٤٥ رێکخراو لە دژی هێرشەکانی سەر گەلی کورد راگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە

٤٥ رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی، کۆمەڵە، چاپخانە، رێکخراوی کلتوری و هونەری لە دژی هێرشەکانی سەر گەلی کورد، کاردانەوەیەکی توندیان پیشاندا و جەختیان کردەوە، هێرشە رەگەزپەرەستەکان سەرچاوەی هێزی خۆیان لە سیاسەتی تێکدەرانە و جیاکاری وەردەگرن.

بە دەستپێشخەری تۆڕی زمان و کلتوری کورد، ٤٥ رێکخراو، کۆمەڵە، گروپی شانۆ، نووسەر، هونەرمەند، چاپخانە و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە بارەی کوشتنی بارش چاکان لە ئەنقەرە بە شیوەیەکی رەگەزپەرەستی، هاوکات هەڵوەشاندنەوەی کتێبخانەی جەلادەت عەلی بەدرخان لە شاری سێت و هێرشەکانی دژی زمانی کوردی، راگەییندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە راگەیێندراوەکە دا هێرشەکانی سەر زمان و کلتوری کوردی ئیدانە کرا و باس لەوەش کرا کە گەلی کورد و رای گشتی ئەم هێرشانە قبوڵ ناکەن.  

لە راگەیێندراوەکەدا کە بە واژۆی ٤٥ رێکخراو ئامادە کراوە، هاتووە:

"بە هۆی سیاسەتی بێکاریگەرکردنی زمانی کوردی و پشتگوێخستنی هێرشەکانی سەر گەلی کورد، هەموو رۆژێک لە دژی کورد و زمانی کوردی هێرش ئەنجام دەدرێن.

رۆژ نیە کە کورد و زمانی کوردی بە ئامانج نەگیرێت. دوو رۆژ بەر لە ئێستا کتێبخانەی جەلادەت عەلی بەدرخان بە دەستی قەیوم هەڵوەشێندرا. دوای دانانی قەیوم، یەکەم کاری قەیومەکە ئەوە بوو کە تابلۆی سەر شارەوانی کە بە زمانی کوردی لەسەر نووسرابوو، داگیرا، زمانی کوردی لە ناو مالپەڕی شارەوانیەکان سڕایەوە و کتێبخانە کوردیەکان هەڵوەشێندران و بە هەموو شێوەیەک هیڕش دەکرێتە سەر گەلی کورد.

چەند مانگ بەر لە ئێستا لە چەنەقەلا، ئەکرەم یەشلیی ٧٠ ساڵان بە هۆی ئەوەی بە زمانی دایک و بە کوردی قسەی کردبوو، رووبەرووی هێرش ببووەوە و لە سەریەوە بریندار کرابوو. هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکەی سەقەریا شیرین توسونی ١٩ ساڵان، گیانی لەدەستدا. بەداخەوە لە بەرامبەر ئەو دوو هێرشە نەژادپەرەستە هیچ لێپرسینەوەیەکی جدی ئەنجام نەدرا. بۆیەش ئەمڕۆ ئەم هێرشانە بەردەوامن و ئاشکراشە کە دواڕۆژیش ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن.

دوێنێش گەنجێکی کورد بە ناوی بارش چاکان لە ئەنقەرە کوژرا. هۆکاری کوشتنەکەی هەرچیەکیش بێت، ئەو کاردانەوانەی لە بەرامبەر کوشتنی ئەو گەنجە پیشاندرا، ئاشکرای دەکات کە گەلی کورد و رای گشتی دیمۆکراتیک ئیدی هێرشێکی تری بەم شێوە رەگەزپەرەستە لە بەرامبەر گەلی کورد و زمانی کوردی، قبوڵی ناکەن. کردەوەکانی هێرشە رەگەزپەرەستانەکان هەر کەسێک بێت با ببێت، گەلی کورد و رای گشتی وەکو ئەرکێک، ئەو سیاسەتە تێکدەرانە و جیاکارانە دەبینن کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بەرامبەر گەلی کورد و زمانی کوردی بەڕێوە دەچێت. هێرشەکانی سەر کورد و زمانی کوردی چاونەترسیی خۆیان لەو سیاسەتانە وەردەگرن.

ئەو هێرشەی ئەنقەڕە کە بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی بارش چاکان، زۆر دڵگرانی کردین و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی چاکان دەکەین و هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەکەیان دەردەبڕین.

رێگای نەهێشتنی ئەم جۆرە هێرشانە ئەوەیە کە لە بەرامبەر هێرشەکەی ئەنقەڕە و هەموو ئەو جۆرە هێرشانە کە بکەرەکانیان نەگەیشتووەنەتە سزاکەیان، لێپرسینەوەیەکی کاریگەر دەست پێبکات و کۆتایی بە سیاسەتی تێکدەرانە و جیاکاری دەست پێبکات."