لەسەر پێخەفی نەخۆشخانە چووه‌ سەر سندووقەکانی دەنگدان

لە شاری ئێلحی باكووری كوردستان پرۆسەی دەنگدان بەردەوامە. سەرەڕای هەموو فشاره‌كان، له‌ زۆر بنكه‌ی ده‌نگداندا، نەخۆش و به‌ساڵاچوان ده‌بینرێن و ده‌چنه‌ سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدەن.

لە خوێندنگەکانی شاری ئێلح کە وەک بنکەی دەنگدان بەکاردەهێنرێن، قەرەباڵغی تا دێت زیاتر دەبێت. بە تایبەتی نەخۆشی ناو پێخه‌فی نەخۆشخانەكان خۆیان دەگەیەننە بنكه‌كان و دەنگی خۆیان دەدەن. نەخۆشەکان بە ئامبولانس دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی دەنگدان. ئەو هاوڵاتییە نەخۆشانەی کە ئامبولانسیان بۆ دابین ناکرێت، بە پێی دەرفەتی خۆیان دەڕۆنە خوێندنگەکان و دەنگی خۆیان دەدەن.

بە برینداری چووه‌ سەر سندووقەکانی دەنگدان

کوبرا یۆکسو تەمەن ١٩ ساڵان کە بە ڕووداوی هاتووچۆ بریندار بووبوو، ئێستا له‌ نەخۆشخانە تیماری بۆ دەکرێت. ناوبراو ئەمڕۆ خۆی گەیاندە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی دا. یۆکسو لە گەڕەکی جودیی شاری ئێلح بە ئامبولانس خۆی گەیاندە ناوەندی دەنگدان لە قوتابخانەی سەرەتایی یاڤوز سەلیم و دەنگی خۆی دا.

دایکی ئاشتی فه‌رها یڵدرم کە تەمەنی ٧٥ ساڵانه‌، چووه‌ سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆی دا. ئەو دایکەی ئاشتی گوتی: «ئەمڕۆ دەبێتە ڕۆژی ئاشتی و ئازادی، له‌پێناو داهاتووی منداڵەکانمان هاتینه‌ سەر سندووقەکانی دەنگدان.»

ناسنامەی شاندی بیانی ده‌پشكنن

لە زانکۆی ئەنادۆڵ لە گەڕەکی پەترۆل-ی شاری ئێلح، هێزه‌كانی پۆلیس دەنگی خۆیان دا، به‌ڵام بەڵگەی ژمارە ١٤٢یان ڕادەستی ئەندامانی دەستەی سندووقەکان نەکرد.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، شاندی بیانی کە لە هه‌نده‌رانه‌وه‌ بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەکان هاتوونەتە شاری ئێلح، لە خوێندنگەکان چاودێری پرۆسەی دەنگدان دەکەن. شاندە بیانییەکە دەچوونە هەر خوێندنگەیەک ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس دەبوونەوە و دەپشکێنران. پۆلیس ناسنامەی ئەندامانی شاندەکە ده‌پشكنێت.

s.m