هەدەپە: ڕۆژنامەنووس عەزیز ئوروچ بۆ مردن لەسەر سنوور فڕێدرابوو

بەرپرسانی هەدەپە باس لە شێوازی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس عەزیز ئۆروچ وهاوسەرۆک و ئەندامێکیان دەکەن و دەڵێن، رژێمی ئێران بۆ مردن عزیزی فڕێداوەتە پشت تەلەکانی سنوورەوە، بەڵام ئەو توانیویەتی پەیوەندی بە پەرلەمانتارێکی هەدەپەوە بکات و لە مردن رزگاری ببێت.

بە پێی هەواڵێکی رۆژنیوز، ١١ی ئەم مانگە عەبدوڵا ئەکەلەک هاوسەرۆکی هەدەپەی بازید و محەمەد ئیکرام موفتوئۆغڵوو، لەگەڵ ڕۆژنامەنووس عەزیز ئۆروچ پێکەوە دەستگیرکران و دواتر بڕیاری زینانیکردنیان بۆ دەرچوو، لێکۆڵینەوە لە عەزیز ئۆروچ بەردەوامە و بڕیاریانداوە بەشێوازی دادگاییکردنی شاراوە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی عەزیز ئۆروچ بکرێت، لەم بارەیەوە ڕێکخستنەکانی هەدەپە لە بازید، ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

عیسمەت دەمیر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی هەدەپە لە بازید، لەبارەی دەستگیرکردنی ئۆروچ-ـەوە ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە، تێیدا هاتبوو: ئاشکرایە عەزیز ڕۆژنامەنووسە، بەڵام جارێکیتر میدیای دەسەڵات بە قەستی و بە مەبەست ئەوی وەک تیرۆرست ناوهێنا، بەشێوازێکی دژە مرۆڤانە هەڵسوکەوت لەگەڵ عەزیز-دا کراوە.

عەزیز ئۆروچ، ڕۆژنامەنووسێکی باکوری کوردستانە، لەبەر زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورک ماوەی چەند ساڵێک بوو لە هەرێمی کوردستان دەژیا، ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە لەکاتێکدا کە دەوڵەتی ئێران سنوورداشی تورکیای کردەوە، لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیرکرا و وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وەک تیرۆرست ناوی برد، ئەوە لەکاتێکدایە، کە عەزیز ئۆروج بێجگە لە کاری ڕۆژنامەنووسی هیچ کارێکی دیکەی نەکردووە، دەربارەی شێوازی دەستگیکردنەکەی، لە ڕاگەیەندراوەکەی هەدەپەدا باس لە شێوازی دەستگیرکردنەکەی کراوە.

هەدەپە دەڵێت: دوای ئەوەی دەوڵەتی ئێران بەشێوازێکی دژە مرۆڤانە ئەشکەنجەی عەزیز-یان داوە، بۆ مردن فڕێیان داوەتە سەر ئەودیو تەلەکانی سنوورەوە، عەزیز بە هەوڵدانی خۆی توانیویەتی پەیوەندی بە پەرلەمانتارێکی ئێمەوە بکات، لەسەر ئەو بنەمایە عەبدوڵا ئەکەلەک هاوسەرۆکی هەدەپە لە بازید چووەتە سنوور و لە ناوچەیەک بووە کە بەهۆی سەرماوە خەریکبووە گیانی لەدەستبدات، لەوێ هەڵی گرتووەتەوە و هاوکاری کردووە، ڕۆژی دواتر عەزیز ویستوویەتی بچێتەوە ماڵەکەی خۆی و بە ئۆتۆمبێلێک لەگەڵ هاوسەرۆکی شارەوانی بەڕێکەوتووە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خراوەتە سەر ئەرز و دەستی کەلەپچە کراوەو دەستگیرکرداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای عەزیز، عەبدوڵا ئەکەلەک، هاوسەرۆکی هەدەپەی بازید و محەمەد ئیکرام موفتوئۆغڵوو دەستگیرکراون و ڕێگە نەدراوە پارێزەر و بنەماڵەکانیان سەردانیان بکەن، "ئێمە داواکارین هەرچی زووە هاوسەرۆک و ئەندامەکەی ئێمە ئازادبکرێت".

ز.ش