ڕژێم لە یەکێتی و بەرخۆدانی گەلان دەترسێت

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران بە زەبروزەنگ دەیەوێت کردەوە دژە مرۆڤەکانی بشارێتەوە.

پژاک لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بێگۆمان دۆخی ئێستای ئێران کە ڕۆژ بە ڕۆژ قەیڕانەکان قوڵتر دەبنەوە، ئەنجامی عەقلیەت و سیاسەتی هەڵەی حکومەت و دەوڵەتی ئێرانە.

پژاک دەڵێت، "لەم ساڵانەی دواییدا زریانی گۆڕانکاریەکان ناوچەکەی گرتووەتەوە و توڕەیی و ناڕەزایی گەلان لەدژی دەسەڵاتدارە زاڵمەکان گەیشتووەتە ئاستی لوتکە. گەلانی ئێرانیش لە سەر ڕێچکەی کلتوری و مێژووی خۆیان جارێکتر ئەمساڵ دەستیان بە مانگرتن و خۆپیشاندان کرد، بەڵام ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پیشەی دێرین و عەقلیەتی خۆی بە شێوەیەکی دڕندانە وڵامی داواکاری دیموکراتیانەی گەلانی دایەوە و لە ئەنجامدا بە هەزاران هاوڵاتی کوژران و بریندارکران و دەستگیرکران.

لە ڕاگەیەنراوەکەی پژاک دا هاتووە، لەگەڵ فشار و کوشتن و هەوڵەکانی سەرکوتکردن، گەلان ئێران لەسەر بەرخۆدان و تێکۆشانیان بۆ دادپەروەری بەردەوامن و پێداگیری گەلان و خانەوادەی قوڕبانیان لەسەر ناڕەزاییەکانیش نیشانەی بەدەستهێنانی ئازادیە. هەروەها لە کەسایەتی پویا بەختیاری کە چل  ڕۆژ لەمەوبەر شەهیدکرا، یادی هەموو شەهیدەکان دەکەیەنەوە و پشتگیری خۆمان بۆ مانگرتن و خۆپیشاندانەکان دووبارە دەکەینەوە.

پژاک لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا بانگەوازی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد بە شێوەیەکی فراوان بەشداری لە چالاکیە ناڕەزاییەکاندا بکەن و بەرخۆدان و تێکۆشان لەدژی دیکتاتۆری بگەیەننە لوتکە.

ف.ق