پێشبینییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٠

"کەوایە زۆری نەماوە کۆتایی بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بێت. بۆ تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی گەلی کورد، ئایا لەمە گرنگتر قۆناغێکی دیکە هەیە؟ ئەو ئەنجامەی کە تێکۆشانی ساڵی ٢٠١٩ بەدی هێناو دەوروتەسلیمی ساڵی ٢٠٢٠ی کرد، ئەمەیە."

ساڵی ٢٠١٩ وا کۆتایی دێت. لە ئێستاوە نرخاندنەکانی کۆتایی ساڵ دەستی پێکردووە. هەموو کەس لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەنجامی گرنگ لە ساڵێ ٢٠١٩ بۆخۆی بەدەست بهێنێت و دەربازی ساڵی نوێی بکات. وەک ئاشکرایە ساڵی ٢٠١٩ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێهەمدا، بە شەڕێکی قوڕسەوە تێپەڕی و لە رووی سیاسی و سەربازییەوە گۆڕانکاریی گرنگ روویاندا. بێگومان سەرەکیترین گۆڕەپانیش کە جەنگێکی قوڕسی تێدا روویدا و گۆڕانکاری تێدا دروست بوو، کوردستان بوو. بۆیە ئەزمون و وانەوەرگرتن لە ساڵی ٢٠١٩ لە کوردستان، بۆ تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی کورد، لە هەموو ناوچەیەک گرنگترە.

ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە بۆ ئێمە ئەمەیە: وانە و ئەزمونەکانی ساڵی ٢٠١٩ بۆ کوردستان چین؟' ئایا کامەیان وڵامە، بۆ ئەم پرسیارە؟ بێگومان لە پراتیکی کوردستانەوە، زۆر وانە هەن کە دەتوانین وەریان بگرین. چونکە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە ساڵی ٢٠١٩ بە چالاکیی بەرفراوان تێپەڕی و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان لە وڵات و ناوچەکەوە پەرەی سەندو و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاو بووەوە. بۆ نمونە؛ خۆڕاگرییە گەورە ٢٠٠ رۆژییەکەی مانگرتن لە خواردن و ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ ئازارو چالاکی و خۆڕاگرییە بەردەوامەکانی گەریلاکانی پەکەکە لە شاخ و دەشت و شارەکان و چالاکییە بەردەوامەکانی گەلی کورد کە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەڕێوە چوون، مۆری خۆیان لە ساڵەکە دا.

لەگەڵ ئەمەشدا، خۆڕاگریی قارەمانانەی رۆژئاوا کە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرێوەی دەچێت، بە تایبەت مۆری خۆی لە سێ مانگی کۆتایی سالەکەی دا. خۆڕاگرییەکەی رۆژئاوا، سەرەتا لە باشور و رۆژهەڵات، گەلی کوردستانی هەڵساندە سەرپێ و کوردانی دەرەوەی وڵات و مرۆڤایەتی بندەستیشی، لە سەرتاسەری جیهان خستە جوڵەوە. گەنجان جارێکی دیکە روویان لە رۆژئاوا کرد و هەڵوێستی بایکۆتکردنی دەوڵەتی تورک کە لە باشورەوە دەستی پێکرد، لە هەموو شوێنێک بڵاو بووەوە. ئەمانە هەمووی بوون بە هۆکار کە کار و خەباتی یەکێتی نەتەوەیی کورد و کۆنگرەی نەتەوەیی دیمۆکراتیک سەر لە نوێ ببێتە بابەتی گەرمی سیاسەت.

لەگەڵ هەموو ئەمانە، لە باکوری کوردستان دیکتاتوری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە سەر لە نوێ دەستی بە سەر شارەوانییەکاندا گرت و ئەو هاوسەرۆکانەی لە ٣١ی ئازاردا هەڵبژێردرابوون، گرتنی. باکور بوو بە گرتووخانەیەکی نیوکراوە کە ئیدی مرۆڤ ناتوانێت بچێتە دەرەوە. لە ئەنجامی هێرشە قڕکەرەکانی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە دا شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی داگیر کران و سیستمی فاشیست-قڕکەر هەوڵی دا یەک پارچەبوونی رۆژئاوای کوردستان لەناو برێت. ئەم هەموو ئەنجامانە هەمووی وەکو 'لەدەستدانی دەستکەوتەکان' دەنرخێنرێن. واتە لە سالێ ٢٠١٩ لەگەڵ پێشکەون و دەستکەوتە گرنگەکان لە رووی پراکتیکییەوە، چەندین شتیش لەدەست چوون.

باشە ئەو راستییەی مۆری خۆی لە ساڵەکەدا چیە؟ وڵامی ئەم پرسیارە بە پێی بۆچوونی کەسەکان دەگۆڕێت. بێگومان ئەو کەسە رەشبینانەی بە شێوەیەکی تەسک دەڕووانن، لایەنی 'لەدەستدانی دەستکەوتەکان' لەم ساڵەدا زەق دەکەنەوە. بەڵام ئەمە تابلۆیەکی مادییە و لە چوارچێوەی پێشکەوتن و دواکەوتنی پراکتیکیدا روو دەدەن. بۆ تێکۆشانێکی شۆڕشگێرانە و بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز، شتێکی سروشتییە کە لە رووی پراکتیکییەوە پێشکەوتن و دواکەوتن رووبدەن. بۆیە ئەم بارودۆخە مۆری خۆی لە ساڵی ٢٠١٩ نەداوە. بارودۆخێکی وایە کە لە ساتێکدا دەتوانرێت سەر لە نوێ بە گۆڕانکاریی پراکتیکی، بونیاد بنرێتەوە. کەوایە تێگەیشتنەکانی ساڵی ٢٠١٩ کۆمەڵێک راستیی جیاوازن. باشە ئەو راستی و وانە گرنگانەی چین؟

کاتیک لە چوارچێوەی ئەم پرسیارەدا، تەماشای رووداوەکانی دوای ٩ی تشرینی دووهەم لە رۆژئاوا بکرێت، ئاشکرا دەبێت کە بە پێشەنگایەتی ئەمریکا و روسیا لە دژی کورد و گەلانی ناوچەکە چ یارییەکی گەورەی سیاسی و سەربازی لە ئارادایە. ئایا ئەنجامی ئەوە چیە؟ یەکەم؛ سیستمی دواکەوتوو، هەروەها دوژمنانی گەلان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن هێزە دەرەکییەکانی وەکو ئەمریکا و روسیاوە دەپارێزرێن.
 دووهەم؛ کێشەی کورد، لە بنەڕەتدا کێشەی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی گلوبالە کە هێزەکانی وەکو ئەمریکا و روسیا پێشەنگایەتیی بۆ دەکەن. سێهەم: هێزە دەسەڵاتخواز و نەتەو-دەوڵەتەکان کە کێشەی کوردیان ئافراندووە و گەلانی ناوچەکەیان لە ژێر پێگەی خۆیان دەهێڵنەوە، فێڵباز و بەرژەوەندیخوازن.
چوارهەم: ئەو هێزانەی دەرەوە هەوڵ دەدەن، ناوچەکە لەو پارچەبوونەی کە هەیە، زیاتر پارچە پارچەی بکەن و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بهێننە بەرامبەر یەکدی و بەشەڕیان بهێنن و بەم شێوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکەن، وەکو ئەوەی مانگایەک بدۆشن و ناوچەکە هەڵمژن. ئەم هەموو راستییە لە پراکتیکی ساڵی ٢٠١٩ بە شێوەیەکی ئاشکرا بینرا.

ئەوەی بۆ کورد گرنگە ئەوەیە بزانن کێشەی کورد لە لایەن هێزە گلۆباڵەکان، بە سەرکێشیی ئەمریکا و روسیاوە بەردەوامی پێدەدرێت و ئەو هێزانە رێگرن لە بەردەم چارەسەریی دیمۆکراتیک. کەوایە پەیوەندی ئەو هێزانە لە گەڵ کورد بە تەواوەتی ساختە و بەرژەوەندیخوازانەیە. بۆیە لە لای ئەو هێزانە بە هیچ شێوەیەک شتێک بە ناوی 'دۆستایەتی لەگەڵ کورد' بوونی نییە. پەیوەندی و پەیمانەکانی ئەمریکا و روسیا لەگەڵ دەولەتی تورک ئەم راستییە بە شێوەیەکی ئاشکرا دەردەخەن.

بابەتێکی دیکە کە ئاشکرا بووە، ئەوە کە هێزە گلۆباڵەکان  و دەوڵەتە هەرێمییەکان دەیانەوێت بە یەکەوە کوردستان بەرێوە بەرن و لە بەڕێوەبردنەکەشدا، دەیانەوێت رۆڵی دەوڵەتی تورک بە زیهنییەتێکی خوێنمژ و قڕکەر، بنەڕەتی بێت. لە راستیدا کەسێک لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەنگی ناڕەزایی بەرز نەکردەوە. جگە لەمەش هەڵوێستێکی سیاسی وەهایان پیشاندا کە شەرعییەتیاندا بە داگیرکەرییەکە. باشە چ ئەنجامێک لەمە دەتوانرێت وەربگیرێت؟

یەکەم؛لە پارچەکانی کوردستان ئەگەر بارودۆخیکی جیاوازیش هەبێت، بەڵام چارەسەرییەکی هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، دەبێت هاوبەش بێت.
دووهەم؛چارەسەرییەکی بەم شێوەیە تەنها دەتوانرێت بە لەناوبردنی سیاسەت و زیهنییەتی قڕکەر و خوێنمژی دەوڵەتی تورک بەدی بێت.
سێهەم؛ بۆ بەدیهاتنی چارەسەرییەکی هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، بەرەوپێشچوونەکانی باکوری کوردستان، یەکلاکەرەوەن.

کەوایە بەدیهاتنی چارەسەرییەکی هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، تەنها بە هەڵوەشاندن و تێکبردنی سیاسەت و زیهنیەتی قڕکەر و خوێنمژیی دەولەتی تورک دەبێت. واتە دوژمنی سەرەکی کورد و تێکۆشانی ئازادی کورد، سیاسەت و زیهنییەتی خودی دەوڵەتی تورکە، کە کورد لە بەرامبەر خۆی وەک دوژمن دەبینێت. لایەنە لاوازەکەی ئەو سیاسەت و زیهنییەتەش دەستەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە یە. واتە بەردەوامیدان بە هەبوون و ئازادی کورد، بە هەڵوەشاندنی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە، بەدی دێت. باشە بۆ هەڵوەشاندنی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە تێکۆشانی ساڵی ٢٠١٩ و ئەنجامەکانی چی ئاشکرا دەکات؟

کاتێک مرۆڤ لە سەر ئەم بنچینەیە تەماشای رووداوەکە بکات، دەتوانێت ببینێت کە تێکۆشانی ساڵی ٢٠١٩ فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەی لە هەموو روویەکەوە گەیاندووەتە بەردەم هەڵوەشاندنەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار و ٢٣ی حوزەیراندا تێک چوو، ئیدی کەوتە ناو بارودۆخێکی وەهادا کە ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بداتەوە. تەمەنی خۆی بە شەڕ و هێرش درێژ دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نەیتوانی گەریلاکانی کورد لەناو بەریت. لە ئەفرینەوە هەتا شەنگال و لە خواکورکەوە هەتا حەفتەنین، هەموو رۆژ هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و باشوور. دەسەلاتداریی فاشیست هەوڵ دەدات بەم شێوەیە خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ناتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. لە هەمان کاتدا لە ناو رای گشتی و سیاسەتی جیهانیدا، گۆشەگیر بووە. ئیدی ناتوانێت پشتیوانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ وەربگرێت و کەوتووەتە ناو ناکۆکییەوە. لە کۆتاییدا هەم ئاکەپە لە ناو خۆیدا پارچە دەبێت و هەم یەکێتی نێوان ئاکەپە-مەهەپە لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدایە. لە پشت بەڕێوەبەرایەتی طەییب ئەردۆغان وەکو جاران ئیدی پشتیوانی دەنگ بوونی نەماوە.

واتە زۆری نەماوە کۆتایی بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بێت. بۆ تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی گەلی کورد، ئایا لەمە گرنگتر قۆناغێکی دیکە لەئارادا هەیە؟ ئەو ئەنجامەی کە بە تێکۆشانی ساڵی ٢٠١٩ بەدی هات و دەور و تەسلیمی ساڵی ٢٠٢٠ کرا، ئەنجامێکی بەم شێوەیەیە. ئاشکرایە ئەو ئەنجامانەی لە ساڵی ٢٠١٩ دا بەدی هاتن، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا دەگەن بە کۆتا و بەڕیوەبەرایەتی طەییب ئەردۆغانیش بەر لەوەی بگاتە ناوەڕاستی ٢٠٢٠ تێک دەچێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رێگا بۆ ئازادی کوردستان و دیمۆکراتیکبوونی تورکیا بکرێتەوە. لەسەر بناغەی کوردستانی ئازاد و تورکیایەکی دیمۆکراتیک، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زووترین کات دەکەوێتە ناو پڕۆژەیەکی دیمۆکراتیکبوون و دیمۆکراسی جیهانیش رۆژ بە رۆژ بەدی دێت. ئایا پێشکەوتن و دەستکەوتێکی لەمە گەورەتر هەیە؟

سەرچاوە: یەنی ئوزگور پۆلیتیکا

ز.ش