کەجەکە: پێویستە گەلەکەمان هاوکاریی بومەلەرزەلێدراوانی خۆی بکات

کەجەکە لەبارەى بومەلەرزەکەى خۆی لە رۆژهەڵاتى کوردستان رایگەیاند "بەبێ ئەوەى داواى هاوکاری لە دەوڵەت بکەن، دەبێت گەلەکەمان و رێکخراوەکانى هاوکاری و پشتیوانى لەو کەسانە بکەن، کە پێویستییان بە هاوکاری هەیە".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەرێوەبەریی کەجەکە لەبارەى بومەلەرزەکەى ناوچەى خۆی لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتى کوردستان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە:

"لە خۆی لە رۆهەڵاتى کوردستان بومەلەرزە روویدا و کاریگەریى لە وان و ناوچەکانى دەوروبەری کرد. ئەلباک و قەلقەلی و سەرای بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەوە هەژان. بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەیان کەس بریندار بوون و تاوەکو ئێستا کەس گیانى لەدەست نەداوە و بەگشتی ژمارەی قوربانیان روون نییە. لە ئەلباک ١٠ کەسمان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکى زۆریش برینداربوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەین، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لە دەستداوە و داواى هەر چی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەکەین.

لەبەر ئەوەى دەوڵەت بە ئەندازى پێویست ئامادەکاری و پلانی نییە، لە کاتی بومەلەرزە و کارەساتەکاندا ناتوانێت هاوکاریی خەڵک بکات. لەو کارەساتانەدا دەبێت خەڵک بە خێرایى خۆی رێکبخات و هاوکاری بگەیەنێتە بومەلەرزە لێدراوەکان. گەلی کورد ئەو کولتورەى هەیە (کولتوری گەل و کاری هەرەوەزی و بەدەمەوەچوون). کاتێک کارەساتێک روودەدات گەلەکەمان بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتى و ئەخلاقیی خۆی بەجێ دەهێنێت.

دەزانرێت لەم زستاندا ژیان زۆر قورس و دژوارە. لەبەر ئەوەش دەبێت گەلەکەمان هاوکاریى ئەو کەسانە بکات، کە خانوەکانیان رووخاون. یەکگرتنی کۆمەڵایەتیى دەتوانێت هەموو برینەکان ساڕێژ بکات. لەو رووەوە دەبێت یەکگرتوویى و هاوکاری لەلایەن گەلەکەمانەوە ئەنجام بدرێت. دەبێت ئەوە بزانرێت، کە هێزی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی لە هێزی دەوڵەت زیاتر و بەهێزترە.

گەلەکەمان هەم لە رۆژهەڵاتى کوردستان و هەم لە باکووری کوردستان لەگەڵ رێکخراوەکانیاندا دەبێت هاوکاری و یارمەتیی بومەلەرزە لێدراوەکان بکەن. هەر خۆی لە خۆیدا گەلەکەمان چاوەڕێی هاوکاری و یارمەتی لە دراوسێکان و گەلەکەى خۆی دەکات نەک دەوڵەت.

دیارە زیانەکە لە رۆژهەڵاتى کوردستان گەورەترە. دەبێت گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان یەکگرتوانە هاوکاریی بومەلەرزە لێدراوان بکەن. گەلەکەشمان لە هەموو پارچەکان و گەلەکەمان لە دەرەوەى وڵاتیش دەبێت هاوکاری و یارمەتیى پێویست بکەن.

کاپیتالیزم دەیەوێت کۆمەڵگەیى بوون و یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکان بکوژێت و ئەوەش دەبێتە هێرشێک بۆ سەر کولتور، رۆشنبیری، ئەخلاق و ویژدانی گەلان. گەلی کورد لە مێژوودا لە دژی تاکەکەسپارێزی و ماددیپارێزی بە کۆمەڵگەییى بوونێکى گەورەى خوڵقاندووە و خۆڕاگریی کردووە. گەلەکەمان دەتوانێت بە بەرخودانی گەورە کاریگەریی هەموو کارەساتەکان کەم بکاتەوە.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەى ئئەو کەسانە دەکەین، کە لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە و داواى هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارانى بومەلەرزەکە دەخوازین".

ژ.ت

گوندییەکانى خۆی نیگەران و ناڕازین؛ بێحاڵ و ماڵن و چاوەڕێی هاوکارین