"نابێت گەنجان چیتر ببن بە غوڵامی سیستم"

چایان قۆچگری سەربازێتیی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکرد، بەڵام بەهۆی فشار و نەژادپەرستییەوە لەسەریان، دەستی لە سەربازێتیی بۆ دەوڵەتی تورکیا هەڵگرت و بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە بوو. چایان بانگی لە گەنجان کرد و وتی "بەسە، غوڵامێتیی بۆ سیستم مەکەن".

چەندین گەنج کە لە ناچاریدا دەبن بە سەرباز لە نێو سووپای دەوڵەتی تورکیادا، بەهۆی ئەوەی کە فشار و هێرشی نەژادپەرستانەیان دەکرێتە سەر، بەرەو چیا بەڕێدەکەون و بەشداری نێو ڕیزەکانی گەریلا دەبن. گەریلای هەپەگە چایان قۆچگری، بەهۆی ئەو فشار و هێرشە نەژادپەرستیانەوە، کە لەناو سووپای تورکیادا کراوەتە سەری، هەڵهات و بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە بوو. گەریلا چایان کە تورکمانە، باسی ئەو فشارانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەکات کە خراونەتە سەری لەناو سووپادا. هەروەها باسی کاتی پەیوەستبوونەکەشی بە ڕیزەکانی گەریلاوە دەکات.

چایان قۆچگری ساڵی ۱۹۹۲ لە سێواس لەدایکبووە، لە ئەستەمبوڵ لەناو بنەماڵەیەکی عەلەوی دیموکراتدا گەورە بووە. چایان کە بە ڕەچەڵەک تورکمانە، دەڵێت "پەکەکە لەبەر چاوی من، هەمیشە تەڤگەرێک بوو کە دژ بە دەوڵەتی تورکیا تێدەکۆشا. پرسیارەکانم لە کاتی منداڵیمەوە دەستیان پێکرد. وەک هەوادار، بەشداری چالاکییەکانیشم دەکرد. من لەناو تەڤگەری شۆڕشگێڕی تورکیادا بووم. هەتا پرسیار و ناکۆکییەکانم زیاتر دەبوون، زیاتر بە لایەنی شۆڕشگێڕییەوە سەرقاڵ  دەبووم. چەندین تەڤگەر هەبوون کە من پێم وابوو لیبراڵ بوون".

چایان قۆچگری جەختیشی لەوە کردەوە، پاش ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکی، پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا دروست کردووە و وتیشی "چەند جارێک دەستگیر کرام. دوایین جار بەهۆی پرسی پەکەکەوە دەستگیرکرام. بەوەش ئیتر بنەماڵەکەم بە جۆرێکی تر لەگەڵم دەجوڵانەوە. بنەماڵەکەم پێیان وتم کە کاتی سەربازێتییم هاتووە و بە زۆری زۆرداری ناردمیانە ناو سووپاوە و منیان کرد بە سەرباز. بۆ من شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو کە بوو بووم بە سەربازی ئۆلیگاریش و لەناو ئەو ڕێکخستنە چەتەییەدا بووم کە لە دژی تێدەکۆشام. بەڵام لەو کاتەدا ئەڵتەرناتیڤێکی تر نەبوو. دادگایی منیش هەبوو، ئیدی ناچاربووم و ڕۆیشتم".

ئەگەر گەمارۆی گەریلا مانگێکی تر بەردەوام بوایە هەموو بنکە سەربازیەکە چۆڵ دەبوو

چایان قۆچگری ڕایگەیاند، پاش خوولی ڕاهێنان لە سامسون، لە ناوچەکانی جولەمێرگ و گەڤەر ئەرکدار کراوە و وتیشی "ساڵی ۲۰۱۲، کاتێک شەڕ زۆر قورس و سەخت بوو، هەندێک هەڤاڵی من لە گەڕەکەکەی خۆمان بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوو بوون. منیش بەدوای هەلێکی وەهادا دەگەڕام. لەبەرئەوە وەک سەرباز، ڕۆیشتنی من بۆ جولەمێرگ، بە زۆری خۆم بوو. ساڵی ۲۰۱۲ دەوڵەتی تورکیا مایەپووچ بوو بوو. وایلێهاتبوو کە تەنانەت نەیدەتوانی خواردەمەنیش بنێرێت بۆ بنکە سەربازییەکان. ئەگەر گەمارۆی گەریلا مانگێکی تر بەردەوام بوایە، تەواوی بنکە سەربازییەکان چۆڵ دەکران. بۆ دەوڵەتی تورکیا قۆناغێکی زۆر سەخت بوو. لە ناوچە شاخاوی و و دەشتاییەکاندا و لەشەڕی زەویدا تەزێنرابوون دەبابەکانیشیان نەیاندەتوانی بجوڵێنەوە.

سەربازەکان کە ئەو چیا بەرزانەی جولەمێرگ دەبینن لە ترساندا دەلەرزن

من ڕۆیشتمە ناوەندی کۆکردنەوە و وەرگرتن لە خارپێت. لە باری ئاساییدا، زۆر ڕایاندەگرتی، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو کاتە دەوڵەت مایەپووچ بوو بوو، یەک قافڵەی سەربازیش نەیدەتوانی بەڕێبکەوێت بۆ دەرەوە. لەسەر ڕێگای وشکانی چەولیگ، لە دژی کاروانی سەربازی چالاکی گەریلا هەبوون. بە جارێک ۱۱۰ سەرباز کوژرابوون. ترسێکی زۆر گەورە کەوتبووە نێو دڵی سەربازانی دەوڵەتی تورکیاوە. کاتێک ئێمە خۆمان گەیاندە جولەمێرگ، سەربازەکان سەیری ئەو چیا بەرزانەیان دەکرد، لە ترساندا دەلەرزین. گەڤەر هەندێک تەختتر و فراوانتر بوو. دڵی سەربازان هەندێک ئارام بوو بوویەوە. دەیانوت 'ئەگەر چیا نەبێت، گەریلاش نییە'. بەڵام لەو دەڤەرانەش، گەریلاکان هەمیشە چالاکییان ئەنجام دەدا. بە بیرم نایە کە چەند لاشەی سەربازانیان هەڵدەگرتەوە. بە چاوی خۆم دەمبینی کە چۆن سەربازەکان هەڵدەهاتن".

ئەوەی میدیا و ڕاگەیاندن دەیڵێت جیاوازە و ڕاستییش جیاوازە

گەریلا چایان قۆچگری دەستنیشانی کرد، هیچ شتێک وەک ئەوە نییە کە میدیا نیشانی دەدات و وتیشی "من بۆ خۆم بینیم و بۆ ئێوەشی باس دەکەم، پێش هەموو شتێک ئەوان لە ڕووی سەربازییەوە خۆیان بێ ئیرادە دەکەن. کاتێک کە بۆ یەکەم جار دەچیتە ناو سووپاوە، وتەیەکی ئەوان هەیە کە پێت دەڵێن 'تۆ دەبێت مێشکت لە دەرەوەی بابول نیزام (دەروازەى چوونە ناو بنکە سەربازییەکان) بەجێبهێڵی'. هەموو شێوازێکی سووکایەتیی، نزیکبوونەوەی خراپ و لەدەرەوەی مرۆڤایەتیی کە مرۆڤەکان بێ ئیرادە دەکات لە سیستمی ئەواندا هەیە. ئەوەشیان پەسەند کردووە. من هەمیشە بیرم لێدەکردەوە و دەموت 'داخۆ کاتێک ئێوارە دەڕۆنەوە ماڵەکانی خۆیان، چۆن دەتوانن سەیری ڕووی منداڵەکانی خۆیان بکەن؟'. چونکە لە بەرزترین ئاستدا سوکایەتیان پێدەکرێت. پلەدارێک هەمیشە سووکایەتییان پێ دەکات. تەنانەت ئەوانەشی کە زۆر نەتەوەپەرست بوون، سووکایەتییان بە دەوڵەتی تورکیا دەکرد. ئێستا هەڵدەستن و لە ڕاگەیاندندا، سەربازەکان دەخەنە بەردەم کامێرا و ناچاریان دەکەن کە باسی وڵات و میللەت بکەن. بەڵام پاش ئەوەی کە کامێراکە دادەخرێت دەست بە سووکایەتی دەکەن".

سەربازەکانی تورکیا بە تایبەتیی سەیری دیمەنەکانی گەریلا تیڤی دەکەن

چایان قۆچگری سەرنجی ڕاکێشایە سەر درۆی بەرپرسان لە شەڕدا و وتی "ئەو کاتە بۆ هەر شەڕێک دەیانوت 'ئێمە ئەوەندە تیرۆریستمان کوشت'، بەڵام سەربازەکان بۆ خۆیان باوەڕیان بەوە نەدەکرد. بۆ نموونە، دەیانوت ئێمە ئەوەندە کۆپتەری کۆبرامان هەستاندوە و شەڕمان پێکردوون، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هەلیکۆپتەری جۆری کۆبرایان پێ هەڵنەدەسێنرا، سەربازەکانیش کۆپتەرە کۆبراکانیان دەیانبینی لە بەردەمیاندا لە زەوییەکاندا کەوتبوون و دەیزانى ئیتر ئەو قسانە هەموویان درۆ و دەلەسەن".

وتیشی "بە تایبەتیی دیمەنەکانی گەریلا تیڤی، کە بڵاودەکرانەوە، لەلایەن سەربازەکانی تورکیاوە تەماشایان دەکرا. بەوەش زیاتر دەروونی سەربازەکان تێکدەشکا و ترسیان بۆ درووست دەبوو. باوەڕیان بە تەکنیکی پێشکەوتووی چەک نەمابوو. بەر لە دەستپێکردنی‌شەڕ، دەوڵەت بێ ئیرادەیی لەسەر سەربازەکانی خۆی دەسەپاند. بۆ نموونە، پرسی کورد و تورک نییە، ئەوان لە دژی جەوهەری مرۆڤەکانن. هۆکاری هەبوونی دەوڵەتیش بۆ لەناوبردنی هەموو باشییەکانە"

دایکان دەتوانن سەربازی نوێ بهێنن بەڵام ناتوانن کۆبرای نوێ بهێنن

گەریلا چایان وتیشی "لەکاتی شەهید ڕەشید دا، پایز لە خاپووشک ئۆپراسیۆن بوو. ۳ سەرباز بریندار بوو بوون. سەربازەکان لەو کاتەدا داوای هاوکارییان کرد. دەوڵەت نەدەڕۆیشت سەربازەکانی خۆی هەڵبگرێتەوە. ئەو کاتە ئەوان سووکایەتییان بە سەربازەکان دەکرد و دەیانوت 'بۆچی ئێوە نایەن بە هانامانەوە'. واتە نزیکایەتیی و پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ سەربازەکانی خۆیدا بەو شێوەیە بوو. پاشان هەلیکۆپتەرێکی جۆری کۆبرایان نارد، بۆ ئەوەی ئەو سەربازانە هەڵبگرێتەوە، لەکاتێکدا کە هەلیکۆپتەرەکە خۆی نزم کردبوویەوە، گەریلاکان لێیان دابوو. هەلیکۆپتەرەکە گەڕایەوە و ناوەکەی پڕ بوو لە خوێن. ئێمە لاشەکانمان دەرهێنا و دەستی لەو هەرێمانە بەردا کە لەژێر کۆنترۆڵی گەریلادا بوون و گەڕایەوە. پاشان چەند هەلیکۆپتەرێکی تر بۆردومانی ئەو هەرێمانەیان کرد کە چۆڵ بوون و گەریلایان تێدا نەبوو. نزیکایەتیی ئەوان هەمیشە بەو شێوەیە بوو کە دەیانوت 'دایکان دەتوانن سەربازی نوێ بهێنن، بەڵام ناتوانن کۆبرای نوێ بهێنن".

دەربارەی مردنی بە گومانی سەربازەکان لەناو سووپادا، چایان وتی "جارێک سەربازێکی گەنج لەلای ئێمە مرد. وتیان کە مردنی بە گومانی سەربازییە. بەڵام ئێمە هەموومان دەمانزانیی کە کووشتوویانە".

بڕیاری بەشداربوون بە ڕیزەکانی پەکەکە

چایان قۆچگری، لەماوەی ۱۰ مانگی سەربازیی خۆیدا، بەشی خۆی شتی بینی و وتیشی "ئەو کاتە من بە خۆمم وت 'کات کاتی هەڵهاتنە. خۆ مەرج نییە هەتا کۆتایی تەمەنم، کەسێکی دڵسۆزی بنەماڵەکەم بم و لەلایەن دەوڵەتەوە پەروەردە بکرێم. من خۆم بە قەرزار دەزانی. ئەو کاتە کە شەهید سارا شەهید بوو، کاتێک کە من لە تەلەفزیۆندا بینیم، زۆر کاریگەریی لەسەرم دانا. ‘قۆناغی چارەسەریی' دەستیپێکردبوو. ڕێبەرێتی بانگەوازی کردبوو. من ئەوکاتە حزبم باش نەدەناسی، بەڵام من خۆم لەبەردەم کشانەوەی گەریلادا ڕانەدەگرت".

چایان وتیشی "قۆناغی چالاکییەکانی گەزی بوو. کەشێکی شۆڕشگێڕانە هەبوو. بەرکین عەلوانیش لە گەڕەکی ئێمە بوو. ئەو کاتە ئیدی من وتم 'ئەم کاتە کاتی خۆیەوتی، من ناگەڕێمەوە بۆ سەربازێتی و دەبێت وەڵام بە بانگەوازی ڕێبەرێتیی بدەینەوە'. هەروەها قۆناغی ڕۆژئاواش دەستیپێکردبوو. دەوڵەتی تورکیا شەڕی بردبوویە ڕۆژئاوا. پاشان بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە بووم".

چایان دەستنیشانیشی کرد، سیستمی ناو پەکەکە و سیستمی سووپای تورکیا، ئەرز و ئاسمانیان فەرقە و وتیشی "لەناو سووپای تورکیادا، بۆئەوەی ۱۵ مانگ تەواو ببێت، ڕۆژ و کاتژمێر دەژمێرن. بەڵام لەناو گەریلادا بارودۆخەکە وەها نییە و بەتەواویی جیاوازە. لەناو گەریلادا دڵسۆزیی و مەعنەویەت هەیە. تێکۆشان بۆ گەلانی بندەست هەیە. پەکەکە دەریا یە".

دەبێت گەنجان دەست لە غوڵامێتی سیستم بەردەن

لە کۆتایی قسەکانیدا، گەریلا چایان قۆچگری ئاماژەی بە فشار و زۆرداریی و کۆمەڵکوژییەکان کرد، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراون و وتیشی "هاووڵاتییان چیتر دەنگی خۆیان بەرز ناکەنەوە. پێویستە هەموو کەسێک دەنگی خۆی هەڵبڕێت. بانگەوازی من تەنها بۆ گەنجانی کورد نییە، بەڵکو بانگ لە هەموو گەنجانی تورکیا دەکەم و پێیان دەڵێم: جێگرتن لەناو سیستمێکی یەک جۆریدا، کە دەیەوێت هەموان بە زۆر وەکیەک لێ بکات، کۆیلەیی و بێ ئیرادەییە. دەبێت هەموو گەنجان سەربازی لەناو سووپای تورکیادا ڕەتبکەنەوە و بەشداری نێو ڕیزەکانی گەریلا ببن. چونکە گەریلا تەنها بۆ کورد تێناکۆشێت، بەڵکو بۆ هەموو گەلان تێدەکۆشێت. دەبێت چیتر گەنجان نەبن بە غوڵام و خزمەتکاری سیستم".

ر.م