"١ی حوزەیران تەواوکاری هەڵمەتى ١٥ی تەباخ بوو"

مامۆستا سدیق بەنەک هەڵمەتى ١ی حوەزیرانی وەک هەڵمەتى سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى پەکەکە ناساند و وتی "هەر چۆن هەڵمەتى ١٥ی تەباخ بووە بنەمای شۆڕشی گەلی کورد، بەو شێوەیەش ١ی حوزەیران بووە بناغەى لەناوبردنی خیانەتى لەناو گەلی کورددا".

مامۆستا سدیق بەنەک لە کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور رایگەیاند، پەکەکە بە هەڵمەتى ١ی حوزەیران خۆی سەرلەنوێ بونیاتنایەوە و دووبارە خەون و خەیاڵی هیزە دەسەڵاتدارەکانى پوچکردەوە.

"پەکەکە بزووتنەوەى هاوچەرخە"

بەنەک سەرنجی خستە سەر ئەوە، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو هەموو گەلانی ناوچەکە پێویستیان بە بزووتنەوەیەکى هاوچەرخە و وتی "لە مێژووی گەلی کورددا چەندین بزووتنەوەى شۆڕشگێڕ هەبوون، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە ئەو بزووتنەوانە گەشە پێبدەین و وەک بزووتنەوەى هاوچەرخ پێناسەیان بکەین، چونکە زۆر ناوچەیی بوون و لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر دروستکرابوون، بەڵام بزووتنەوەى پەکەکە جیاوازە. بۆ یەکێتی و ئازادیی کوردستان دامەزراوە. لەبەر ئەو تایبەتمەندییانەى بزووتنەوەیەکى هاوچەرخە".

"١ی حوزەیران بووە تەواوکاری هەڵمەتى ١٥ی تەباخ"

مامۆستا بەنەک سەرنجی خستەسەر پیلان و پیلاینگێڕیی پێش ١ی حوزەیرانی دەوڵەتى تورک و هەندێک هێزی هاوکاریی ئەو دەوڵەت و وتی "لەو کاتەدا دەبوایە کۆتایی بە پەکەکە بهێنرایە، یان پێویست بوو هەڵمەتێکى نوێ دوستپێبکرێت. پەکەکە خۆی بە هەڵمەتى ١ی حوزەیران سەرلەنوێ بونیاتنایەوە و هەڵمەتەکەى ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ بووە تەواوکاری هەڵمەتى ١٥ی تەباخی ١٩٨٤.  هەر چۆن هەڵمەتى ١٥ی تەباخ بووە بناغەى شۆڕشی کورد، هەر بەو شێوەیەش هەڵمەتى ١ی حوزەیران بووە بناغەى لەناوبردنی هێڵی خیانەت لە ناو کورداندا. ١ی حوزەیران بووە دووەم هەڵمەتی دەستپێکردن بۆ بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان و گەلی کورد. پەکەکە لە دایکبوونی یەکەمی بە هەڵمەتى ١٥ی تەباخ ئافراند و لە دایکبوونی دووەمیشی بە هەڵمەتى ١ی حوزەیران خوڵقاند".

"چارەسەری لە یەکێتیدایە"

بەنەک لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی خستەسەر گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیى لە ناو کورددا و وتی "تاکە چارەسەری لە دژی خیانەت و دوژمنایەتی بەرامبەر بە گەلی کورد، یەکێتیی نەتەوەییە".

ژ.ت