کۆدار چارەسەرى بۆ ئێران دەخاتەڕوو

زیلان تانیا هاوسەرۆکى کۆدار رایگەیاند، ئێران لە قەیرانێکى گەورەى سیستمدایە. راشیگەیاند "ئێمە بۆ گەلان پرۆژەى چارەسەری دەخەینەڕوو و مۆدێلێکى چارەسەریمان هەیە".

زیلان تانیا هاوسەرۆکى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) رایگەیاند، قەیرانە سیاسی، رۆشنبیری و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە رووی لە زیادبوون کردووە. قەیرانى سیستمیش لە رێگەى مۆدێلەکەى ئەوانەوە چارەسەر دەبێت. زیلان تانیا هاوسەرۆکى کۆدار لەبارەى ئەو قەیرانانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فوارت (ANF) دوا.

'رووی دەممان لە کۆمەڵگەیە'

زیلان تانیا باسی لە کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتى، ئابووری و رۆشنبیرییەکانى دەوڵەتى ئێران کرد و رایگەیاند، بنبەستێکى گەورە لە گۆڕیدایە و ئەوەش بەرەو خنکانى کۆمەڵگە دەڕوات، چونکە دەوڵەت ناتوانێت ئەو قەیرانانە چارەسەر بکات و کۆمەڵگەش هیواى چارەسەریى بە دەوڵەت نییە.

زیلان تانیا هاوسەرۆکى کۆدار راشیگەیاند "بەشێوەیەکى سەرەکی رووی دەممان لە کۆمەڵگەیە و دواى ئەوە لە دەوڵەت. هۆکارى ئەو قەیرانانە دەوڵەتە و دەبێت دەوڵەت باجی ئەو قەیرانانە بدات. ئەگەر دەیەوێت قەیرانەکان چارەسەر بکات، دەبێت پێش هەموو شتێک دەست بکات بە هەنگاونان بۆ چارەسەری. کۆمەڵگە ناچار نییە بە قبوڵکردنى ئەو قەیرانانە".

هاوسەرۆکى کۆدار وتى "ئێمە پرۆژەى چارەسەرى دەخەینەڕوو، چونکە هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، ئێمە خاوەنى ژیانێکى ئەڵتەرناتیڤین، خاوەنى فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاین و خاوەنى مۆدێلێکى چارەسەریی ڕیشەیین. بەشێوەیەکى تایبەتیش، بۆ ئەوەى پێش لە دۆخێکى خراپتر و رەشتر بگرین، لە پێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلانى ئێران، ئێمە پرۆژەى چارەسەرى دەخەینەڕوو"

 'دیموکراسی بە هێزى کۆمەڵگە بەدی دێت'

زیلان تانیا وتیشى "پرۆژەکەمان بۆ چارەسەرى پشتبەستوە بە هێڵی سێیەم. هێڵى سێیەمیش هێز لە کۆمەڵگەوە وەردەگرێت. دیموکراسی، ئازادی بە هێز و پشتیوانیى کۆمەڵگە بەدی دێت. هێزێکى دەرەکى ناتوانێت ئازادى و دیموکراسی بە کۆمەڵگە ببەخشێت. دەبێت کۆمەڵگە خۆى بڕیار بدات. ئێمە وەک بزووتنەوەیەک، هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لە پێناوى ئەوەدا کە داواکانى کۆمەڵگە مسۆگەر بکەین، ئامادەین لەگەڵ کۆمەڵگەدا رێ بکەین. سیستم گەیشتووەتە بنبەست و بۆ ئەوەى ئەو بنبەستە بشکێنین، ئێمە ئامادەین پێشەنگایەتى بکەین. نەک تەنها بە رەخنە، بەڵکو ئامادەین ئەرکەکانمان بەجێبهێنین".

'دەستوورێکى نوێ پێویستە'

هاوسەرۆکى کۆدار باسى لە فرە ناسنامەیى ئێران کرد و وتى "ئازەری، عەرەب، بەلوچ و گەلی فارس کێشەیان هەیە. بۆ ئەوەى ئەو کێشانە چارەسەر ببن، دەستوورێکى نوێ و دیموکراتێک پێویستە. بۆ دەستوورى دیموکراتیکیش گەل موخاتەبە. داواى گەل چییە وچ جۆرە سیستمێکى دەوێت. دەبێت لەو بارەیەوە بە ریفراندۆمێک، یان بە شێوازێکى تر پرسیار لە گەل بکرێت، دەبێت موخاتەب گەل بێت و گەل بڕیار لەسەر گۆڕانکارى بدات".

'کێشەى سەرەکی، کیشەى کوردە'

زیلان تانیا ئاماژەى بەوەکرد، کە کێشەی سەرەکیى ئێران کێشەى کوردە و لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو "هەر چۆن یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کێشەى کوردە، لە ئێرانیش کێشەى کورد کێشەى سەرەکییە، بەڵام دەوڵەتى ئێرانیش کێشەى کورد نابینێت، نەک ئەوەى نازانێت ئەو کێشەیە هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە چۆن سەیری کێشەکە دەکات، چونکا تا ئەو کاتەى کێشەى کورد چارەسەر نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت باسی ئازادى بکات".

ئەوەشى خستەڕوو "کورد ئەمڕۆ لە ڕووی رۆشنبیری، ئابووری و سیاسییەوە پاکتاو دەکرێت. ناسنامەى نییە، بوون بە پلە دووم و پلانى دووەم. بۆ ئەوەش دەرفەتى ژیانیان کەمە. بۆ ئەوەیە هەموو رۆژێک خۆیان لە سنوورەکان دەدەن و هەموو رۆژێک رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. کاتێک لە دژى ئەو دۆخە ڕاپەڕن، هەموو رۆژێک پەلامار دەدرێن و دەکوژرێن. لە دۆخی جیاکاریکردن (تەبعیز) لەگەڵیاندان و لەو دۆخەدا رایانگرتوون. ئەو ژنە کوردەى داکۆکی لە رۆشنبیری و کلتورى خۆى بکات دەکرێتە ئامانج. دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، زیندانى دەکرێن، بە تێزاب هێرشیان دەکرێتە سەر، ئەشکەنجەى دەروونییان بەرامبەر دەکرێت و لە ناسنامەى خۆیان بێبەش دەکرێن. ئێمە ئەوە بە کێشەیەکى سەرەکى دەزانین".

وتیشی "ئێران چارەسەرکردنى کێشەى کورد دوادەخات. ئێران ئامادە نییە بۆ هەنگاونان و پێش بە چارەسەرى دەگرێت و وەک ئەوەى کێشە نەبێت، دەجوڵێتەوە".

'دەبێت دەستبەرداری میلیتاریزەکردنى رۆژهەڵات بێت'

زیلان تانیا لەبارەی ئەو هەنگاوانەى، کە پێویستە رژێمى ئێران هەڵیان بگرێت وتى، دەبێت کێشەى کورد باش پێناسە بکات. بۆ ئەوەى باش پێناسەى بکات دەبێت لەگەڵ موخاتەبەکانى ئەو کێشەیەدا لە پەیوەندیدا بێت.

زیلان تانیا لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی "بوارى دیالۆگ بە تێکۆشان دەڕەخسێت. دواى ئەوە دەبێت دەوڵەت بۆ قۆناغى گۆڕانکارى ئامادە بێت و داواکارییەکان بە ڕەوا بزانێت".

ئەوەشى وت "ئێستا ژمارەیەکى زۆر زیندانیى سیاسیى کورد لە زیندانەکاندان، بەڵام ئەوان بە زیندانى سیاسیى پێناسە ناکرێن. لە دۆخى بە بارمتەگرتندان. ئێران دەیەوێت سات و سەودا بکات، بەڵام دەبێت ئێران دەستبەردارى ئەو سیاسەتە ببێت".

زیلان تانیا سەرنجى خستە سەر ئەوەش "دەوڵەتى ئێران رۆژهەڵاتى کوردستان میلیتاریزە دەکات و جیاکاری لە بوارى ئەمنیدا بۆ خۆى دروستکردووە، بەڵام پێویستە دەستبەرداری ئەو هەڵوێستەى ببێت".

'کێشەى ژن لە ئێراندا کێشەیەکى سەرەکییە'

هاوسەرۆکى کۆدار لەبارەى کێشەى ژن لە ئێراندا وتى "کێشەى ژن لە ئێراندا، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان. دەوڵەتى ئێران زایەندپارێزیى زۆر قوڵکردووەتەوە. بۆ نمونە، یەکێکە لەو دەوڵەتانە لە ئاستى جیهاندا، کە چاوپۆشى لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان دەکات. هێرشى دڕندانە دەکرێتە سەر ژن و جومگەکانى ژیانیان لێ بەرتەسک دەکرێتەوە. ئیدى کۆمەڵگە ئەوەى پێ قبوڵ ناکرێت، ئەو زایەندپارێزییە قورسە ئیدى قبوڵ ناکرێت. کولتوری دەستدرێژیکردن هەیە. ئەگەر ئەوە چارەسەر نەکرێت ئەوە دۆخەکە خراپتر و قورستر دەبێت. پارادیگمای تێکۆشانەکەمان بابەتى ئازادیى ژنى خستووەتە سەر شانى خۆی. تێکۆشانێک کە ئیرادە و ئازادیى ژن بە بنەما وەرنەگرێت و نەیکاتە ئەرکى خۆی، تێکۆشانێکى راست و دروست نییە و کۆمەڵگەیى بوونێکى راست و دروستیش نایەتە ئاراوە. ئازادیى ژن بۆ ئێمە پێورى سەرەکییە. یەکێک لە سەرچاوەکانى کێشەکانى ئێران، کێشەى ئازادیى ژنە".

  زیلان تانیا لە بەردەوامیى قسەکاندا ئەوەى خستەڕوو، کە دەبێت سەرەتا کێشەى ژن بەشێوەیەکى راست و دروست پێناسە بکرێت و بوارى تێکۆشانى هاوبەشی بۆ بڕەخسێنرێت. ئەوەشى خستەڕوو "دەبێت ژنان بتوانن خۆیان لەبارەى خۆیانەوە بڕیار بدەن. لەگەڵ هەر بابەتێکدا ئیرادەیەک و ورەیەک دێتە پێشەوە. ئەو سیستمەى ئێستا بۆ ژن هیچ دەرفەتێکى نەهێشتووەتەوە، کە ژنان بتوانن ئیرادەى خۆیانى تێدا بخەنەڕوو. تەنها کۆڵانەکانیان بۆ ژنان هێشتووەتەوە بۆ ئەوەى لە کۆڵانەکاندا باس لە داواکانیان بکەن، بەڵام دەبێت مرۆڤ ئەوە تەنها بە شیاوى خۆى نەزانێت. دەبێت زیاتر و ئاستى تر بۆ تێکۆشان دروست بکرێت. بۆ ئەوە دەبێت پلان و پرۆژە هەبێت. دەشبێت بارودۆخى ژنە سیاسییە زیندانیکراوەکان ببێتە رۆژەڤ و کۆتایى بە چاوەڕوانیى ژنە سیاسییە زیندانیکراوەکان بهێنرێت".

'دەستوەردانى هێزە دەرەکییەکان چارەسەری بەدی نایەنێت'

زیلان تانیا هاوسەرۆکى کۆدار لەبارەى ئەگەرى دەستێوەردانى هێزە دەرەکییەکان لە ئێران وتى "بە بڕواى ئێمە گرنگ ئەوەیە کە کێشەکان چۆن پێناسە دەکرێن. لە ئێران کێشەى ئازادى، کێشەى گەل و دیموکراسی زۆر زۆرە. دەبێت ئیتر ئێران بگۆڕدرێت. ئەو سیستمەى ئێستا بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت. بۆ ئەوەش پێویستە دەوڵەت لەسەر بنەماى هێڵى سێیەم لەگەڵ هێزى گەل و موخاتەبەکانى بکەوێتە دیالۆگەوە. هەندێک کەس و لایەن دەڵێن، بە دەستێوەردانى دەرەکى کێشەکان چارەسە دەبن، بەڵام ئەو لێکدانەوەیە هەم لە رووی سیاسییەوە هەم لە رووی کۆمەڵایەتییەوە دروست نییە. کێشەى ئێران بە دەستێوەردانى هێزە دەرەکییەکان چارەسەر نابێت. کێشەکان بە توانا و دینامیکى ناوخۆیى و هێزی ماتەوزەى کۆمەڵگە چارەسەر دەبێت. گومانیش لەوەدا نییە کە دەبێت ئێران بگۆڕدرێت و ئەوەش بابەتێکى ناچارییە جگە لە گۆڕین هیچ رێگاى ترى لە بەردەمدا نییە، بەڵام ئەو چارەسەرییانەى لە دەرەوە چاوەڕێى دەکەن و ئومێدیان لەسەر هەڵچنراوە لەلایەن هێزە کاپیتالیستەکانەوە دەهێنرێت و ئەوان دروستى دەکەن. کار بۆ ئەوە دەکەن، کە تێگەیشتنێکى لەو جۆرە دروست بکرێت و گەلانى ناوچەکە وابەستەى خۆیان بکەن، بەڵام چارەسەریى راستەقینە بەو جۆرە بەدی نایەت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەستوەردانى هێزە دەرەکییەکان کێشەکان ئاڵۆزتر و قورستر دەکات".

 'دەبێت پلاتفۆرمى تێکۆشانى هاوبەشى گەلان دروست بکرێت'

زیلان تانیا هاوسەرۆکى کۆدار لە کۆتایى قسەکانیدا ئەوەى وت "بۆ ژیانێکى دیموکراتیک و هاوبەش، پێویستی بە پرۆژە و تێکۆشان هەیە، ئیرانی ئازاد و دیموکراتیک بە تێکۆشانى هاوبەش بەدی دێت. بۆ نمونە بۆ ئەوەى کورد کێشەکان چارەسەر بکەن، دەبێت خاوەنى پرۆژە بن. عەرەبیش هەر بە جۆرە و گەلانی تریش. کورد، عەرەب و گەلانى تر بۆ ئەوەى قەیران و کێشەکانى سیستم چارەسەر بکەن دەبێت خاوەنى پرۆژەى چارەسەریى هاوبەش بن، دەبێت بوارى ژیانى هاوبەش بخوڵقێنرێت. دەبێت بوارێکی لەو جۆرە دروست بکرێت، کە پێکەوە لەسەر کێشەکان گفتوگۆ بکەن، کێشەکان پێناسە بکەن و چارەسەری بخەنەڕوو. زۆر گرنگە کە پلاتفۆرمی تێکۆشانى هاوبەشی گەلان بئافرێنرێت. بە تێکۆشانێکى لەو جۆرە دەکرێت ئێرانی یەکێتیى دیموکراتیکى گەلان بەدی بێت".

ر.م