کۆدار: کورد نابێتە دارستى هیچ هێزێکى ناوچەیى و نێودەوڵەتی

کۆدار لەبارەى تەرخانکردنى پارە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ پاکتاوکردنی هەڤاڵانى پێشەنگی بزووتنەوەی ئازادیى کوردستان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. کۆدار رایگەیاندووە، سیاسییەکانى ئەمریکا ناسینێکى ساکاریان لە کۆمەڵگەى کوردستان هەیە و سەریان لێشێواوە.

کاردانەوەکان لە دژی سیاسەتى ئەمریکا بۆ تەرخانکردنی پارە بۆ پاکتاوکردنی هەڤاڵانى پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان، بە پێشەنگایەتیى پەکەکە، بەردەوامیى هەیە. لەو چوارچێوەیەدا هاوسەرۆکایەتیى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆداردا هاتووە، جەمسەرگیریى نوێ لە دنیادا لە شکڵگرتندایە. جەمسەرگیرییەکان بەپێی بەرژەوەندیى دەوڵەتە بەشداربووەکان و دژەکان و تێڕوانینى دارایی و سیاسیی ئەو دەوڵەتانە گۆڕانکاریى بەسەردا دێت. لەو چوارچێوەیەشدا ئەو بڕیار و  شانۆ پڕوپاگەندەییە، کە لەم چەند رۆژەى رابردوودا لەلایەن ئەمریکاوە گیرایە بەر نیشانەى سەرلێشێوایى سیاسیى ئەمریکایە لە چۆنیەتیى مامەڵەکردن لەگەڵ زلهێزەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەرکەوتەی ئەوەش لە سیاسەتی بانێک و چەند هەوای سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر بە گەلی کورد دەبینرێت، کە بەرامبەر بە هەڤاڵانمان جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان ئەنجامیداوە. ئەوەش نیشانەى دوژمنایەتیى دێرین و ئایدۆلۆژییە لەگەڵ بزووتنەوەى سۆسیالیستیى گەلی کورد دا.

کۆدار لە راگەیاندراوەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە، ئەو جۆرە بڕیارە بەردەوامیى سیاسەتەکانى ئەمریکایە، لە بوشی باوکەوە تاوەکو دۆناڵد ترامپ درێژکراوەتەوە. ئەو جۆرە سیاسەتەش لەلایەن بوشەوە بە سیاسەتى "یان لەگەڵمانی یان دوژمنمانی" پێناسە کراوە.

کۆدار راشیگەیاندووە، لە راستیدا ئەوە دەزانین، ئەو سیاسەت و پڕوپاگەندانە بە زەقی نیشانەى ئەوەن، کە ئەمریکا سیاسەت و تێڕوانینی سەربەخۆی بزووتنەوەى نوێى ئازادیخوازانەى گەلی کوردی پێ قبوڵ ناکرێت، کە خۆی لە چوارچێوەى هێڵی سێیەدا پێناسە کردووە. هێڵی سێیەم بە مانای سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و سیستمێک دێت، کە بەدوور بێت لە جەمسەرگیرییە باوەکانی جیهانی سەرمایەداری لە ناوچەکە و جیهاندا. ئەو هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەیە نیشانەی نەناسین و ناشارەزایى دەوڵەتە بازرگانەکەى ئەمریکایە لە راستی و بوونی گەلی کورد دا.  

لە راگەیاندراوەکەى کۆداردا ئەوەش هاتووە، کاردانەوەى گەلی کورد لە سەرتاسەری جیهان لە دژی ئەو بڕیار و سیاسەتەى ئەمریکا نیشانەى ئەوەیە، کە بڕیارەکە بەدوورە لە هەموو پێوەرە یاسای و پێوەرەکانى مافەکانى مرۆڤ و ئەوەش جارێکیتر دەیسەلمێنێت، کە سیاسییە پیشەکانى ئەمریکا بەشێوەیەکى ساکار و سادە تێگەیشتنیان بۆ راستییە مێژوییەکان و کۆمەڵگەى کورد هەیە.

کۆدار ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەبێت ئەمریکا و هێزە ناوچەی و جیهانییەکان لەوە تێبگەن و قبوڵی بکەن، کە کورد بەپێى ئەزموونە تاڵەکانی لە مێژووی سەردەمى مۆدێڕندا، ئیتر نابێتە داردەستى هیچ هێزێک. کورد ئێستا خاوەنی بونیاد و چوارچێوەى سیاسی و ئایدۆلۆژیى تایبەت بە خۆیەتى و بەپێى بەرژەوەندییەکانى گەل و بنەما دیموکراسییەکانی سیاسەت دەکات.

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى کۆداردا هاتووە، کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) هاوکات لەگەڵ ئیدانەکردنی ئەو کردەوە نا ئەخەلاقی و نایاساییە، کە پێچەوانەى هەموو مافە مرۆیى و گەردونییەکانە، داوا لە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان و جیابیران و سۆسیالیستەکان و ئازادیخوازانى ئێران دەکات، کە کاردانەوەى شۆڕشگێڕانەیان بەرامبەر سیاسەتە پاوانخوازانەکەى ئەمریکا هەبێت.

ر.م