چالاکیەکانی 'ڕۆژی زمانی دایک' لە کوردستان و تورکیا

لە ئامەد، ئێلح، مێردین، ئیزمیر و ئایدن بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک چالاکی ئەنجامدران و بانگەوازی بۆ خاوەندارێتیکردن لە زمانی دایک کرا.

لە ئامەد، ئێلح، مێردین، ئیزمیر و ئایدن بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک چالاکی ئەنجامدران و بانگەوازی بۆ خاوەندارێتیکردن لە زمانی دایک کرا.

ئامەد

پلاتفۆرمی زمانی کوردی لە هۆتێلێکی ناوچەی سوور کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا. لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە، سالیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپە، ئیمام تاشچیئەڕ پەرلەمانتاری هەدەپە، نورەدین ماچین پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری ٩ پارتی بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد.

شەرەفەدین جزیری وتەبێژی پلاتفۆرمی زمانی کوردی ڕایگەیاند، ئەگەر کورد خاوەنداری لە زمانی دایکی خۆیان نەکەن، لەناودەچن.

دواتر لەیلا گیوڤەن قسەی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردیش زمانی ڕاگەیاندنی خۆیان بکەن بە کوردی.

ئیزمیر

ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپەی ئیزمیر بە کوردی ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە هەموو کەسێک کرد ڕێز لە زمانی دایک بگرن.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا عەقلیەتی ئاکەپە بەرانبەر کلتور و زمان و ئایینەکان وەبیرهێنرایەوە و باسی ئەوەکرا، ڕێگریکردن لە پەروەردەی زمانی دایک، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.

ئێلح

ئەندامانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و ئەنجمەنی ژنانی هەدەپە لە ئێلح لە باڵەخانەی هەدەپە کۆبوونەوە و ڕاگەیەنراوێکیان خوێندەوە. جگە لە ژنانی هەدەپەیی و ئەندامانی بزوتنەوەی ژنان هاوسەرۆکی شارەوانیەکانیش بەشداریان کرد. گوڵستان سۆنک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاروچکەی بەکرخان ئاماژەی بە گرنگی قسەکردن و نووسین بە زمانی کوردی کرد.

مێردین

ڕێکخستنی هەدەپەی مێردینیش کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. پەریخان ئاغائۆغلۆ هاوسەرۆکی هەدەپەی مێردین ڕایگەیاند، دەسەڵات دەیەوێت زمانی ئەم خەڵکە بە سیاسەتی زۆردەستی و فاشیست لەناوبەرێت.

ئایدن

ڕێکخستنی ئایدنی هەدپەش لەسەر هەمان بابەت کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. ئایشەنوور وائیزئۆغلۆ هاوسەرۆکی هەدەپەی ئایدن وتی، "لەم جۆگرافیایە هەوڵدەدرێت بە سیاسەتی تواندنەوە و قەدەغەکردن زمانە جیاوازەکان لەناوببرێن."

ف.ق