پەیامی پیرۆزبایی کەجەکە بۆ هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پەیامێکى پیرۆزبایى بۆ هاوسەرۆکانی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەى کەجەکە بۆ هاوسەرۆکانی یەکێتى

بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی

بەڕێوه‌بردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو ئامانجەکانی شەهیدان و پاراستنی یەکێتیی نەتەوەیی ئەرکێکی مێژووییه. سەرۆکایەتی یەکێتیی بەرپرسیاریی نوێنەرایەتی ئیرادەی ژیانی ئازادی کوردستانی لەبەرامبەر هەموو هێزەکانی دژی ئازادیی و یەکێتی کوردان لە ئەستۆیدایە. لەو بڕوایەداین هاوسەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاستینەی ئەو تێکۆشانەی کە لە چوارپارچەی کوردستان بەرەو پێش دەچێت، رۆڵی خۆی دەبینێت و هەر یەک لە ئێوه‌ی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ‌ جەنگی دەتوانن ئەرکی مێژوویی خۆتان جێبەجێ کەن.

گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بە سەدان هەزار قوربانی توانیویەتی دەستکەوتی مێژوویی مسۆگەر بکات، پاراستنی ئەو دەستکەوتانه ئەرکێکه کە شەهیدان و گیانبەختکردوانی کوردستان بە شوێنکەوتوانی ئەو رێگە پیرۆزه‌یان سپاردووه. بێگومان لەسەر بنەمای بەدیموکراسیبوون، پاراستنی دەستکەوتەکان لە پارچەیەکی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە تێکۆشانی ئازادیی لە هەموو پارچەکانی وڵات، هاوسەرکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو ئەرکێک کە شەهیدان پێیان سپاردوون، پێویسته باشوری کوردستان بەرەو دیموکراسییەت ببات و قۆناغی زێڕین لە مێژووی گەلی کورد تۆمار بکەن.

پەیوەندیی بەردەوامی مامۆستای پێشەنگ ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلالی هەمیشه زیندوو لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەوێنی هاوسەنگەریی و هاوخەباتیی ڕێگەی پڕ هەوراز و نشێوی تێکۆشانی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلانی کوردستانه. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو هێزیکی پێشکەوتووخواز خاوەن هێزی تێکوشانی گەنجانەیە و ئەم تواناییە پەیوەستە بە مێژووی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان.

گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان به هەڵبژاردنی بەڕێزتان بۆ هاوسەرۆکایەتی ی.ن.ک، چاوەڕوانن بەرامبەر هێرشی داگیرکاران و ناحەزان بۆ سەر باشوور و بەشەکانی تری کوردستان خاوەن هەڵوێست بن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزمون و کارامەیتان بتوانن وەڵامی گونجاو بە دووژمنانی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان بدەنەوە. بێگومان جەماوەری یەکێتی چاوەڕوانی ئەوەن سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پێداگریی لە سەر ڕێبازی مام جەلالی هەمیشە زیندوو و مامۆستای نەمر ئیبراهیم ئەحمەد دەیان هەزار گیانبەختکردووی ڕێگای ئازادیی بەرامبەر داگیرکارییەکاران بووەستنەوە و بەرەی بەرخۆدان قایمتر بکەن، بێگومان ئەمەش بە یەکڕیزیی دەێتە ئاراوە و هیوا دەخوازین هاوسەرۆکایەتیی نوێ لە یەکدەنگیی گەلی چوار پارچەی کوردستان و دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەییدا ڕۆڵی بەرچاو ببینێت.

لە سەر ئەو بنەمایە لەو بڕوایەداین، که هەڵبژاردنی هەر یەک لە ئێوه‌ی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەرکی هاوسەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت دەرفەتێکی زێڕین بۆ گەلی کورد بە تایبەت لە باشووری کوردستان، جەماوەری ی.ن.ک و گەنجانی یەکێتی فەراهەم بکات، تا ئەم قۆناغه مێژووییه بە سەرکەوتن تێپەڕێنێت و ئایندەی ڕووناکی وەکو سەرجەم گەلانی ئازادی جیهان هەبێت. بۆیە سەرکەوتنتان لە خەبات و تێکۆشان بە سەرکەوتنی گەل و خۆمان دەبینین و هیوای بۆ دەخوازین.

هاوسەرۆکایەتی کەجەکە

٢٣ شوباتی ٢٠٢٠

ژ.ت