ناوچەی 'خۆی' دەهەژێت، زیانەکان گەورەن و هاوکارییەکان کەم!

لە باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا چەندین بومەلەرزەی یەک لە دوای یەک روویانداوە. بە دەیان گوند دارووخاون و بە سەدان کەس بریندار بوون و هاوکارییەکانیش کەمن.

ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٤ی مانگ کاتژمێر ١٨:٠٥ لە شارۆچکەی خۆی-ی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوسنوورە لەگەڵ شاری وانی باکوری کوردستان، بە قوڵایی ٤.٤ کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا بە گوڕی ٤.٣ پلەی رێختەر بومەلەرزەیەک روویدایەوە. بوومەلەرزەکە لە شاری سەلماسیش هەستی پێکرا.

لە دوێنێ رۆژی یەکشەممەوە لە ناوچەکە بومەلەرزەی بەردەوام روودەدەن. بەهیزترین بومەلەرزەش دوێنێ کاتژمێر ٠٨:٥٣ بە گوڕی ٥.٩ پلەی رێختەر روویدا. لە ئەنجامی ئەو بومەلەرزەیەدا لە شاری وان ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٥٠ خانوو و ٣٠٠ شوێن دارووخان و بە سەدان خانووش زیانیان بەرکەوتووە.

لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی ناوچەی خۆی-ی رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا زیاتر لە ١٠٤ کەس بریندار بوون. زیانێکی گەورەی مادیش بە ٤٤ گوندی ناوچەکە کەوتووە و ژیانی تێدا وەستاوە. یەکێک لەو گوندانەی زیاترین زیانی بەرکەوتووە، گوندی گورەردەیە کە ٤٠٠ ماڵی تێدایە.

لەو وێنانەی دەستی ئاژانسی هەواڵی فورات کەوتوون دەبینرێت کە چەندین خانوو دارووخاون. هاوکات ئەو گوندانەی بومەلەرزەکەی تێدا روویداوە، تا ئێستاش بەفری لێدەبارێت و ژیانی هاوڵاتییان بە هەڵومەرجێکی سەختدا تێدەپەڕێت.

لە ترسی روودانی بومەلەرزەی دیکە، هاوڵاتییان ناتوانن بچنە ناو خانووەکانیان و لەگەڵ ئەو سەرما زۆرەی کە هەیە، لە دەرەوە دەمێننەوە. هاوکات ئەو هاوکارییانەی رژێمی ئێران بۆی ناردوون بەشی بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە ناکات.

شایانی باسە لە ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ لە شاری کرمانشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٣ پلەی رێختەر روویدابوو کە زیاتر لە ٦٢٠ کەس گیانیان لەدەستدابوو، هاوکات ٨٥٠٠ کەسیش بریندار ببوون. تا ئێستاش پاشماوەکانی ئەو بومەلەرزەیە هەر ماون.

ز.ش