هه‌په‌گه: له جۆله‌مێرگ ١٣ سه‌رباز كوژران
هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، له ئه‌نجامی ٢ چالاكیی گه‌ریلاكان له جۆله‌مێرگ لایه‌نی كه‌م ١٣ سه‌ربازی توركیا كوژراون.
هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، له ئه‌نجامی ٢ چالاكیی گه‌ریلاكان له جۆله‌مێرگ لایه‌نی كه‌م ١٣ سه‌ربازی توركیا كوژراون.
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) ده‌رباره‌ی دوایین چالاكییه‌كانی گه‌ریلا ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه. هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، له پارێزگه‌ی جۆله‌مێرگی باكووری كوردستان لایه‌نی كه‌م ١٣ سه‌ربازی توركیا كوژراون.
ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه:
له چه‌لێ و گه‌ڤه‌ر ١٣ سه‌رباز كوژران
«هێزه‌كانمان ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یه‌كه‌م\٥ی گه‌ڵاڕێزان كاتژمێر ١١:٣٠ له ناوچه‌ی چه‌لێی جۆله‌مێرگ دژی سه‌ربازانی سوپای توركیای داگیركه‌ر له‌سه‌ر گردی شه‌هید جۆله‌مێرگ چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا. له ٢ قۆڵه‌وه گورزی تووند له ڕه‌بایه، په‌ناگه و ئامرازه‌كانی كاری دوژمن له‌سه‌ر گرده‌كه، درا. له ئه‌نجامدا بلدۆزه‌رێك تێكشكێنرا و ڕه‌بایه‌ك و ٢ په‌ناگه به‌ته‌واوی ڕووخێنران. له چالاكییه‌كه‌دا ٧ سه‌ربازی دوژمن كوژران. سوپای توركیای داگیركه‌ر له دوای چالاكییه‌كه، به ئۆبوس و هاوه‌ن ناوچه‌كه‌یان بۆمباران كرد.
ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یه‌كه‌م\٤ی گه‌ڵاڕێزان كاتژمێر ٩:٣٠، هێزه‌كانمان له سه‌ربازانی داگیركه‌ریان دا له‌سه‌ر گردی عه‌لی شێر له ناوچه‌ی گه‌ڤه‌ری سه‌ر به جۆله‌مێرگ. له چالاكییه‌كه‌دا كه له ٢ قۆڵه‌وه له ڕه‌بایه و په‌ناگه‌كانی دوژمن درا، په‌ناگه‌یه‌ك و ٢ ڕه‌بایه ڕووخێنران. ٦ سه‌رباز كوژران.
ئۆپه‌راسیۆن له پیران بێ ئه‌نجام بوو
٢٤ی تشرینی یه‌كه‌م\٢ی گه‌ڵاڕێزان، سوپای توركیای داگیركه‌ر له ده‌وروبه‌ری گونده‌كانی پره‌ژمان و هه‌فتانین-ی سه‌ر به ناوچه‌ی پیران له پارێزگه‌ی ئامه‌د، ده‌ستیان به ئۆپه‌راسیۆن كرد. یه‌كینه‌كانی دوژمن هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر زۆر ماڵ له ده‌ڤه‌ره‌كانی ئۆپه‌راسیۆن و زه‌خت و زۆردارییان له گه‌ل كرد. هێزه‌كانی داگیركه‌ر ئێواره‌ی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌م\٣ی گه‌ڵاڕێزان به‌بێ ئه‌نجامی له ناوچه‌كه كشانه‌وه.
بۆردومانی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كان
فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیای داگیركه‌ر ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یه‌كه‌م\٥ی گه‌ڵاڕێزان كاتژمێر ١٠-١١ بۆمبارانی گردی شێخ ناسر-ی هه‌رێمی قه‌ندیلیان كرد له سنووری هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا. هه‌مان ڕۆژ له‌نێوان كاتژمێر ١٧:٣٠-١٩:٣٠ فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كان بۆمبارانی مه‌یدانی شه‌هید ڕۆسته‌م-ی هه‌رێمی زاپ-یان كرد. هیچ زیانێك به‌هۆی بۆردومانه‌كان به گه‌ریلاكانمان نه‌گه‌یشت.»
s.m