کۆڵبەڕێک لە کۆڵبەرە بریندارەکانى دوێنێ گیانى لە دەستدا

هێزەکانى رژێمى ئێران دوێنێ لە ناوچەى سەلاسی باوەجانی لە کرماشامان تەقەیان لە کۆڵبەرانى کورد کرد و کۆڵبەڕێکیان کوشت و ٢ کۆڵبەری تریشیان بریندار کرد. ئەمڕۆ یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان بەهۆی قورسیى برینەکەیەوە گیانى لە دەستدا.

هێزەکانى رژێمى ئێران دوێنێ لە ناوچەى سنووری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگاى کرماشانى رۆژهەڵاتى کوردستان تەقەیان لە کۆڵبەرانى کورد کرد و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێکى کورد بە ناوی برومەند بەهرامی کوژرا و ٢ کۆڵبەری تریش بە ناوەکانى ئەرکان بەهرامی و هوشیار نەمامی بە قورسی بریندار بوو بوون.

٢ کۆڵبەرە بریندارەکە گواسترابوونەوە بۆ نەخۆشخانەى ئەزگڵە و ئەمڕۆ هوشیار نەمامی بەهۆی قورسیى برینەکەیەوە گیانى لە دەستدا. ئەرکان بەهرامیش هێشتا بەهۆی قورسیى برینەکەیەوە لە ژێر چاودێریى پزیشکدایە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنج شەممە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژێمی ئێران ٦ کۆڵبەر کوژراون و ١٤ کۆڵبەری تر بریندار بوون.

ر.م