کۆدار:رژێمی ئێران ناتوانێت ئەو ئاگرە گەشاوەی لە هەناوی گەلانی ئازادیخواز هەڵقۆڵاوە دابمرکێنێت

کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار رایگەیاند، رژێمی داگیرکەری ئێران دەیەوێت داواکارییەکانی گەل بچووک پیشان بدات، لە کاتێکدا داواکاری گەل چەسپاندنی دیمۆکراسی، عەدالەت، ناسنامەی کەلتوری و ئیرادەی سیاسییە.

کۆدار لە بەیاننامەیەکدا تیشکی خستە سەر ئەوەی بەڕێوەبەرانی ئێرانی لەسەر ناوی زیاد کردنی یارانە و شتی لەو بابەتە دەیانەوێت داواکارییەکانی گەل بچوک نیشان بدەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە داخوازی گەلان چەسپاندنی دیموکراسی، عەداڵەت، ناسنامەی کولتوری و هەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی و خۆبەڕێوەبەرییە.

لە بەیاننامەکەی کۆداردا هاتووە:

وەک دەزانین ئەوە دەمێکە شەپۆلی ناڕەزایەتی دیمۆکراتیک بەشێک لە وڵاتانی دونیا وەک شیلی، فەرانسە، لوبنان،عێراق و چەند وڵاتی تری جیهان و ناوچەکەی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیکی تەنیوە.

لەمانگی رابردوودا گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ناسنامە و ئازادی، دژی گەندەڵی و نادادپەروەری دەسەڵاتدارانی رژێمی داگیرکەری ئێڕان رژانە سەر شەقامەکان. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و بە تایبەت ئەم ساڵانەی دوایی جاری یەکەم نیە کە گەلانی ئێران ناڕەزایەتی دیمۆکراتیک دەردەبڕن. بە دڵنیاییەوە داخوازی گەل تەنیا سنووردار بەدەستەبەرکردنی نان نییە کە بەڕێوەبەرانی ئێرانی لەسەر ناوی زیاد کردنی یارانە و شتی لەو بابەتە دەیانەوێت داواکارییەکانی گەل بچوک نیشان بدەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە داخوازی گەلان چەسپاندنی دیموکراسی، عەداڵەت، ناسنامەی کولتوری و هەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی و خۆبەڕێوەبەرییە.

جێگای داخ و پەژارەیە کە جارێکی تر رژێمی داگیرکەری ئێران بە شێوازێکی دوور لە ئەخلاق و مرۆڤایەتی، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داخوازی رەوای خۆپیشاندەرانیان دایەوە و بێ بەزەییانە بە سەدان کەسیان شەهید کرد و بە هەزاران کەسیان بێ سەر و شوێن کردوە کە هەتا ئێستایش گرتن و شەهید کردن لە ژێر ئەشکەنجەدا بە مەبەستی چاوترسێن کردنی گەل و کۆمەڵگا بەردەوامە. بەس حەقیقەتی تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلان بەرپرسانی ئێران ناچار بەوە دەکات کە دان بەو راستیەدا بنێن کە ئیدی ناتوانن ئەو ئاگرە گەشاوەی کە لەهەناوی گەلانی ئازادیخواز هەڵقوڵاوە و بە خوێن ئاو دراوەو بە ئاگر گوڕتر بووە، دابمرکێنن.

بەو بۆنەیەوە ئەو هێرشە دڕندانە و زەخت و گوشاری سەر گەل ئیدانە و شەرمەزار دەکەین. بە رێزەوە یادی ئەو شەهیدانەی بەشەکانی تری ئێران بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە شارەکانی جوانڕۆ، مەریوان، سنە، کرماشان و بۆکان بەرز و پیرۆز رادەگرین و لە کەسایەتی ئەواندا هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی بە بیر دێنین.

لەکۆتاییدا سڵاو حورمەت و سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی بنەمالەو و کەس و کاری شەهیدان و هەموو گەلانی ئێران دەکەین.پەیمانی خۆشمان بە شەهیدان نوی دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە بێ وچان درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان دەدەین.

کۆمیتەی شەهیدانی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان - کۆدار

١١.١٢.٢٠١٩

ز.ش