یاڵچنداغ: دادگای مافی مرۆڤی ئەورویا بڕیار لەسەر ئازادیى پەرلەمانتارانى هەدەپە دەدات

پارێزەر یاڵچنداغ رایگەیاند، ٥ سکاڵایان بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانى پێشووی هەدەپە و ٧ پەرلەمانتاری تری هەدەپە لە دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا تۆمار کردووە و چاوەڕێ دەکەن دادگاکە لەوبارەیەوە بڕیاری خۆی ئاشکرا بکات.

رۆژی ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانى هەدەپە و ١١ پەرلەمانتار دەستگیرکران. ماوەی ٢ ساڵە هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە زیندانەکانى تورکیادان.

دواى ماوەیەک مافی پارێزبەندییان هەڵوەشێنرایەوە. سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانى پێشووی هەدەپە و ئیدریس بالوکەن سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە و نورسەل ئایدۆغان، سڕی سورەیا ئۆندەر، سەلما ئیرماق، زیا پیر، فەرهاد ئەنجو، گولسەر یڵدرم، لەیلا بیرلیک و  ئیمام تاشچەر دەستگیرکران.

دواتر سڕی سورەیا ئۆندەر، زیا پیر و ئیمام تاشچەر بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا ئازاد کران، بەڵام سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانى هەدەپە و ئیدریس بالوکەن سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە و عەبدوڵا زەیدان، فەرهاد ئەنجو، لەیلا بیرلیک، گولسەر یڵدرم و نورسەل ئایدۆغان زیندانیکران.

رەیحان یاڵچنداغ پارێزەری هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانى زیندانیکراوى هەدەپە لەبارەى زیندانیکردنیانەوە وتى، ٥ سکاڵایان لە دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) تۆمار کردووە. ئێستاش چاوەڕێن ئەو دادگایە لە ماوەیەکى کەمدا بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات.

یاڵچنداغ راشیگەیاند، دواى تۆمارکردنى سکاڵاکانیان بۆ ئازادیى هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانى هەدەپە، دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا داواى لە تورکیا کردووە بەرگری لە خۆی بکات. تورکیاش بەرگرییەکەى خۆی رەوانەى دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە. ئێستاش چاوەڕێى بڕیارى دادگاى مافی مرۆڤی ئەوروپان لەو بارەیەوە.

ر.م