کەجەدە: بێدەنگى بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر کۆبانێ تاوانە
کەجەدە رۆژی جیهانیى کۆبانێی پیرۆز کرد و رایگەیاند "کۆبانێ ئەمڕۆ دیسانەوە بووەتەوە بە ئامانجی هێرشی هێزە داگیرکەر و فاشیستەکان".
کەجەدە رۆژی جیهانیى کۆبانێی پیرۆز کرد و رایگەیاند "کۆبانێ ئەمڕۆ دیسانەوە بووەتەوە بە ئامانجی هێرشی هێزە داگیرکەر و فاشیستەکان".
کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە - KCD) راگەیاندراوێکى بە بۆنەى ١ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیى کۆبانێ بڵاوکردەوە و ئەو رۆژە جیهانییەى پیرۆز کرد.
لە راگەیاندراوەکەى کەجەدە دا ئاماژە بەوەکراوە، هێزە نۆکەر و داگیرکەرەکان بۆ ئەوەى شۆڕشی رۆژئاوا بسڕنەوە و لە ناوی ببەن پێشکەوتوترین چەکیان دایە دەستى چەتەکانیان و بەریاندانە کۆبانێ و خواستیان ئەو شۆڕشە، کە لەو شارەدا ئافرێنراوە، بخنکێنن.
کەجەدە راشیگەیاندووە، گەلانى بەرخودێری بە پێشەنگایەتیى گەلی کورد لە دژی چەتەکانى داعش کە دوژمنی سروشت، مرۆڤایەتى و مێژوون، بە بەهێزی خۆڕاگرییان کرد و بە گیانفیدایى کۆبانێیان پاراست.
"کۆبانێ بووە ناوەندی شۆڕش"
لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەى کەجەدە دا هاتووە، چالاکییەکەى ئارین میرکان، کە یەکێکە لە سیمبولەکانى بەرخودانى کۆبانێ، پێشەنگایەتى بۆ رزگاریى کۆبانێ کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە "هەزاران بەرخودێر، کۆڵان بە کۆڵان، ماڵ بە ماڵ لە دژی چەتە دواکەوتووە و کۆنەپەرستەکان شەڕیان کرد و شۆڕشی رۆژئاوایان گەیاندە ناو گەلانى جیهان. شۆڕشگێڕان لە هەر چواری لای جیهانەوە لە کۆبانێ لە دژی چەتەکان شەڕیان کرد و کۆبانێیان کردە ناوەندی شۆڕش. لە کۆتایى ئەو بەرخودانەدا لەسەر داواى زانایان، رۆشنبیران، نووسەران و سیاسەتمەدران لە سەرتاسەری جیهان، ١ی نۆڤەمبەر بە رۆژی جیهانیى کۆبانێ راگەیاندرا".
"جارێکیتر هێرشی فاشیستانە دەکرێتەوە سەر کۆبانێ"
کەجەدە لە راگەیاندراوەکەیدا سەرنجی خستەسەر هێرشەکانی دژ بە کۆبانێ و رایگەیاند "کۆبانێ ئەمڕۆ دیسانەوە بووەتە ئامانجی هێرشی هێزە داگیرکەر و فاشیستەکان. ئەوانەى وتیان "کۆبانێ دەکەوێت" و پشتیوانیان لە چەتەکانى داعش کرد، بە هۆی توڕەییان لە تێکشکاندنی خۆیان، لە ساڵیادی ئازادیى کۆبانێ دا جارێکیتر دەستیان کردووەتەوە بە هێرشکردنە سەر کۆبانێ و هەوڵ دەدەن رۆح بکەنەوە بە بەر چەتەکانیاندا. ئەوانەى لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ بن، تاوانبار دەبن بەرامبەر بە بەهاکانى مرۆڤایەتى.
ئێمە هەموو شەڕڤانانی ئازادی و شۆڕشگێڕانی ئینتەرناسیۆنالیست، کە لە بەرخودانى کۆبانێ دا گیانى خۆیان بەخشی بە قەرزدارییەوە یادیان دەکەینەوە. ئەو رۆژەش، کە رۆژی سەرکەوتنى بەرخودانى گەلانە، پیرۆز دەکەین".
ر.م