گروپێک لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جەنگی حەفتانین بەشداری ریزەکانی گەریلا بوون

گروپێک لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشداری لە بەرخۆدانی جەنگی حەفتانین، بە دروشمی؛ “کات کاتی گەریلایەتییە، ڕۆژ ڕۆژی ئازادییە”، بەشداری ڕیزەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بوون.

ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز بڵاویکردەوە، گروپێک لە ژنانی گەنج و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بانگەوازی سەفەربەری بۆ جەنگی حەفتانین، بە دروشمی؛ “کات کاتی گەریلایەتییە، ڕۆژڕۆژی ئازادییە”، بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بەشداربوونی خۆیان لە ڕیزی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و بەرخۆدانی حەفتانین ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کات کاتی گەریلایەتییە، لە دۆخیکی وەهادا کە کوردستان بووەتە ناوەندی شەڕی سێیەمی جیهانی، گەلەکەمان ڕووبەڕووی قڕکردنێکی قورسی دەرونی و جەستەیی بووەتەوە، تەنها بەرخۆدانی فیداییانە، هەمەلایەنە و ڕادیکاڵ دەتوانێت ببێتە ڕێبازی خۆگەیاندن بە ئازادی، ڕێبەر ئاپۆ بە فکر و ڕامانی خۆی، وەک نوورێک پێشەڕۆژ و پاشەڕۆژی ئێمەی ڕووناک کردووەتەوە و ڕێگەچارەی ئەخلاقی و مرۆڤانەی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئازادیخوازی پێشکەشکرد، بەڵام فشار و ئەشکەنجەیان لەسەری زیاتری کرد، ئەمەش ئەم ڕاستییە دەردەخات کە داگیرکەر بە هەموو شێوازێک دەیەوێت قڕمان بکات و لەناومان ببات.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئێمەش وەک ژنانی گەنج و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی پیلانی تواندنەوە و قڕکردنی داگیرکەرانەی دەسەڵاتی ئێران کە لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەی دەبات و بەردەوامە لە کوشتن، گرتن و لەسێدارەدانی چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکی وڵاتپارێز و کۆڵبەران، هەروەها ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژینگەی کوردستان دەیکات و دەیسووتێنێت، بە چرۆسکی ئاگری شۆڕش داگیرکەر دەسووتێنین، هەروەها دژی ئەو هێرشە داگیرکەریانەی دەکرێتەسەر ناسنامەی ژنان، بە بەشداربوونمان تۆڵە دەکەینەوە.

لە درێژەی راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشیکراوە: گەریلایەتی تاقە ڕێی ئازادییە، سڵاو لە بەرخۆدانی ئەفسانەیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەکەین، ئەم بەرخۆدانە کە بە هزری ڕێبەر ئاپۆ و فەرماندەیی هەڤاڵ عەگید دەستیپێکرد، ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی گەریلا لە حەفتانین گەیشتووەتە ئاستی هەرەبەرزی خۆی و بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانێک کە خولیای ئازادییان هەیە بووەتە مایەیە سەربەرزی.

لەکۆتایی راگەیاندراوی ئەو گروپە گەنجەى رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە: لەسەر ئەم بنەمایە، وەک ژنانی گەنج و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی وڵات بۆ هەڵمەتی “کات کاتی گەریلایەتییە و ڕۆژ ڕۆژی ئازادییە”، بەڵێن دەدەین کە بەرەو گەریلایەتی هەنگاو بنێین و داواش لە هەموو گەنجانی کورد دەکەین بەشداری ڕیزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان ببن و لە شەڕی ئازادیی کوردستان جێی خۆیان بکەنەوە.

ژ.ت