گردبوونەوەیەک بۆ شەرمەزارکردنی پلانگێری ١٥ی شوبات لە چەمچەماڵ بەرێوەچوو

لە شارۆچکەی چەمەماڵ لەلایەن کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجەلان گردبوونەوەیەک ئەنجامدار بۆ شەرمەزار کردنی پڵانگێری ١٥ی شوبات

ئێوارەی ئەمرۆ لەباخچەی گشتی لە شارۆچکەی چەمچەمال لەلایەن کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجەلان گردبوونەوەیەک ئەنجامدار بۆ شەرمەزار کردنی پڵانگێری ١٥ی شوبات کە ٢١ ساڵ لەمەوبەر، لە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتیدا کە چەندین وڵاتی جیهان تێیدا بەشداربوون، لە ١٥-٢-١٩٩٩، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، لە کینیا ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی فاشستی تورکیا کرا، لەوکاتەوە تا ئێستا لە گرتوخانەی ئیمرالی لە گۆشەگیرییەکی سەختدایە.

 لە ساڵرۆژی ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتیدا لە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان چالاکی ئەنجامدرا بۆ شەرمەزار کردنی ئەو رۆژە ڕەشە، لە چوارچێوەی ئەو چالاکیانەش ئەمرۆ کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لە شاروچکەی چەمچەماڵ هەڵستا بە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەک بۆ شەرمەزار کردنی ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتیە.

بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجەلان لەلایەن کارزان قادر-ەوە خوێندرایەوە کە تیدا هاتبوو: "درێژەدان بە سیستەمی ئیمراڵی شەرمێکی مرۆڤایەتی-یە ئیدی بەسە ڕێبەر ئۆجەلان ئازاد بکەن، ٢١ ساڵ لەمەوبەر، لە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی قێزەوندا بە بەشداری چەندین وڵاتی، لە ١٥-٢-١٩٩٩، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، لە کینیا ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرا، لەو ساتەوە ڕێبەر ئۆجەلان لە زیندانی تاکە کەسی لە هەلومەرجێکی نا هەمواردا ژیان بەسەر دەبات، ڕێبەر ئۆجەلان هەر زوو درکی بەو مەترسیانەی سەر گەلی کورد کرد و ئەرکی پوچەل کردنەوە ئەو پڵانگێرییەی لە ئەستۆ گرت، لە رێگەی پەرتوک و مانیفەستو و بڵاوکرواەکانی، ڕێبەر ئۆجەلان توانی پلانگێریەکان مایە پوچ بکاتەوە و بزاڤی گەلی کوردیشی خستە سەر رێگای تێکۆشانی خۆی."

هەروەها کارزان قادر وتیشی: "رژێمی تورکیا نەک تەنها نیەتی ئاشتی خوازانەی ڕێبەر ئۆجەلانی بە هەند وەرنەگرت بەلکو زیاتر پەرەی بە گۆشەگیری و ئەنشکەنجەی دەرونیدا و هەروەها هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد و نوێنەرەکانی زیاد کرد بە شێوەیەک تا گەیشتە ئاستی قرکردن و نکۆلی سیاسی."

هەروەها کارزان قادر وتی: " ڕای گشتی و ئازادیخوازن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێ دەنگن بەرامبەر ئەو دڕندەیی و گۆشەگیریەی بەرامبەر ڕێبەری گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت، هەستیاری و نیگەرانی گەلەکەمان بەرامبەر دۆخی ڕێبەر ئۆجەلان گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر بڵند و کوردان ئەم نادادپەروەرییە قەبوول ناکەن کە دژ بە ڕێبەر ئۆجەلان دەکرێت."

لە کۆتایدا کارزان قادر وتی: "پێویستە کۆمەلگای نێودەوڵەتی بە ئەرکی ئەخلاقی خۆیان هەڵستن و ئەم شەرمە لەکۆل خۆیان بکەنەوە، ئێمە وەکو کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجەلان لە ٢١-مین ساڵوەگەری ئەم پڵانگێریە ئەم رۆژە ڕەشە مەحکوم و ئیدانە دەکەین و خۆمان بە خاوەنی ئەم ڕێبەر و بیرمەندە دەزانین داواش دەکەین ڕێبەر ئۆجەلان بە زووترین کات ئازاد بکرێت و ئێمەش لە پێناو ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان هەمیشە لە نێو تێکۆشاندا دەبین."

ز.ش