ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یەکەیەکى سوپای تورکدا بڵاوبووەتەوە

لە یەکەیەکى ٢٠٠ سەربازیی سوپای تورک لە جۆلەمێرگ دا ١١ سەرباز تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. سەربازە تووشبوەکانیان گواستووەتەوە بۆ ئۆتێلەکان و کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون و ئەوەش ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان و تورکیادا بڵاوبووەتەوە. لەبەر ئەوەى حکومەتى ئاکەپە لە تورکیا و باکووری کوردستان رێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتە بەر، ژمارەی قوربانیان رۆژ لە دواى رۆژ زیاد دەکەن.

سەرباری کەموکوڕییەکانى سیستمی تەندروستی لە شارەکانی کوردستاندا حکومەتى ئاکەپەش لەوبارەیەوە هیچ کارێک ناکات. لە کوردستان گەل خۆی لە دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەکۆشێت و دەوڵەتیش ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات. حکومەتى ئاکەپە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی رۆژانە سەدان سەرباز رەوانەى جۆلەمێرگ و ناوچەکانى دەورووبەری دەکات.

بەپێی زانیارییەکان ئەو سەربازانەى رەوانەى ناوەندی جۆلەمێرگ و ناوچەکانى گەڤەر، شەمزینان و چەلێ دەکرێن لە رووی تەندروستییەوە پشکنینیان بۆ ناکرێت. هەندێک سەربازیش براونەتە جۆلەمێرگ و ناوچەکانى تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. لەبەر ئەوەى سەربازە تووشبوەکان لە ناو سەربازەکانى تردان و ئەوانیش دەچنە ناو گەل، ترس و نیگەرانی لە ناو هاووڵاتییاندا دروستبووە.

لەو چوارچێوەیەدا لە یەکەیەکى سەربازی لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ، کە لە ٢٠٠ سەرباز پێکدێت ١١ سەربازیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. سەربازە تووشبوەکان لە گەڤەر گواستراونەتەوە بۆ ئۆتێلەکان و کۆمەڵگەکانى نیشتەجێ بوون و ئەوەش بووە هۆی شڵەژان و ناڕەزایەتیی گەل.

'دەبێت سەربازەکان کەرەنتینە بکەن'

 هاووڵاتییانی جۆلەمێرگ لەوە نیگەرانن و دەڵێن "لە بریی ئەوەى ئەو سەربازانە کەرەنتینە بکەن بە ناو خەڵکدا دەسوڕێنەوە. ئەو سەربازە نەخۆش و تووشبوانە نەخۆشییەکە بە ناو گەل دا بڵاودەکەنەوە، چونکە لێرە هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر. زۆربەى سەربازەکان گەنجن و هەست بە نەخۆشییەکەیان ناکەن و ئەوەش  دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناو گەل دا. ئەو سەربازانەى لە ناوەندی شاردا جێگیرکراون، دەبێت بە خێرایی لە یەکەکەى خۆیاندا کەرەنتینە بکرێن".

ژ.ت