کاندەمیر: دەوڵەت بە هێرش وڵامی بانگەوازی ئاشتی دەداتەوە

غەریب کاندەمیر هاوسەرۆکی ڕێکخستنی دەبەپەی ئامەد ڕایگەیاند، گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان گۆشەگیری سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و وتی، "دەوڵەت بە هێرشکردن وڵامی بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی دەداتەوە.

غەریب کاندەمیر هاوسەرۆکی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان لە ئامەد ناڕەزایی بەرامبەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەڕبری و گۆشەگیری سەر ئۆجالانی وەک زیانێک بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدا و وتی، "لە ساڵی ١٩٩٩ەوە گۆشەگیری بە شێوەیەکی سیستماتیک لەدژی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەڕێوەدەبرێت. ئەم سیاسەتەی تواندنەوە و کۆمەڵکوژیە تەنها لەدژی گەلی کورد نییە، بەڵکو مەترسی لەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات. لە ڕۆژی دروستکردنی کۆماری تورکیا و تا ئێستا سەرچاوەی ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە بەرامبەر گەلی کورد کراوە، سیاسەتی نەژادپەرستی دەوڵەتە."

کاندەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە شێوەی ئاشتی و دیموکراتی چارەسەر ببێت، بەڕێز ئۆجالان ڕەنجێکی زۆری کێشا. بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی لەسەرپێ بمێنێتەوە دەستی بە سیاسەتی شەڕ کرد. عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن مۆدێکی چارەسەریە. بەڵام زلهێزەکان لە سوریا، ئێران، لیبیا، عێراق و تورکیا بە سیاسەتی شەڕ ناوچەکە دەخەنە دۆخێکی سەختەوە. پێویستە عەقلیەتی دەسەڵاتی فاشیتی ئاکەپە و مەهەپە بگۆڕدرێت. ئەگەر بەم شێوەیە بمینێتەوە و عەقلیەتی دەسەڵات نەگۆڕێت، ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە بەردەوام دەبن.

کاندەمیر هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە دۆخە سەختەکاندا کرد کە بە چارەسەریەکانی ئارامی بۆ وڵات گەڕاندووەتەوە و وتی، "بەڕێز ئۆجالان ئەکتەری سەرەکیە بۆ خوڵقاندنی دانوستانی ئاشتی و ئارامی. لەبەرئەوەی خاوەنی هەڵوێست و ڕۆڵێکی بەم شێوەیەیە، ٢١ ساڵە لەژێر گۆشەگیریدایە. حکومەت بۆ ئەوەی لەسەرپێ بمێنێتەوە بەردەوامی بە گۆشەگیری دەدات. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر ببێت، تورکیا دەگاتە ئاشتی و ئارامی، ئەم دۆخە و ئەم حکومەتەش لەگەڵ زەوی تەخت دەبن."

دەوڵەت جارێکیتر ڕووی شەڕخوازی خۆی ئاشکرا کرد

کاندەمیر ئەوەی خستەڕوو، دەسەڵاتی ئاکەپە لە هەموو ڕوویەکەوە تووشی کێشە بووەتەوە. سیاسەتی شەڕخوازی ئاکەپە وادەکات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئابوری تورکیا لاواز ببێت. بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. لە هەموو جێگایەک دوکاندارەکان دەڕابەکانیان دادەخەن. بەڵام بە خەیاڵی ئاکەپە و مەهەپەدا نایەت. ئامادەن بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات بمێننەوە، گەلانی تورکیا بکەن بە قوڕبانی. هەموو ڕێگاکانی سیاسەت داخراوە. بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و گۆشەگیری تێکبشکێنرێت، پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر تێکۆشان بکرێت. تا کۆتایی بە گۆشەگیری نەهێنرێت، تورکیا ئارام نابێت.

کاندەمیر چالاکی مانگرتن لە خواردنی وەبیرهێنایەوە کە چاوپێکەوتنەکان جارێکیتر هەناسەیەکی تری دایە بەر کۆمەڵگا و وتی، "بەڕێز ئۆجالان وەک ساڵی ٢٠١٣ پڕۆسەکەی زیندوو کردەوە، بەڵام دەوڵەت بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵەی نەکرد، بە پێچەوانەوە پەلاماری نرخەکانی گەلی کوردیدا. بە دامەزراندنی قەیوم لەجێگەی شارەوانیەکان و بە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان وڵامی بانگەوازی ئاشتی بەڕێز ئۆجالانی دایەوە. دەوڵەت جاریکیتر ڕووی شەڕخوازی خۆی ئاشکرا کرد.

ف.ق