کۆمپانیایەکی تورکی بازاری قەیسەری کەرکوکی داگیر کردووە، دووکاندارەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی

دووکاندارەکانی بازاری قەیسەری کەرکوکی مێژوویی، دژی داگیرکردنی دووکانەکانیان لەلایەن کۆمپانایەکی تورکیەوە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

بازاڕی قەیسەری شاری کەرکوک ساڵیك و ٣ مانگ بەر ل ئیستا لە رووداوێکی تەم و مژاویدا سوتا، پاش ئەوەی کۆمپانیایەکی تورکی بە ناوی (تیکەی) کە سەر بە حکومەتی تورکیا یە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ نوێژنکردنەوەی و دەستی بە نوێژنکردنەوەی کرد، بەلام لە کاتی کارکردندا بە چەندین شێوەی جیاواز هەوڵ درا لەلایەن ئەو کۆمپانیایە وە ئەو قەیسەرییە بکەنە قەیسەریەکی عوسمانی، دواین هەوڵی ئەو کۆمپانیایەش لادانی زمانی کوردی بوو لەسەر تابلۆی قەسەری کەرکوک و تەنها زمانی عەرەبی و تورکی لەسەری نووسراوە. ئەمەش نیگەرانی دووکاندارەکانی بازارەکە و هاوڵاتیانی کوردی شاراکەی لێکەوتەوە و پاشان زمانی کوردیان گەراندەوە سەر تابلۆکە.

دوای سووتاندنی قەیسەرییەکە بەڵێن بە هاوڵاتیان درا کە لە ماوەی ٤٥ رۆژدا نوێژەن بکرێتەوە و رادەستی خاوەنەکانیان بکرێتەوە و خاوەن دووکانەکان قەرەبوو بکرێنەوە، بەلام ساڵێک و ٣ مانگ تێپەری هێشتا نەدراوەتەوە بە خاوەنەکانیان.

نیوەرۆی ئەمرۆ سێشەممە دووکاندارەکانی بازاری قەیسەری کەرکوک دژی داگیرکردنی دووکانەکانیان لەلایەن کۆمپانایەکی تورکی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

 رزگار جومعە بە ناوی دووکاندارەکانی بازاری قەسەری کەرکوک قسەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند و ڕای گشتی کرد و وتی: " ١٤٠٠ خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم دووکانانەیە بۆیە دوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پاریزگاری کەرکوک دەکەین کە بەزووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، ماوەی ساڵێک و سێ مانگە ١٤٠٠ خێزان بژێوی ژیانیان بڕاوە."

هەروەها رزگار جومعە ڕاشیگەیاند، ماوەی چوار مانگە نوێژەنکردنەوەکە بە هەموو شێوەیەک تەواو بووە، بەڵام دووکانەکانیان رادەست ناکەنەوە وتی:"ئێمە پرسیار لە پاریزگاری کەرکوک و سەرۆکی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەکەین کە بۆ شاری کەرکوک کە شارێکی عێراقیە چاوەروانی بەرپرسێکی تورک دەکەن، دووکانەکان بکاتەوە.

ئیحسان غایب کاکەیی دووکاندارێکی ئەم قەیسەریەیە دەربارەی ڕادەستنەکردنەوەی دووکانەکانیان و داگیرکردنی دووکانەکان لەلایەن کۆمپانیای تیکەی تورکی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند، بە ووتەی کۆمپانیاکە هۆکاری ڕادەستنەکردنەوەی دووکانەکان ئەوەیە کە چاوەروانی باڵوێزی تورکیا دەکەن بۆ کردنەوەی بازارەکە و وتی:" لە ئیستادا بەهۆی داگیرکردنی دووکانەکانمانەوە لەلایەن ئەو کۆمپانیا تورکیەوە ١٤٠٠ خێزان بژێوی ژیانیان بڕاوە و نەدانەوەی ئەم دووکانانە مەرامێکی لەپشتەوە هەیە."

هەروەها ئیحسان غایب کاکەیی ڕاشیگەیاند، خاوەن دووکانەکان هەموویان بێ ئیش و کارن لە ئیستادا بەهۆی داگیرکردنی دووکانەکانیانەوە، خاوەن دووکان هەیە جەڵتەی دڵ لێیداوە لە خەفەت داگیرکردنی دووکانەکەیەوە. کۆمپانیا تورکی-یەکە پێمان دەلێت تا باڵویزی تورکیا یەیێت بە فەرمی بۆ کردنەوەی ئەم بازارە، ئێمە دووکانەکان ڕادەست ناکەینەوە. ئێمە بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم دووکانانەیە بۆیە ناتوانین چاوەروانی باڵوێزی تورکیا بین."

ئیحسان غایب کاکەیی هەروەها رایگەیاند، ئێمە لێرە گردبووینەتەوە تا دوا مۆڵەت بدەین بە ئەو کۆمپانیا تورکیە کە ئەگەر کاتێک دیاری نەکات بۆ کردنەوەی بازارەکە ئەوە ئێمە دەرگاکان دەشکێنین و دەچینە ناو بازاری قەسەری کەرکوک و خۆمان دووکانەکانی خۆمان چاک دەکەینەوە و بژێوی ژیانی خۆمان دابین دەکەین.

جێگای باسە لەلایەن هیزە ئەمنیەکانەوە رێگری کرا لە رۆژنامەنووسان کە رووماڵی چالاکییەکە بکەن و ڕێگە نەدرا دیمەنی بازاری قەیسەری کەرکوک رووماڵ بکرێت لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان هیزە ئەمنیەکان و ڕاگەیاندکاران.

ز.ش