لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە لە زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى گشتیی کۆنگرەى جڤاکى دیموکراتیک (کەجەدە) لە زینداندا بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە و هاوسەرۆکى گشتیى کەجەدە لە رێگەى پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنى داخراوی ئینتەرنێتی لە ناو زیندانەوە بۆ دادگا (SEGBÎS) بەشداری ٤هەمین دانیشتنى دادگایکردنەکەى لە لقی ٩هەمینی دادگای سزا قورسەکانى ئامەد کرد. گیوڤەن رایگەیاند، بۆ ئەوەى بڕیاری مانگرتن لە خواردن بە راى گشتى رابگەیەنێت بەشداریى دانیشتنەکەى دادگایى کردووە.

گیوڤەن راشیگەیاند، لەبەر ئەوەى دادگاکان و دامودەزگاکانى پەیوەندیدار بە وەزارەتى دادەوە بڕیاری پیچەوانەى یاسا و مافەکان دەردەکەن و پێبەندی یاسا و مافەکان نین و بەردەوام مافی زیندانیان پێشێل دەکەن، بەشداریى لە دانیشتنەکانى دادگا ناکات.

لەیلا گیوڤەن سەرنجی خستە سەر گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتى "ئەو گۆشەگیرییە تەنها بەرامبەر بە کەسێک ئەنجام نادرێت، بەڵکو گۆشەگیرکردنى گەلێکە. لەبەر ئەوەی پارادیگمای رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەیە ژن بەشداری سیاسەت بکات، من بەشێوەیەکى چالاک بەشداریى کاری سیاسەتەم کرد. ئەوە پارچەیەکە لە گەلەکەمان و لەبەر ئەوەش چالاکیى مانگرتن لە خواردن دەستپێدەکەم".

گیوڤەن ئەوەشی وت "گۆشەگیری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە. دامودەزگاکانی وەزارەتى داد و دەزگا دادوەرییەکان بۆ ئەوەى کۆتایى بە بڕیارەکانى بەدەر لە یاساکان و مافەکان بهێنن و گۆشەگیری لاببرێت، من درێژە بە چالاکییەکەم دەدەم. پێویستیش بکات چالاکیی مانگرتنەکەم تاوەکو مردن درێژە پێدەدەم".

ر.م