هەر یەک گەریلاکانی هەپەگە شەهید رێزان و شەهید هارون لە مەخمور بەبیر هێنرانەوە

هەر دوو گەریلای شەهیدی هەپەگە رێزان جودی و هارون گۆیی لە ناوەندی کەسوکاری شەهیدان لە کەمپی پەنابەرانی شەهید روستەم جودی (مەخمور) بە مەراسیمێکی شایستە بەبیر هێنرانەوە. هاوکات تەرمی شەهید رێزان جودی بە مەراسیمیکی شایستە بە خاک سپێردرا.

گەریلای هەپەگە رێزان جودی (رێزان کارا) ٢٤ی ئەم مانگە واتە دوێنێ بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا، هەروەها گەریلای بە ناوی هارون گۆیی (ئیبراهیم ئورەک) لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورکدا لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لەگەڵ ٤ لە هەڤاڵانی شەهید بوو.

لە ناوەندی کەسوکاری شەهیدان لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور بە بەشداری هاوڵاتییانی مەخمور مەراسیمێکی شایستە بۆ بەبیرهێنانەوەی هەر دوو شەهیدەکە رێکخرا. مەراسیمەکە بە خولەکێک رێزگرتن دەستی پێکرد.

'ئاڵای شەهیدان کە رادەستی ئێمە کراوە، هەمیشە بە شەکاوەیی دەهێڵینەوە'

لە مەراسیمەکەدا بەدران ئالتورک هاوسەرۆکی مەخمور قسەی کرد و سەرەتا سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدان و گەلی کوردی وڵاتپارێز کرد و وتی:"ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئاواتی شەهیدانمان بدی بهێنین. ئەو ئاڵایەی شەهیدانمان رادەستی ئێمەیان کرد، هەمیشە بە شەکاوەیی دەهێڵینەوە. بۆ ئەوەش پێویستە هەر یەکێک لە ئێمە ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی جێبەجێی بکات. چی دەبێت با ببێت، ئێمە تا دوا هەناسەمان، لەگەڵ سەرۆک و شەهید و دۆز و رێکخستنەکەماندا دەمێنینەوە."

دواتر لەسەر ناوی خانەوادەی شەهید رێزان جودی، عبدولکەریم کارا باوکی شەهید قسەی کرد و وتی:"رێزان تەنها کوڕی من نەبوو، بەڵکو کوڕی هەمووتان بوو. برا و هەڤاڵی هەمووتان بوو. بە هاتنتان خەمی ناو دڵی منتان کەم کردەوە."

'ئێمە بە شەهیدەکانمان سەربەرزین'

لە سەر ناوی خانەوادەی شەهید هارون گۆییش محمد ئوراک قسەی کرد و وتی:"شەهیدان پیرۆزترین نرخەکانی ئێمەن. سەربەرزی بۆ خانەوادەی شەهید هارون و کەمپی پەنابەرانی مەخمور. مرۆڤ هەر چییەک بۆ شەهید بڵێت هەر کەمە. ئێمە بە شەهیدەکانمان سەربەرزین. با دوژمن باش بزانێت کە ئێمە بە شەهیدبوونی رۆڵەکانمان نارۆخێین، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەهێزتر دەبین و تا سەرکەوتن تێدەکۆشین."

دواتر تەرمی شەهید رێزان جودی بە وتنەوەی دروشم بەرەو گۆڕستانی کەمپەکە بەڕێکرا و بە بەرزکردنەوەی دروشمی هاوسۆزی بۆ شەهیدان بەخاک سپێردرا.

ز.ش