لە کەرکووک بە بەشداری ٤٨ کۆمپانیا پێشانگەی نێودەوڵەتی نەوت و وزە کرایەوە

لە شاری کەرکووک بە بەشداری ٤٨ کۆمپانیای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی پێشانگەی نەوت وگاز و وزە کرایەوە.

ئەمرۆ لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکووک بە بەشداری ٤٨ کۆمپانیای جیاواز لە ناوخۆ و دەروەی عێراق یەکەمین پێشەنگا و کۆنگرەی نێودەوڵەتی نەوت و گاز و وزە لە شاری کەرکووک کرایەوە

لە پێشەنگاکەدا ڕاکان جبوری پارێزگاری  بەوەکالەتی کەرکوک دەربارەی ئامانجی ئەم پێشەنگایە ڕایگەیاند: "لەم پێشەنگایە هەوڵ دەدرێت توانای شاری کەرکووک لە بوارەکانی نەوت و غاز و وزە  پیشان بدرێت ،هەوڵمانداوە کە نیشانی بدەین کەرکووک گونجاوە بۆ کارکردن و وەبەرهێنان."

هەروەها ڕاکان جبوری ڕایگەیاند: "ئەم پێشەنگایە کۆکراوەی کۆمەڵێک کۆمپانیای پاڵپشتی کەرکووکە کە هەوڵدەدەن کەرکووک وەکو شارێکی وەبەرهێنەرپیشان بدەن لە کەرتی نەوت و وزەدا بە پێی ئەوەی شاری کەرکووک کۆنترین شاری نەوتییە لە عێراق کە لە ساڵی ١٩٢٧یەکەم بیرە نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە."

لە کۆتایدا ڕاکان جبوری وتی: "ئەم جۆرە پێشەنگایانە هەلێکە بۆ نیشاندانی توانای شاری کەرکوک و کرانەوەی شارەکە بەرووی جیهاندا لە رووی نەوت و غاز و وزەدا".

ئارێس فرێس سەرکیز بەرێوبەری پێشەنگای نێودەوڵەتی نەوت گاز و وزە دەربارەی کردنەوەی ئەم پێشەنگایە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: '' ئەمە یەکەم پێشەنگایە لەم جۆرە کە لە کەرکووک ئەنجام بدرێت، ئێمەش لەگەل هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوت سەرپەرشتی ئەم پێشەنگایە دەکەین کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت،

 لەم دوو رۆژە هەموو کۆمپانیاکان بەرهەمکانیان دەخەنە روو لە کۆنگرەی پێشەنگاکەدا."

٤٨ کۆمپانیای جیاواز لە ووڵاتانی وەکو فەرەنسا، سوید، ئەڵمانیا و ئەنگۆلیا وبەشیک لە کۆمپانیەکانی نەوت و غازی عیراق و هەرێمی کوردستانیش بەشداریان کردووە."

ک-ش