مەترسی لەسەر دەریاچەی وان هەیە

عەلی کیلچیک سەرۆکی چاڤ – دەر ڕایگەیاند، دەریاچەی وان پیس دەکرێت و هوشداری ئەوەیدا ئەگەر ڕێگری لە پیسکردنی دەریاچەکە نەکرێت، لە ماوەیەکی کەمدا ئاوی دەریاچەکە پیستر دەبێت و هەموو زیندەوەران لەناودەچن.

دەریاچەی وان یەکێک لە شوێنە گەشتیارەکانی جیهانە و سەرچاوەی ژیانی ٣٠ هەزار کەسە.

دەریاچەی وان بەشێکە لە میراتی جیهانی و بە هۆی پیسبوونی ژینگە ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسی سەر دەریاچەکە زیاد دەبێت. کۆمەڵەی ژینگەپارێزەکان و پسپۆڕان دەڵێن، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا وشک دەبێت و هەموو زیندەوەرانیش لەناو دەچن.

کۆمەڵەی ژینگەپارێزی وان (چاڤ – دەر) چەندین ساڵە بۆ پاراستنی دەریاچەی وان کار دەکات. عەلی کیلچیک سەرۆکی کۆمەڵەکە ڕایگەیاند، کورد بە دەریاچەی وان دەڵێن 'دەریای وان'.

کیلیچ وتی، "ڕۆژانە پاشەڕووی نزیکەی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار کەس دەڕژێتە ناو دەریاچەی وان. لەگەل ئەوەشدا هیچ هەوڵێکی پاککردنەوەی ئاوەکە نادرێت. لە چرکەیەکدا ٨٠٠ هەزار لیتر پاشەڕووی ماڵان دەڕژێتە ناو دەریاچەکە. لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٢٠ چەم دەڕژێنە ناو دەریاچەی وان. کاتێک ئەم چەمانە ئاوی پیش لەگەڵ خۆیان دەهێنن، دەریاچەکە بەرەو مردن دەڕوات.

وەک چاڵی پیسایی سەیری دەکرێت

کیلچیک وتیشی، "ئەگەر چارەسەریەکی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەریاچەی وان لەناو دەجێت. هەموو شارەوانیەکان کە دەکەونە سەر دەریاچەی وان، دەریاچەکە وەک چاڵیکی پیسایی سەیر دەکەن. ڕشتنی پیسانی شار و ناوچەکان دڕندەیی و کۆمەڵکوژی سروشتە."

پڕۆژەی هەس

کیلیچ ڕایگەیاند، جۆرە ماسیەکی تایبەت بە ناوی کەفال لە وان هەیە. بە هۆی پڕۆژەی هەسەوە کە ئاوی دەریاچەکە پیس دەکات، ماسی جۆری کەفال لەناو دەچێت.

ف.ق