پرۆفیسۆر د. عێزەدین مەستەفا ڕەسول کۆچی دوایی کرد
پرۆفیسۆر د. عێزەدین مەستەفا ڕەسول، نووسەر و ڕۆشنبیری کورد لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
پرۆفیسۆر د. عێزەدین مەستەفا ڕەسول، نووسەر و ڕۆشنبیری کورد لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بنەماڵەی پرۆفیسۆر د. عێزەدین مەستەفا ڕەسول ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نووسەر و ڕۆشنبیری کورد کۆچی دوایی کردووە.
پرۆفیسۆر د. عێزەدین مەستەفا ڕەسول کێیە؟
د. عێزەدین مستەفا رەسووڵ، لە ساڵی ١٩٣٤ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، مەلا مستەفای باوکیشی شاعیر و رووناکبیرێکی کورد بووە.
لە سەرەتادا لە مزگەوتی حاجی مەلا رەسووڵی دێلێژە دەست بە خوێندن کردووە و ساڵی ١٩٣٩ لە قوتابخانەی غازی دەست بە خوێندن دەکات و لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە .
د. عێزەدین مستەفا رەسووڵ دوای ئەوەی لە بەغدا گەڕاوەتەوە بووەتە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێ بە هۆی کاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی. دواتر بە فەرمانی عەبدولکەریم قاسم ، عێزەدین مستەفا رەسوول و ژمارەیەک خوێندکاری تر بۆ سۆڤییەت نێردراون. لە ساڵی ١٩٦٣ لە باکۆ دکتورای بەدەستهێناوە و دواتر لە سەر داوای حیزبی شیوعیی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا.
ساڵی ١٩٧٩ چووەتەوە بۆ مۆسکۆ، لەوێ درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرا و پرۆفیسۆری وەرگرتووە.لە ساڵی ١٩٩٢ لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بووەتە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی باشووری کوردستان. دکتۆر عێزەدین مستەفا رەسوول لە ساڵی ٢٠٠٩ خەڵاتی بلەی بۆ کەسایەتیی ساڵ لە بواری وێژەدا وەر گرتووە.
دکتۆر عێزەدین مستەفا رەسوول: عەبدوڵا ئۆجالان، ناوێکی گەورەیە و تێکۆشەرێکی مەزنە
لە ٥ی مانگی چواری ساڵی ٢٠١٨دا، بۆ ساڵیادی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، پ.د. عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ بۆ ڕۆژنیوز قسەیکردبوو، تێیدا باسی لە دیدارەکانی خۆی و ئۆجالان کرد و، وتی:"عەبدوڵا ئۆجالان، ناوێکی گەورەیە و تێکۆشەرێکی مەزنە لە مێژووی میلـلەتی کورددا، ئەو هەموو ساڵە لە بەندیخایە و نەڕووخاوە، هەربۆیە بە گەورەیی چووەتە مێژووی کوردەوە و حزبێکی گەورەی دروستکرد لە مێژووی کورددا، ئێستاکە بەهێزترین حزبی کوردە".
عێزەدین مستەفا ڕەسول، وەک خۆی باسیکرد، لە شام، لە ماڵی مام جەلال و لە بیقاع-یش ئۆجالانی بینیوە، بەوپێیەی د.عێزەدین ئەوکاتە سەرۆکی یەکێتی نووسەران بووە، یەکێتی نووسەران، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانیان بووە.
"لەگەڵ ئۆجالان باسی ئەدەبیاتمان کردووە، باسی ئەحمەدی خانیمان کردووە، چونکە نامەی دکتۆراکەی من لەبارەی خانیەوەیە، هەروەها باسی دواڕۆژ و ئایندەی کوردمان کردووە".
عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ وەها بەردەوامیی بە قسەکانی داوە "لە یەکێک لە دیدارەکانماندا ئۆجالان لێی پرسیم عەفرینت بینیوە؟، وتم بەڵێ، پێی وتم 'ئیجارژی بچە'، لەگەڵ هاوسەرەکەم بردیانین بۆ عەفرین، هەڤاڵێک لەگەڵمان هات بەناوی 'ئەبو راشد' پی ناساندین، خەڵکی عەفرینمان بینی، ئەو کاتە عەفرین هەمووی کورد بوو، لەوێ چووینە قەراغ ئاویش، لەبیرمە ئەبوڕاشد ئاماژەی بەوبەری ئاوەکە کرد و وتی 'ئەوژی کرمانجن'، دیارە کاتی خۆی لە کاتی دابەشکردنی کوردستان ئەو شارە بوەتە دوو پارچەوە، هەمووشی کورد بوو".
وەها کۆتایی بە قسەکانی هێناوە "دەوڵەتی تورک پەکەکەی پێ لەناو نابرێت، ئەوانەی لە دەسەڵاتدا جێدەگرن خەیاڵی دەوڵەتی عوسمانی لە کەلـلەیاندایە، بەڵام نە دەوڵەتی عوسمانی دروست دەبێتەوە، نە ئەوانیش دەبن بە سوڵتان".
ف.ق