گەنجانی کەرکوک: بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی شەرمەزار دەکەین

گەنجانی کەرکووک ئیدانەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان.

گەنجانی کەرکووک لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا راگەیاندراوێکیان بۆ ئیدانەکردنى بڕیاری داخستنى بارەگاکانى تەڤگەری ئازادی خوێندەوە و رایدەگەیەنن، ئەو بڕیارە، بڕیاری وڵاتانی دەرەکییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەجندای سیاسیی ولاتانی دەرەکی کە دوایین بڕیاریان بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی بوو.

 

نافدار حسێن بە نوێنەرایەتیى گەنجانى کەرکووک راگەیاندراوەکەى خوێندەوە و رایگەیاند "ئیدانەی ئەم کارە دەکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانوی نەبوونی مۆلەتی فەرمی هەستاوە بە داخستنی بارەگاکانی تەفگەری ئازادی و قەدەغەکردنی چالاکییەکانیان، بەڵام تەڤگەری ئازادی لە حکومەتی عێراق مۆلەتی فەرمیان هەیە و رێگە پێدراوە لە هەموو عێراق دا کار بکەن.

راشیگەیاند "بەڵام حکومەتی عێراق کار بەم بڕیارە ناکات و ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دراوە و ئەمەش بۆ لاوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەم جۆرە بڕیارانە خزمەت بە پرسی نەتەوەیی ناکەن. ئەم بڕیارە ئامانجی ئەوەیە خەتی خیانەت فراوانتر بکات و پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەستیارانە لەگەڵ ئەم بابەتە مامەڵە بکات و لە خەتی نەتەوەیی لانەدات و نەکەوێتە ژێر فشاری دەولەتی تورکیا و لە رێبازی مام جەلال لانەدات".

ئاماژەیان بەوشکرد "ئێمەش وەکو گەنجانی کەرکوک ئەو بڕیارە بە بریارێکی سیاسی و نائەخلاقی لە قەلەم دەدەین بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بریارە دەدەکەین. لە کۆتاییدا داوا دەکەین لە هەموو لایەن سیاسییەکان و رۆشنبیری و نووسەر و تەواوی چین تۆژەکانی کۆمەلگا ئیدانەی ئەم ئەم بڕیارە بکەن و ناڕەزایی دەرببڕن".

ر.م