پەروین ئەدوایی بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی ژنانی سنە ڕەوانەکرا

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پەروین ئەدوایی چالاکوانی مەدەنیی کورد بەمەبەستی تێپەڕکردنی ٢ ساڵ سزای بەندکران بۆ ناوەندی پەروەردە و چاکسازی (بەندیخانەی ژنان) ی سنە ڕەوانەکرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرابوو، بەڵام ئەو سزایە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە، پەروین ئەدوایی لە کاتێکدا گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە کە تووشی نەخۆشیی کەم کاریی ڕژێنی دەرەقی (تیرۆید)ە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسە دادوەرییەکانی مەریوان ئاگاداریی ئەو نەخۆشییەی پەروین ئەدوایی بوون، پاش بڕانەوەی سزاکەی دەستبەجێ بانگیان کردبوو بۆ بەندیخانە بۆ ئەوەی ماوەی سزاکەی تێپەڕبکات.

ف.ق