کوژران و بریندرابوونی ٦ کۆڵبەری تر لەلایەن رژێمى ئێرانەوە

کوشتاری بە کۆمەڵی کۆڵبەرانى کورد لەلایەن هێزەکانى رژێمى ئێرانەوە دەستیپێکردووە. تەنها لە ماوەی شەو و رۆژێکدا ٦ کۆڵبەری تر لەلایەن چەکدارەکانى ئەو رژێمەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون و بریندار کراون. هاووڵاتیانیش لە دژی ئەو کوشتارە ناڕەزایەتى دەردەبڕن.

بەپێى سەرچاوە هەرێمییەکان تەنها دوێنێ پێنجشەممە ٢٩ی تشرینى دووەەمی ٢٠١٨ / ٨ی سەرماوەز لەلایەن چەکدارەکانى رژێمى ئێرانەوە ٦ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کوژراون و برینداربوون.

 ئێوارەى دوێنێ پێنجشەممە کاروانێک لە کۆڵبران لە ناوچەى کانی خودا (کانی خوڵا) لە سنووری پیرانشار کەوتوونەتە بۆسەى چەکدارەکانى سەر سنووری ئێران و بەهۆی تەقەی ئەو چەکدارانەوە کۆڵبەرێک بە ناوی فەرهاد بیانک خەڵکی گوندی ماشکان کوژراوە.

هەر لەو بۆسەیی چەکدارانى رژێمى ئێران دا سدیق بیانک برای فەرهاد بیانک و کۆڵبەرێکى تر بریندار بوون.

هاوکات ژمارەیەکى تری کۆڵبەر بۆ رزگاربوون لە دەست چەکدارانى رژێم بەرەو ناوچە مینڕێژکراوەکان هەڵهاتوون و لەو ناوچانەدا گیریان خواردووە و چارەنووسیشیان نادیارە.

هاوکات چەکدارانى رژێم لە دەورووبەری گوندی ماڵتە لە سنووری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەری ترکردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەریک بە ناوی هادی سەلیمی خەڵکی گوندی ساڵە و تەمەن ٣٠ ساڵ و باوکی ٢ منداڵ کوژراوە.

هەر لەو تەقەیەى چەکدارانى رژێمدا یادگار سەلیمی ئامۆزای هادی سەلیمی و کۆڵبەرێکى تریش بریندار بوون.

رۆژی چوارشەممە ٢٨ی تشرینى دووەم کاروانێکى تری کۆڵبەرەکان لە دەورووبەری گوندی کانی زەردی سەردەشت لەلایەن چەکداراەکانى رژێمەوە کرانە ئامانج و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی رەزا وەستاسیمانی بە قورسی بریندارکرا.

هەر رۆژی چوارشەممە کۆڵبەڕێک بە ناوی سەعدوڵا شەریف زادە خەڵکی گوندی نەمیشری بانە بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایى شاخ و رێگای کۆڵبەرییەکەوە بە قورسی بریندرابووە.

رۆژی سێشەمەى ئەم هەفتەیە ٢٧ی تشرینى دووەم بەهۆی تەقەى چەکدارەکانى رژێمەوە کۆڵبەرێکى تر بە ناوی مەهدی ئەمینى لە سنووری بانە بریندار کرا.

بەپێى ئامارەکانى کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە تاوەکو رۆژی چوارشەممە ٢٨ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ٧ی سەرماوەز، ٥٤ کۆڵبەر و کاسبکار بەهۆی تەقە و پەلامار و بۆسەی هێزەکانى رژێمى ئیرانەوە کوژراون و ٨٩ کۆڵبەر و کاسبکاری تریش برینداربوون.

لە کاردانەوەدا بەرامبەر بە کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکاران لەلایەن چەکدارەکانى رژێمى ئێرانەوە، یەکێتیى گەنجانی بانە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیادا داوا کراوە لە دژی کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن و رێپێوان و گردبوونەوەى ناڕەزایەتى ئەنجام بدرێت.

ر.م