کەنەکە: ڕوناکی کوردستان تارمایی داعشی لەناوبرد
"لە شەڕی داعش وهاوکارەکانی، ئێمە بەهای گەورەماندا و سەرکەوتین. ئەوسەرکەوتنە زۆر مەزنە، بەوبۆنەیەوە داوا لەگەلی کورد و دۆستەکانیان دەکەین کە ئەوسەرکەوتنە بە خرۆشەوە پیرۆزبکەن."
"لە شەڕی داعش وهاوکارەکانی، ئێمە بەهای گەورەماندا و سەرکەوتین. ئەوسەرکەوتنە زۆر مەزنە، بەوبۆنەیەوە داوا لەگەلی کورد و دۆستەکانیان دەکەین کە ئەوسەرکەوتنە بە خرۆشەوە پیرۆزبکەن."
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بەبۆنەی سەرکەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە بەسەرچەتەکانی داعشدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە وپیرۆزبایی ئەوسەرکەوتنەی کرد.
دەقی بەیاننامەکەی کەنەکە:
"داعش وەک هێزێکی تاریک لە عێراقەوە تا باشووری کوردستان و تا ناوەڕاستی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، لە ناوچەیەکی فراواندا تێرۆرێکی بێسنووری دەستپێکرد. لە ناوچە عەرەبنشینەکان هەر لە ئەنبار و موسڵی عێراقەوە تا رەقەی سوریا سیستەمێکی دڕندەو دژە مرۆڤایەتی دامەزراند کە بۆ هەتایە لەبیر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ناچێتەوە. داعش بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامیی سیستەمی فاشستی و دواکەوتووی خۆی دامەزراند. ئەو هێزە لە زۆر رووەوە لەسەر بنەمای تەفروتوناکردنی کوردان خۆی داڕشتبوو. داعش لە کاتێکدا کوردی وەک هەڕەشەیەکی مەزن بۆ خۆی ئەبینی، لە هەمانکاتا کوردی وەک هێز و پێگەیەکیئ لاواز ئەبینی، لەبەرئەوە پەلاماری کوردستانی دا.
ئەم پراکتیکەی ئەوان هەر لە ساڵی ٢٠١٤وە لەیەک کاتا لە هێرش بۆسەر موسڵ و شەنگاڵ و مەخمور و کۆبانێ دا بە روونی رەنگی دایەوە. هەروەها هەر لە دێرەزورو رەقەوە هەتا منبەج سیستەمە دڕندانەکەی خۆی دامەزراندبوو ژیانی لە خەڵک تاڵ کردبوو. لەو کات و ساتانەدا کوردان و هاوپەیمانەکان لە خەڵکی خۆجێی وەک ئاسوری-سریانی-کلدانی، عەرەب و ئەوانی دی، پێکەوە خۆیان رێکخست و بەرخۆدانێکی بێوێنەیان لەدژی داعش دەستپێکرد. هەروەها هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعشیش لەو پرۆسەیەدا خۆی رێکخست و شانبەشانی هێزە کوردستانییەکان، هێرشەکانی داعشیان پەکخست و پاشەکشەیان پێکردن.
لە باشووری کوردستانەوە تا رۆژاوای کوردستان رێکەوتنێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ناوخۆی کوردانیش لە دژی هێزی داعش پێکهات. ئیتر لە سەرانسەری کوردستان و هەندەرانیش پشتیوانی و خاوەندارێتیی گەیشتە ئاستێکی بڵند. هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و گەریلا و پێشمەرگە، بەتایبەتی لە پاراستنی شەنگاڵ و مەخمورو کەرکوک و کۆبانێدا، شانبەشانی یەکتر تێکۆشانێکی مەزنیان کرد.
کۆبانێ خۆی بووە سیمبوڵی پاراستنی کوردستان لە شەڕی داعشدا. کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بە گشتی پشتگیرییەکی باشی بەرخۆدانی کۆبانێ و کوردستانی کرد.
دەوڵەتی تورکیاش کە هاوکاری داعش و هێزە توندڕەوو تێرۆریستەکانی تر لە دژی کوردان بوو، دوای تێکشکانی داعش راستەوخۆ کەوتە هێرش و پەلاماردان. ئێستاش بەردەوام هەڕەشەی پەلاماردانی رۆژاوا ئەکات.
لەسەرەتای ٢٠١٥دا و بە ئازادکردنی کۆبانێ ئیتر پاشەکشە بە داعش کرا. لە سەرکەوتنی کۆبانێوە هەموو هێزەکانی دژی داعش، هێزەکانی یەپەگ و یەپەژە، گەریلاو پێشمەرگە بە پشتیوانییی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی یەک لەدوای یەک ناوچەکانی ژێر دەستی داعشیان رزگار کرد. شایانی باسە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ئازادیخواز و دیموکراتخوازی ئینتەرناشناڵ بەشدارییەکی بەرچاویان لە شەردا دژی داعش کردو ژمارەکیشیان گیانیان لەدەستدا.
بە ئازادکردنی شەنگاڵ، منبەج، موسڵ و دواتر رەقەی پایتەختی داعش، ئیدی ئەو هێزە تێرۆریستە بەرەو داڕمان چوو.
بەڵام خاڵی کۆتایی لەم رۆژانەدا بە هەڵمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە)، لە باخۆزی دێرەزور دانرا. بەو هەڵمەتە کە ناوی باهۆزی جزیرێی لێنرا، بە پێشەنگایەتی یەپەگەو یەپەژەو بەرخۆدانی هەموو هێزەکانی سوریای دیموکرات و پاڵپشتی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی، باخۆزیش ئازادکرا و دوایی بە داعش وەک هێزێکی سەربازیی هات و لە خاکی سوریادا دەرکران.
خەڵکی کوردستان دۆستانیان لەم شەڕەدا قوربانییەکی زۆریان دا. لەسەرانسەری کوردستان، لە پێکهاتەکانی رۆژاواو باکوری سوریا، بە هەزاران کەس، بە تایبەتیش گەنجان ژیانیان لەدەست داو شەهید بوون. ئەو سەرکەوتنە بە رەنج و فیداکاریی ئەو شەهیدانە بەدیهات. لە کەسێتی ئەواندا ئێمە بە رێز و شکۆوە هەموو شەهیدانی ئازادیی بەبیردێنینەوە و سەری رێز لە بەرمبەریان دائەنەوێنین و درێژە بە رێگایان ئەدەین.
سەرکەوتنی کوردستانیان و هاوپەیمانیی لە دژی داعش و هاوپەیمانەکانی لە مێژووی تێکۆشان دژی تێرۆریزم و رەگەزپەرستی و دواکەوتوویی رووداوێکی مەزن و مێژووییە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کە فیداکارییەکی بێوێنەیان کرد، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، گەریلا، پێشمەرگە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەروەها لە دۆستانی ناونەتەوەیی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەکات کە ئەو ناوچەیەو جیهانیان لە بەڵای داعش رزگار کرد.
لەو چوارچێوەیەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا ئەکات ئەو یەکدەنگی و هاوڕاییەی لە پڕۆسەی شەڕی داعشا کرا، بەردەوام بێت. هەتا هەموو هەوڵدانێکی تر بۆ درووستکردنی هێزێکی توندڕەوو دژە کوردستان شکست پێبێنن.
ئاشکرایە بۆ ئەم سەرکەوتنە گەورەیە قوربانییەکی زۆر درا. داوا لە خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی کوردستان ئەکەین بە دڵێکی گەرم و جۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لەم سەرکەوتنە بکەن و پیرۆزی بکەن."
ک٠ش