هەدەپە: ١٠٠ ساڵە بە شێوەیەکی سیستماتیک قەدەغە لەسەر کورد هەیە

هەدەپە بە بۆنەی ٢١ی شوبات ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک ڕاگەیەنڕاوێکی بڵاوکردەوە و وتی، "قەدەغەکردنی زمانی دایک و تواندنەوەی زمان تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە کە نزیکەی ١٠٠ ساڵە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەسەر کورد بەڕێوەدەبرێت.

هەدەپە ئاماژەی بە هەڵوێستی دەوڵەت – نەتەوە لەبارەی زمانی فەرمی کرد و وتی، " لە سەرەتای سەدەی ٢٠ەوە و تا ئێستا لە جیهان زۆر دەوڵەت – نەتەوەی جیاواز بۆ یەکپارچەیی خۆیان سیاسەتی تواندنەوەی زمانیان گرتەبەر و مافی ژیانیان بۆ نەتەوەکانی تر نەهێشت. لە تورکیاش لە ئەنجامی سیاسەتی تواندنەوەی سیستماتیکدا، زۆر زمان ورد و خاش کران و ترانسفەری زمان لە نێوان نەوەکاندا پچڕان. یونیسێف لە "ئەتڵەسی زمانەکانی ژێر مەترسی لەناوچوون لە جیهاندا" دەڵێت، لە تورکیا لە ئەنجامی سیاسەتی تواندنەوەدا تا ئێستا ١٨ زمان لەناوبراون  و لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان."

'کورد بە هۆی ئەوەی بە کوردی قسە دەکەن، لە شارە تورکیەکان دەکوژرێن'

لەبارەی سیاسەتی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەپەهە لە دژی زمان و کلتوری کوردی، هەدەپە وتی، "سیاسەتی کلتورکوژی و زمانکوژی سیستمایک سەدەیەکە بەڕێوەدەبرێت، ئەمڕۆش لە لایەن دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بەردەوامی پێدەدرێت. بە تایبەتی دوای هەوڵی کودەتای ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ هێرشێکی فراوان لەدژی زمانی کوردی بەڕێوەبرا. ڕۆژنامە، گۆڤار، ئاژانسی هەواڵ، ڕادیۆ، بڵاوکراوەکان و چاپخانە، کۆمەڵە، ئەنیستیتۆ، کەناڵی ڕاگەیاندن، باخچەی منداڵان داخران. بە دەستی ڕژێمی قەیوم هێرشی سەر زمانی کوردی زیادتر بوو، خزمەتگوزاری فرەزمانی و فرەزاراوەیی  لە ژێر چەتری شارەوانیەکان لە لایەن قەیومەوە ڕاگیران.  هاوڵاتیە کوردەکان لە شارە تورکیەکان لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەیان دەکرد، لە لایەن نەژادپەرستەکانەوە کوژران. وەک بەردەوامی ئەو عەقلیەتە، لە پەرلەمان زمانی کوردی وەک زمانێک کە لێی تێناگەن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەمەش هەڵوێستی دەسەڵات بەرانبەر زمانی کوردی بە شێوەیەکی ئاشکرا پیشان دەدات.

'قەدەغەکردنی زمان، تاوانی دژی مرۆڤایەتیە'

لەبەردەوامی ڕاگەیەنراوەکەیدا هەدەپە ئاماژەی بەوەدا، "قەدەغەکردنی زمانی دایک و توادنەوەی زمان تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە کە نزیکەی ١٠٠ ساڵە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوەدەبرێت. ئەمڕۆش زمانەکان ناپارێزرێن و لەناودەبرێن، لە دەستووری بنەڕەتی تورکیادا هیچ خاڵیک بۆ پاراستنی زمانی دایک دیارنەکراوە. دەسەڵاتداری ئاکەپە و مەهەپە خاوەن میراتی ئاسیمیلاسیۆن و قەدەغەپارێزن و بەردەوامی بەو سیاسەتە دەدەن.

لە ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکدا سڵاومان بۆ هەموو ئەو زاراوە و زمانانە دەنێرین کە لەبەرانبەر سیاسەتی تواندنەوە بەرگری دەکەن و گۆڕەپانی ژیانیان کردووەتە گۆڕەپانی بەرخۆدان. ئێمە بەڵێنمان بە گەلەکانمان داوە، تا هەموو زمان و کلتور و گەل بە شێوەیەکی یەکسان نەژین هیچ کاتێک دەست لەم بەرخۆدانە پیرۆزە هەڵناگرین. لەبەرئەوەش ئێمە ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک لە هەموو گەل و زمانەکانی جیهان پیرۆز دەکەن و بانگ لە هەموو گەلان دەکەیەن خاوەنداری لە زمانەکەیان بکەن."

ف.ق