"لە وان هەلومەرجی زۆر تایبەت بەرامبەر بە گەل پەیڕەوکراوە"

تەیب تەمەل پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری وان سەرنجی باسی هەلومەرجی تایبەتی شاری وان کرد و رایگەیاند، سەرەڕای هەموو ئەوانەش بوون بە گەورەترین حزب لە شاری وان، بەڵام هەڵوەستە لەسەر هۆکاری دابەزینی ٤ پۆینت لە دەنگەکانیان دەکەن.

پەرلەمانتارانی هەدەپە لە شاری وان هەریەک لە بەدیعە ئۆزگۆکچە و تەیب تەمەل، هەڵبژاردنەکانیان لە شاری وان هەڵسەنگاند و رایانگەیاند، هەدەپە براوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕە.

لە شاری وان بە قورسترین شێوە باری نائاسایی و قەدەغەکارییەکان پەیڕەو دەکرێت. لەو دۆخەدا و لە ژێر گوشارێکى زۆردا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی و هەڵبژاردنی ٢٧هەمین خولی پەرلەمان بەڕێوە چوون.

بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن، هەدەپە لە شاری وان ٥٩.٣٢%ى دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماریی سەڵاحەدین دەمیرتاشیش ٥٨.٣٨%ی دەنگەکانی ئەو شارەی بەدەستهێناوە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکان، فرتوفێڵ و ساختەکاریش ئەنجام دران. هەدەپە بە جیاوازیەکی گەورە، دەنگی زیاتری لە ئاکەپە بەدەستهێناوە.

 پەرلەمانتارانی هەدەپە لە شاری وان هەریەک لە بەدیعە ئۆزگۆکچە و تەیب تەمەل، هەڵبژاردنەکانیان لە شاری وان بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) هەڵسەنگاند.

پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری وان بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان ئاماژەی بە بارودۆخی نائاسایی و زیادبوونی فشار و زۆردارییەکان کرد و بە بیری هێنایەوە، کە بە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت، هەموو پیلان و ستراتیژییەتی دەسەڵات بۆ ئەوە بوو، کە هەدەپە کەمتر لە ١٠%ى دەنگەکان بەدەست بهێنێت و لە خوار بەربەستى هەڵبژاردنەوە بیهێڵنەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی فرتوفێڵ و ساختەکاریی ئەنجام دراون و هەموو دام و دەزگا و توانا و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت خرابوونە خزمەتی دەسەڵاتدارێتییەوە، بەڵام هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت و وتیشی "لە هیچ جێگایەکی تری دنیادا بەربەستی هەڵبژاردن ئەوەندە بەرز نییە. دانانی ئەو بەربەستەی هەڵبژاردنیش بەو ڕێژە بەرزە لە هەڵبژاردنەکاندا دژ بە ئێمە بەردەوام بوو، بەڵام ئێمە ئەو بەربەستەمان تێکشکاند".

ڕکابەرەکەی ئێمە خودی دەوڵەت بوو، نەک حیزبێک

 ئۆزگۆکچە ئەرتان وتیشی "ئێمە لە دژی فاشیزم و ڕێکخستنە گەورەکەی دەوڵەت بەرخۆدانمان کرد. هەوڵیان دا ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن. بە تێپەڕاندنی بەربەستی سەدا ١٠ نیشانمان دا، کە ئێمە خاوەنداری لە دیموکراسی دەکەین. ئاشکرایە لە پرسی چارەسەریی کیشەی کورد دا، گەل باوەڕی زۆری بە هەدەپە هەیە. لەناو هەلومەرجی نایەکساندا، لەگەڵ فشار و ستەمکارییەکاندان، بەڵام گەلی کورد زیاتر لە هەدەپە نزیک بوونەوە و داواکارییەکانی خۆیان بە بڕیاردارییەوە خستە پێش چاوان. نەیانتوانى بۆ یەک ساتیش ورە و ئیرادەمان لاواز بکەن و بە بەهێزییەوە لە بەردەمیان راوەستاین. ئێمە تێکۆشانی خۆمان لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوامیی پێ دەدەین. کێشەی کورد لەو شوێنەی لێیەتی، لە چاوەڕوانی چارەسەریدایە".

لە شاری وان هەلومەرجی تایبەت هەیە

لای خۆشییەوە پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری وان تەیب تەمەل رایگەیاند، ئەو هێزانەی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دا، ویستیان  لەناو هەلومەرجی باری نائاساییدا هەدەپە لە ژێر بەربەستی ١٠ لە سەد دا بهێڵنەوە. خۆی لە خۆیدا زۆر پەرلەمانتار، بەڕێوەبەرانی هەدەپە لە شار و ناوچەکان دەستگیرکراون و وتیشی "ویستیان هەدەپە لەژێر بەربەستی  سەدا ١٠ دا بهێڵنەوە و زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنن. سەرەڕای هەموو دەستوەردانەکان، هەدەپە ١٢%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە شاری وان هەلومەرجی زۆر تایبەت بەسەر گەل دا سەپێنراوە. شاری وان بە دەستپیشخەریی خۆی کاری کرد، بەڵام هاوکات نیوەی پەرلەمانتاران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرا، یان دوورخرابوونەوە. هاوشارەوانییەکانمان و بەڕێوەبەرانى شارەوانییەکانى ئێمەیان زیندانیکرابوون".

دەستوەردانی قورس کراون

وتیشی "ئێمە بنکەی بانگەشەی هەڵبژاردنمان بە زۆروزەحمەتیەکی زۆر گەورە کردەوە. نەیانهێشت ئۆتۆمبێلەکانی پەخشی ڕاستەوخۆ بێنە ناو میتینگەکان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانمان. لە شاری وان فشاری سەخت لەسەر چاودێر و کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان هەبوو. دەستوەردانی زۆر قورس ئەنجام دراون. سەرەڕای هەموو ئەوانەش هەدەپە بوو بە پارتی یەکەم. هەروەها ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی خۆیانیان نەداوە. دەربارەی ئەوەش گلەیی و گازاندە دەگەیشتنە ئێمە. ئاشکرایە ئەو ڕێژەیە دەنگدەری ئێمەن. هەندێک بێ ئوسوڵی ئەنجام دران کە سەلمێندران. کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگەکانمان بە ٤ پۆینت لە شاری وان پرسێکی جددیە، کە دەبێت ئێمە هەڵوەستەی لەسەر بکەین. ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە یەک کورسی پەرلەمان لەدەست بدەین، بۆیە ڕاوەستەی لەسەر دەکەین".

ر.م