هەدەپە ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی تورکیان رسوا کرد

رێکخستنی هەدەپەی شاری ئەستەنبۆل، ئەو کەسانەی بە ناوی دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتەوە هەڕەشە لە ئەندام و بەرێوەبەرەکانیان دەکەن، رسوا و شەرمەزار کرد و لەم بارەیەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ساز کرد.

ئەندام و بەڕێوەبەرانی رێکخستنی هەدەپەی شاری ئەستەنبول بە هۆی ئەوەی چەند کەسێک کە خۆیان بە 'ئەندامی دەزگای هەواڵگری' ناو بردووەو هەڕەشەیان لێکردوون و ناچاری کاری سیخوڕیان دەکەن، سەردانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبولیان کرد.

ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییان ساز کرد.

گولسەرەن یۆلەری سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبۆل لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا رایگەیاند، بەم دواییە رووداوەکانی سیخوری و هەڕەشەکردن زیادی کردووەو ئەو کەسانەی بەم کارە هەڵدەستن، خۆیان نەک تەنها وەک پۆلیس، بەڵکو وەکو ئەندامی دەزگای هەواڵگریی دەناسێنن.

جونەیت کارابەی ئەندامی بەرێوەبەرایەتی هەدەپەی شارەکەش قسەی کردوو رایگەیاند، چەند کەسێک بە مەبەستی ئەوەی بە نیازن گوایان کارگەکەی لێبکڕن، کەوتووەنەتە پەیوەندی لەگەڵیدا و دواتر هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووەو ویستوویانە ناچاری بکەن بۆ کاری سیخوڕیکردن و دواین جاریش پێیان وتووە "نامانەوێت شتێکت بەسەر بێت".

عوسمان ئوزدەمیر بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پشتیوانی و یارمەتیی کەسوکاری ونبووەکانیش رایگەیاند، کاتێک لەماڵەکەی خۆی چووەتە دەرەوە دوو کەس ئەویان دەستگیر کردووەو پێیان وتووە، "مەترسە ئێمە پۆلیس نین، ئێمە ئەندامی دەزگای هەواڵگرین". ئوزدەمیر دەڵێت، ئەو دوو کەسە ویستوویانە قسەی لەگەڵدا بکەن و داوەتی چاخواردنەوەیان کردووە، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ئەوەی رایکێشن بۆ ناو کاری سیخوری، بەڵام ئەو هەموو هەوڵەکانیانی رەد کردووەتەوە، هەرچەندە رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتنیش بووەتەوە.

ئەرکان کاکچا بەرێوەبەری هەدەپەی شارەکەش وتی، کاتێک لە ماڵەکەی خۆی چووەتە دەرەوە، چەند کەسێک رێیان لێگرتووەو سواری ئۆتۆمبیلیان کردووەو بە زۆر ویستوویان داینیشێنن و قسەی لەگەڵدا بکەن. کاکچا دەلێت، ئەو، هەموو تەکلیفێکی ئەو کەسانەیان رەد کردووەتەوە.

ئەرداڵ ئاڤجی هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری ئەستەنبۆلیش رایگەیاند، سیاسەتی توندوتیژی و فشارەکانی سەر پارتەکەیان و بەڕێوەبەر و ئەندامەکانیان، بێئەنجام دەمێننەوەو جەختیشی کردەوەو کە ئەوان بەردەوام دەبن لە تێکۆشاندا.

ئەلیف بولوت هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری ئەستەنبۆلیش لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا بانگێکی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی داد کرد و وتی، ئەوانەی زەخت و فشار دێننە سەر بەڕێوەبەر و ئەندامەکانیان، بە رێبازەکانی دەرەوەی یاسا و هەڕەشەو ئەشکەنجەی دەروونی تاوان ئەنجام دەدەن و مافی مرۆڤ بنپێ دەکەن.

ز.ش