کەنەکە پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و تێکشکانی داعشی پیرۆز کرد

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و تێکشکاندنی داعشی پیرۆز کرد.

کۆبانێ لە 19ی تەموزی 2012 چەخماخەی شۆڕشی رۆژاوای کوردستانی لێدا. هێزەکانی رژێمی سوریای دەرکرد و بەڕیوەبەرێتی شاری گرتە دەست خۆی. کۆبانێ یەکێک لە کانتۆنەکانی رۆژاوای کوردستانە کە لە 27 کانونی دووەمی 2014دا دامەزرا. هەربۆیەش کۆبانێ بەو دەستپێشخەری و بەرخۆدانەی خۆی بوو بە ئامانجی هێزە داگیرکەرەکان.

داعش کە لە رەگەزپەرستانی ناوچەکەو جیهادیستەکانی جیهان پێکهاتبوو، سەرکەوتنی کوردستانیانی لە رۆژاوای کوردستان پێ قبوڵ نەئەکرا، هێرشی کردە سەر کۆبانێ. هەموو داگیرکەرانی کوردستانیش بەو هێرشە شادمان بوون. بەڵام پشتیوان و یاریدەدەری هەرە بەهێزی داعش، دەوڵەتی تورکیا بوو. تورکیا بە مەبەستی تەفروتوناکردنی کورد لە "باکوری سوریا"، بە فراوانی هاوکاریی لۆجستیکی داعشی کرد. داعش کە لە تەلکۆچەرو تەلخەلەف تێکشکا بوو، داخی ئەو شکانەی بە کۆبانێ رشت و هێرشی کردە سەری.

كۆبانێ کە لە ئەیلولی 2014وە کەوتبووە بەر هێرشەکانی داعش، بەرخۆدانێکی مەزن و بێوێنەی کرد. داعش داگیرکردنی کۆبانێی کردبووە ئامانجێکی سەرەکی خۆی. بەڵام کۆبانیانیش بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانێیان کردبووە ئامانجی مان و نەمانی خۆیان. کۆبانیان بە پێشەنگی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکی مەزنیان رێکخست. ئیدی کۆبانێ بوو بە مەیدانی جەنگ دژی وەحشییەت. کوردستانیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاش لەسەر بنەمای ئەو راستییەی کۆبانێ هەڵوێستی خۆیان دیاریی کرد.

کۆبانێ لە سەرانسەری کوردستاندا بوو بە ناوەندی بەرگریی. بۆ جیهانیش بوو بە سومبوڵی رووناکیی. کوردان لە هەوڵداندا بۆ پاراستنی کۆبانێ بوون بە یەک. لە باکور، باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان گەریلا، لە باشوری کوردستان پێشمەرگە، چوون بە دەنگ یەپەگە و یەپەژە و خەڵکی کۆبانێوە. لە سەرانسەری کوردستان و لە دەرەوەی ولاتیش بە سەدان کوردستانیان روویان کردە کۆبانێ و بە فیداکاریی شانبەشانی کۆبانیان شەڕی پاراستنی وڵاتیان کرد. کۆبانێ بوو بە سەنگەری نیشتمانپەروەرانی کوردستان. دنیای مرۆڤدۆست و دیموکراتیش بە بەرخۆدانی کۆبانیان و خەڵکی کوردستان سەرسام بوون و پشیوانییەکی بەهێزیان پیشاندا. هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعشیش هاوکاریەکی مەزنی سەربازی و مرۆیی کرد. کۆبانێ بەو هەنگاوە بەرز و بەهێزەی رێککەوتنی ناوخۆیی و  بە پشتیوانیی دنیای دیموکرات، لە 28ی کانوونی دووەمی 2015دا لە تاریکستانی داعش رزگار کرا.

بەرخۆدانی کۆبانێ بوو بە سەرەتای تێکشکانی داعش. داعش یەکەمین گورزی بەهێزی تێکشانی لە کۆبانێ بەرکەوت. دوای سەرکەوتنی کۆبانێ، هێزەکانی رزگاریی هەنگاو بە هەنگاو کەوتنە راونانی داعش و تەواوی ناوچەکانیان بە رەقەی پایتەختیشیانەوە، لێ پاک کردنەوە.

چوار ساڵ دوای ئازادکردنی کۆبانێ و لە چوارەمین ساڵوەگەڕیدا، دوا گوندی ژێر دەستی داعش لە داعش پاککرایەوە. ئێستاش دەستی داعش لە هیچ شار و شارۆچکەو گوندێکدا نەماوە. ئەمەش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی سەرکەوتنێکی گەورەو بەهادارە. ئەم سەرکەوتنەش هی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوکار و هاوپەیمانەکانیانە. ئێمە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە قەسەدەو هاوکارەکانی ئەکەین.

هەروەها ئێستا هەفتەی ساڵوەگەڕی دامەزراندی کانتۆنەکانی رۆژاوای کوردستانە. هەروەک ئەزانن لە 21.01.2014دا کانتۆنی جزیرە، لە 27.01.2014دا کانتۆنی کۆبانێ و لە 29.01.2014دا کانتۆنی عەفرین دامەزران و راگەیەنران. سەرکەوتنی کۆبانێ و تێکشکانی تەواوی داعشیش لە هەمان هەفتەدا بەدیهات. ئێمە ئێستا پیرۆزبایی 3 سەرکەوتن بە یەکەوە ئەکەین.

ئەم سەرکەوتنانە بە قوربانییەکی زۆر، بە خوێنی هەزاران گیانبەختکردوو، بە رەنج و تێکۆشانی بەرخۆدەران بەدیهاتن. ئێمە سەرەتا شەهیدان و بەرخۆدەرانی کۆبانێ، رۆژاواو هەموو کوردستان، بەڕێز و شکۆوە بە بیردێنینەوەو لەو یادەدا سەری رێز لە بەرامبەریان دائەنەوێنین.

هەروەها ئێمە پێنجەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و شەشەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆنتۆنەکانی رۆژواو تێکشکاندنی داعش، لە گەلی رۆژاوا و تەواوی کوردستان و جیهان پیرۆز ئەکەین. سەرکەوتن بۆ شۆڕشی رۆژاوا ئەخوازین.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ك ن ك

برۆکسل 26.01.20120