لە کەرکوک یادی چوار شەهیدی ڕێگای ئازادی کرایەوە کە لە رۆژئاوا کوردستان شەهیدبوون

لە شاری کەرکوک بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەهیدانی کەرکوک، یادی چوار شەهید کرایەوە کە لە بەرخۆدانی سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون.

پاش نیوەرۆی ئەمرۆ چوار شەممە لە هۆلی لوبنان لە شاری کەرکوک لەلایەن کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان مەڕاسیمێکی شکۆدار سازکرا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو چوار شەهیدەی کە لە بەرخۆدانی سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون.

هەریەک لە شەهیدان(شەهید زەریان جودی، مەزلوم کۆبانی، ئارام کەرکوکی، ناڤدار کەرکوکی) لە بەرخۆدانی سەرێکانی دژی دەوڵەتی فاشستی تورک شەهید بوون.

بە ئامادە بوونی کەس و کاری شەهیدان و کەسایەتی و نوێنەرانی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک لە مەراسیمێکدا یادی هەرچوار شەهید بەرزڕاگیرا و سەرەتای مەراسیمەکەش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد پاشان لەلایەن بنەماڵەی شەهیدان مۆم داگیرسێندرا.

پاش داگیرساندنی مۆم لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە، چنور محەمەد ئەمین بەناوی کۆمیتەی شەهیدانەوە وتارێکی پێشکەش کرد وتی: "دوژمنانی کورد و کوردستان بۆ قرکردن ولەناوبردنی گەلەکەمان بە هەموو جۆرێک کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدات لە هەر چوارپارچەی کوردستان، دوایین هەوڵی دوژمنانی کورد دروستکردنی داعش بوو کە هێرشی کردە سەر شەنگال و رۆژئاوای کوردستان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد."

هەروەها چنور محەمەد وتیشی: "ئەم پۆلە شەهیدە بەخوێنی خۆیان بەرگریان لە خاکی کوردستان کرد دژی داگیرکاری دەوڵەتی فاشستی تورک و چەتەکانی."

پاشان بەناوی بەرێوبەرایەتی کارواری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خەلیل ڕەحیم کەریم وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەمان لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە بەردەوام رووبەروی هێرشی ناڕەوا بۆتەوە، دوژمنانمان بەردەوام چاویان لە خاکەکەمان بۆ هەر جارەو بە بیانویەک هەوڵیانداوە خاکەکەمان داگیربکەن.''

هەروەها خەلیل ڕەحیم وتیشی: "رۆڵە قارەمان و تێکۆشەرەکانمان بە مەبەستی رووبەروبوونەوەی دوژمنانمان چەکی شەرەف و بەرخۆدان دەکەنە شان و گیانی خۆیان بەخت دەکەن لەپیناو ئەم خاکەدا، لەم مەراسیمەدا بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە هەمیشە لە خزمەت کەسوکاری شەهیداندا بین."

هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان وتاری خۆیان لە مەراسیمەکەدا پێشکەش کرد.

وتاری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لەلایەن نەوزاد بەکر ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی خوێندرایەوە و تیدا هاتبوو: "ئەم چوار شەهیدە خەباتی شۆرشگێریان هەڵبژارد لە پێناو ئازاد کردنی کوردستان،هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەم شەهیدانە بەرامبەر دۆزی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان وای کرد دەست بدەنە خەبات و بەرخۆدان تا گیان بەختکردن لە پێناو گەلەکەمان."

وتاری ژنانی ئازادیخوازی کوردستان-(رەژاک) لەلایەن نەجیبە عومەر ئەندامی دەستەی بەرێوبەرایەتی (رەژاک) پێشکەش کراو وتی: ''ئەمرۆ بەبیرهێنانەوەی ئەم چوار شەهیدەی کەرکوک شانازی و شەرەفێکی گەورەیە بۆ کەرکوک، ئەم شەهیدانە لە رۆژئاوای کوردستان لە دژی ئەو عەقلیەتە شەهید بوون کە پارچەگەرێتی دروست دەکات."

هەروەها لەلایەن کەسوکاری شەهیدان وتار پێشکەش کرا کە تیدا بەسی رۆلی ئەو شەهیدانە کرا کە بونەتە مایەی سەربەرزی بۆ خانەوادەکانیان و شانازیان پیوە دەکەن.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بروانامەی شەهادەت پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرا و لەلایەن هەڤالانی شەهید و خەلکی کەرکوک و لایەنەکانی بەشداربووی مەراسیمەکە پیرۆزبایی لە بنەماڵەی شەهیدان کرا.

ز.ش