگا سێ بۆمبی چێنراو دەتەقنەوە، بەهۆیەوە سێ پۆلیسی فیدالی عێراق بریندار دەبن.

بەپێی سەرچاوەیەكلە نەخۆشخانەی داقوق بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەو سێ پۆلیسە دوای ئەوەی گەیەنراوەنەتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەکە، چارەسەری سەرەتاییانبۆ کرابەلام بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی كەركوك گوازراونەتەوە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسان کەمتر لە یەک رۆژ دوای ئەوە زنجیرە هێرشە، لەسەر هەمان رێگای گوندی عەلی سەرای کاکەیی نشین، بۆمبێكی دیکە بە مەفرەزەیەكی پۆلیسی فیدراڵیدا تەقیوە و بووە هۆی برینداربوونی دوو پۆلیسی دیکە.

لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی ئەمنی لە قەزای داقوقی باشوری کەرکوک جێگیر نییە وناوبەناو گروپە چەكدارەكان هاوڵاتیان و هێزەئەمنییەكان دەكەنە ئامانج.

هەر بەو هۆیەوە تائێستا چەند گوندێك بەتەواوی چۆلکراون و ناوچەكەیان بەجێهێشتووە.

ز.ش