ناسر یاگز، ئەندامی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولائۆجالان، لە نوێنەرایەتی هەدەپە لەشارری هەولێر-ی باشوری کوردستان، لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨وە دەستی بە چالاکیی مانگرتن لەخواردنی بێسنوور کردوە، ئەمڕۆ مانگرتنەکەی دەبێتە ١٢٩ ڕۆژ.
موزەیەن گونەش، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان دەربارەی دۆخی تەندرووستی یاگز وتی: باری تەندرووستیی ناسر خراپتربووە، سەرئێشە و کێشەی چاوی هەیە، ئێسکەکانی دەتوێنەوە و تووشی هەندێک نەخۆشیی دیکە بووە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە، بە ئیرادە و ورەیەکی زۆر بەرزە بە بێ دوودڵیی ورە بە هەڤاڵانیشی دەدات .
موزەیەن گونەش وتیشی: بە ڕاستی نابێت بڵێین دۆخی ناسر بەرەو خراپی دەچێت، بەڵکو دۆخی تەندروستی زۆر لە مەترسیدایە و دکتۆرەکانیش باس لەوە دەکەن، کە ئیتر بەهۆی خراپی تەندروستیشیەوە ناتوانێت پشو بدات و بە بەردەوامیی ئازاری هەیە.
هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: لێرەوە بانگەوازیی بۆ تەواوی لایەنە ناوخۆیی و بیانییەکان دەکەین، کە ئەوەی لە دەستیان دێت بۆ پاڵپشتیی و هاوکاری لە مانگرتوان، با ئەنجامی بدەن، هێشتا زووە و درەنگ نییە .
ک-ش